چەلەحانێی بێزەنتی

‌خه‌بات عه‌بدوڵا

لە دانیشتنی رۆژی ۲۰۱۹/۱۰/۳۰ پەرلەمانی کوردستان یاسای تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی دەرکرد کە پێشتر داگیرکرابوون!

دانیشتنەکانی ئەم ماوەیەی پەرلەمانی کوردستان "چەلەحانێی بێزەنتی"مان وەبیر دەهێنێتەوە. خۆ چەلەحانێی بێزەنتیتان بەرگوێ کەوتووە؟

بەگوێرەی یەکێک لە گێڕانەوەکان ئەو دەمەی ئۆردووی عوسمانی بە سەرکردایەتی (محەمەدی دووەم) گەمارۆی کوستەنتینییەی پایتەختی رۆمە بێزەنتییەکانی داوە، ئەنجومەنی پیرانی بێزەنتە کە لەجێی پەرلەمانی ئێستا بووە، سەرگەرمی چەلەحانێیەکی لاهوتی چەند هەفتەیی بوون لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ مەلائیکەت (نێر)ە یان (مێ)؟ جگە لەوەش سەرقاڵی ساغکردنەوەی قەبارەی ئیبلیس بوون! ویستویانە بزانن کە ئیبلیس ئاخۆ هێند گەورەیە کە لە هیچ شوێنێکدا جێی نابێتەوە یاخود ئەوەندە بچوکە کە بە کونی دەرزیشدا گوزەر دەکات؟

سەرەڕای تکای چەندجارەی ئیمپراتۆر (کوستەنتینی یازدە) کە دەست لەم چەلەحانێیە بەردەن و چاکی مەردایەتی لێ هەڵکەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، کەس بەگوێی ئیمپراتۆری نەکردووە.

ئەنجومەنی پیران هێشتا سەرگەرمی چەلەحانێکەی خۆیان بوون کە ئۆردووی عوسمانی لە بەرەبەیانێکی ساڵی ١٤٥٣دا دەڕژێنە ناوشار و ناو هۆڵی ئەنجومەنی پیران و کوستەنتینییە داگیردەکەن و دەمودەست ئیمپراتۆر دەکوژن.

هەر لەو رۆژگارەشەوە ناوی شارەکە دەکرێتە (ئیسلامبوڵ؛ ئوستانە؛ ئیسەتنبوڵ) و محەمەدی دووەمیش بە (محەمەدی فاتیح) ناوزەد دەکرێت.


AM:08:48:01/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی