خۆمان ماڵمان لە شوشەیە.!

‌سالار سەراوی


گۆڕان بزوتنەوەیەکی ئازا و بوێرە بەتایبەت لەوەدا کە لە ماوەیەکی کەم و دوای مەرگی کاک نەوشیروان، توانیان سکرتێرێک بۆ حزبەکەیان هەڵبژێرن. کە بە درێژایی سەد ساڵی رابردووی حزبی کوردی لە باشور هەنگاوی لەم چەشنە نەنراوە، کە ئەمە سادەترین و دیموکراسترین پرەنسیی دونیای حزبایەتی سەردەمیانە و سیاسیانەیە. 
ئەوەی جێی سەرنجە کادرەکانی یەکێتی پێش هەموو کادرەکانی گۆڕان کەوتونەتە بەرد تێگرتن لە ماڵە شوشەکەی گۆڕان، بێ ئاگا لەوەی خۆمان وەک یەکێتی ماڵمان لە شوشەیە.!

ئەو کادرانەی یەکێتی باشترە رەخنە لە حزبەکەی خۆمان بگرن، هەتا ئێستا کەس زاتی ئەوە ناکات بڵێ با ئێمەش سکرتێرێک بۆ یەکێتی هەڵبژێرین.!

ئاخر هەرچی دەم دەکاتەوە دەڵێ؛ کورسیەکەی مام جەلال هێڵی سورە، ئاخر چۆن حزبێک درێژە بە کاروانی خەباتی سیاسی دەدات بە بێ سەر.؟!

کادرەکانی یەکێتی رەخنە لە پیرەکانی گۆڕان دەگرن، لەکاتێکدا تێکڕای تەمەن لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی ٦٠ ساڵە، بۆیە هەر کاتێک حزبەکەی من گەنجی بردە پێشەوە، ئیدی مافی ئەوەم هەیە رەخنە لە گۆڕان بگرم کە گەنجی نەبردۆتە سەرکردایەتیەکەیەوە. یەعنی چی تۆ وەک گەنجێکی یەکێتی ناوێریت رەخنە بگری و هەموو رۆژێ رەسم لەگەڵ سەرکردەیەکی پیری ٦٠ ساڵەی یەکێتی دەگریت و لە فەیسبووک بە شان و باڵیدا هەڵ ئەدەی کەچی تەنها پیرەکانی گۆڕان دەبینی.؟! بەر لەوەی دەرزییەک بکەی بە خەڵکدا دەبێ سوژنێک بکەی بە خۆتدا.! 

پرسیارێکی تر، هەر ئێوە نین داهێنەری نازناوی قەبە قەبەی وەک ( دادە، کاکی کاکان، دکتۆری ئاوەدانی، مامی بچوک، پاشای ئارامی، بیرمەند و فەیلەسوف .... هتد.؟! ) بەسەر سەرکردە و پیرەکانی یەکێتیدا دادەتاشن.؟! گەر ئەمە عەیب نەبێ، بۆچی هەڵبژاردنی عومەری سەید عەلی و هاوڕێکانی عەیبە بێ.؟!

گۆڕان لەم سێ ساڵەدا باجی هەڵەی ئەو کۆمەڵە گەنجە ئەدات کە برانە پێشەوە، جارێک د.شاهۆ سەعید بە کاک نەوشیروان دەڵێ؛ با ئەم پیر و چەکدارانەی ناو گۆڕان بکەینە دەرەوەی بزوتنەوەکە.؟!

کاک نەوشیروان دەڵێ؛ بونی ئەوان گرنگترە لە بونی تۆ، ئەوانە نیو سەدەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا سەروکاریان هەیە، گەر ئەمانە نەبن بە نوێژی نیوەڕۆ چاومان دەرئەهێنن. بەڵام رەنگە تۆ بەرگەی ئەم هەموو خراپەکارییەی یەکێتی و پارتی نەگریت.! لە راستیشدا وابوو هەر زوو شاهۆ سەعید قوچاندی.!

هەرچیەک بێ گۆڕان ئەو کلتورەی شکاند کە بە چەپڵە و هەل هەلە خەڵک بکەیت بە مەکتەبی سیاسی، بۆیە من وەک یەکێتیەک پیرۆزبایی و دەست خۆشی لە گۆڕان دەکەم، کە عومەری سەید عەلیان کردووە بە رێکخەری بزوتنەوەکە، کاک عومەر پیاوێکی بێ نەفس و پاکە لە هیچ بۆگەنیەکی ئەم وڵاتەوە نەگلاوە. 

گۆڕان باجی سیاسەتەکانی یوسف محمد و عەلی حەمە ساڵح و هاوشێوەکانیان ئەدا، دەرکەوت کە بە خەڵکانی بێ تەجروبە و نا سیاسی و خاوەنی بیری رق و کینە و توڕەیی نە سیاسەت دەکرێ و نە حزب دەچێت بەڕێوە.! 

ئیدی بەڵکو کاک عومەر و هەڤاڵەکانی لێرە بەدواوە هەنگاوێکی ئەرێنی و جدیتر لە ئاساییکردنەوەی دۆخی دژواری هەرێم بنێن، یاخود رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان و هەتا یەکگرتنەوەش بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ماوەیەکی زۆرە گەنجەکانی گۆڕان رێگرن لە جێبەجێکردنی، چونکە ترسیان لە پەراوێزخستنیان هەبوو.!
سالار سەراوی
۲٥ / ۷ / ۲٠۱۷


PM:04:23:25/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 3799 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی