ئەنفال وەکو پرسی چارەنووس

‌خه‌بات عه‌بدوڵا


ئه‌نفال چ له‌ رووی زاراوه‌ ‌و چ وه‌كو چه‌مكێكی عه‌ره‌بی – ئیسلامی، پێش مانا سیاسییه‌كه‌ی مانای قووڵی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره ‌‌و دانه‌بڕاوی به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ هه‌یه‌. له‌ راستیدا ئه‌نفال له‌ رووه‌ كولتوری‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به‌ كولتوری تاڵانوبڕۆ و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وته‌وه‌ هه‌یه، ئەویش‌ له‌ ڕێی غافڵگیری‌ و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر‌ و حه‌ڵاڵكردنی سه‌ر‌ و ماڵی لایه‌نی په‌لاماردراوه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ باشترین كایه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ بتوانین له‌ ره‌گوڕیشه‌ كولتورییه‌كه‌ی ئه‌نفال له‌ هه‌ردوو ره‌هه‌نده‌ عه‌ره‌بی/ ئیسلامییه‌كه‌یه‌وه‌ بكۆڵینه‌وه‌، كایه‌ی سۆسیۆلۆژیایه‌.

ئه‌ڵبه‌ته‌ پێش بێگانه‌، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كۆمه‌ڵناس ‌و مێژوونووسی عه‌ره‌ب خۆیان، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بییان كۆڵیوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ره‌نگه‌ كه‌م لێكۆڵه‌ر به‌ چه‌شنی كۆمه‌ڵناسی عه‌ره‌بی عێراقی دكتۆر عه‌لی ئه‌لوه‌ردی ئه‌م بابه‌ته‌ی ته‌ی كردبێت. ئه‌لوه‌ردی سه‌ره‌ڕای هێنانه‌وه‌ی هه‌ندێ پاساوی نابەجێ بۆ دۆخی پریمیتیڤی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی كه‌ پێده‌چێت له‌ سه‌رێكه‌وه‌ بۆ خه‌فه‌كردنی تووڕه‌یی ئیسلامییه‌كان ‌و له‌ سه‌رێكی تریشه‌وه‌ له‌ ترسی قه‌ومییه‌ عه‌ره‌به‌كان بووبێت، به‌ڵام توێژینه‌وه‌كانی ئه‌و له‌سه‌ر دوالیزمی ژیانی ده‌شته‌كی(به‌ده‌وی)‌ و ژیانی شارستانی، تێزێكی گرنگ ‌و رستێك راستی حاشاهه‌ڵنه‌گری سه‌باره‌ت به‌ پایه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی‌ و هۆكاره‌ بنچینه‌ییه‌كانی مه‌یلی شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی خستۆته‌ روو.
ئه‌گه‌رچی ژیانی ده‌شته‌كی ستایڵێكی ژیانی تایبه‌ت نییه‌ هه‌ر ته‌نها به‌ عه‌ره‌ب، بۆ نموونە‌ مه‌غۆله‌كانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌شته‌كی بوون، به‌ڵام به‌ بڕوای زانایەکی تری عەرەب کە ئیبن خه‌لدونە، عه‌ره‌ب به‌ده‌ویترین گه‌لانی جیهانن. به‌هه‌مان شێوه‌ی ئیبن خه‌لدون، ئه‌لوه‌ردیش كۆكه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ تاڵانوبڕۆ له‌ رێی هێرش ‌و په‌لاماردانه‌وه‌ پایه‌یه‌كی گرنگی ژیانی ئێله‌ عه‌ره‌به‌ خێوه‌تنشینه‌كانی بیابان (به‌دو) بووه‌. ئه‌لوه‌ردی هه‌ر به‌مه‌وه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو پێی وایه‌ هیچ گه‌لێك له‌ گه‌لانی جیهان هێنده‌ی ده‌شته‌كییه‌كان مه‌یلیان بۆ كێشمه‌كێش ‌و شه‌ڕ نییه‌، به‌قسه‌ی ناوبراو ئه‌م شه‌ڕانگێزییه‌ی ده‌شته‌كییه‌كان پێوه‌ندی به‌ ژیانی قاتوقڕی بیابانه‌وه‌ هه‌یه‌. 

ئه‌لوه‌ردی له‌ كتێبه‌كه‌یدا:(توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌ سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق)، نووسیویه‌ ده‌ڵێت: "مه‌زنترین شتێك كه‌ پیاوی ده‌شته‌كی پێوه‌ی ده‌نازێت، زۆروزه‌وه‌ندی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی شه‌ڕه‌وه‌ چنگی ده‌كه‌ون. ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ حه‌ڵاڵترین موڵكی خۆی ده‌زانێت". 

له‌ قۆناغی جیاجیادا تاڵانوبڕۆ، كاولكاریی ‌و كوشتوكوشتاری گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌. به‌ قسه‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌ب محه‌ممه‌د فه‌همی عه‌بدولله‌تیف له‌ كتێبی (ئه‌بو زه‌ید ئه‌لهیلالی)دا، هۆزه‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ فتوحاتی وڵاتانی مه‌غریبدا، ئه‌و وڵاتانه‌یان به‌ شێوه‌یه‌كی قێزه‌ون كاولكردووه‌.

ئێله‌ عه‌ره‌به‌كان ته‌نانه‌ت پێش هاتنی ئیسلامیش له‌گه‌ڵ خۆیان‌ و دژ به‌وانی دی له‌ شه‌ڕێكی بێ بڕانه‌وه‌دا بوون. (غه‌زو) كه‌ پاشتر له‌ سه‌رده‌می ئیسلامدا ده‌گۆڕێت بۆ (فه‌تح)، پایه‌ی سه‌ره‌كی مانه‌وه‌‌ و فراوانخوازی ئه‌م ئێلانه‌ بووه‌.

پیاوی ده‌شته‌كی له‌ بژێوی خۆیدا باوه‌ڕی به‌ پیشه‌ نییه‌‌ و به‌ چاوی سوك ته‌ماشای پیشه‌وه‌ر ده‌كات. (پیشه‌وه‌ر) لای ده‌شته‌كییه‌كان جنێوێكی یه‌كجار پیسه‌. ئه‌وان باوه‌ڕیان به‌ (غه‌زو)ه‌. به‌ بۆچوونی عه‌لی ئه‌لوه‌ردی عه‌ره‌ب ته‌نها ئه‌و ده‌مه‌ پۆل به‌ پۆل ملیان دا ببنه‌ موسڵمان كه‌ پێغه‌مبه‌ر ‌و یارانی، فه‌تحی مه‌ككه‌یان كرد‌ و كه‌عبه‌یان گرت. به‌ بڕوای ئه‌لوه‌ردی مۆتیڤی سه‌ره‌كی ئه‌و له‌شكركێشیانه‌ی كه‌ پاش مردنی پێغه‌مبه‌ر له‌ ژێر ناوی فتوحاتدا وه‌كو جیهاد سه‌ر زه‌مینێكی فراوانی گرته‌وه‌ هه‌ر به‌ته‌نها بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌یامی ئیسلام نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌ستكه‌وته‌كانی شه‌ڕ‌و شانازی كردن بووه‌ به‌ فه‌تح/ غه‌زوی وڵاتانی تره‌وه‌.

ئه‌نفال كه‌ مه‌به‌ست لێی له‌ رووی ماناوه‌ غه‌نیمه‌/ ده‌ستكه‌وته‌، ره‌گوڕیشه‌ی له‌ناو هه‌مان كولتوری تاڵانوبڕۆ و غەزوی ئێله‌ عه‌ره‌به‌ خێوه‌تنشینه‌كانی پێش ئیسلامدایه‌.
* * *

پشتبه‌ستوو به‌ هه‌مان كولتوری عەرەبی به‌ده‌وی، فاشیزمی به‌عسی جگه‌ له‌وه‌ی تاڵانكردنی نه‌یاره‌كانی به‌ كارێكی حه‌ڵاڵ ده‌زانی، چێژێكی زۆریشی لە تاڵانی ده‌بینی‌ و ده‌یكرده‌ مادده‌یه‌كی سیمبوڵیك ( بۆ نموونە پیشاندانی یەکبینەی ده‌ستكه‌وتی به‌ره‌كانی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی له‌ دژی ئێران، شانازیکردن بە تاڵانكردنی میرنشینی كوه‌یتەوە). له‌ راستیدا ناوزه‌دكردنی شاڵاوی قڕكردنی كورد به‌ ئه‌نفال، هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه‌ كه‌ به‌عسییه‌كان خاوه‌نی كۆنه‌ستێكی به‌ده‌وی بوون. 

به‌ڵام ئه‌م كۆنه‌سته‌ به‌ده‌وییه‌، هیچ له‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ فاشیزمی به‌عسی سیستمێكی تۆتالیتێر بوو. ئه‌وه‌ دروسته‌ كه‌ فاشیزم وه‌كو سیستمێكی تۆتالیتێر پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به‌ مۆدێرنه‌ و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مۆدێرنه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌چی عێراقی به‌عس ده‌وڵه‌تی پێش پیشه‌سازی ‌و راستییه‌كه‌ی ده‌وڵه‌تێكی كشتوكاڵی بوو. ده‌وڵه‌تی به‌عسی مۆدێلێك بوو نه‌ده‌كرا له‌رووی په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌ به‌ ئاسانی له‌گه‌ڵ بۆ نموونە ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیای نازی‌ و سۆڤییه‌تی سه‌رده‌می ستالیندا وه‌كو دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن دوو سیستمی تۆتالیتێر له‌ مێژوودا به‌راورد بكرێت. به‌ڵام سیستمی حوكمڕانی له‌ عێراقی به‌عسیشدا سیستمێكی تاكحیزبی‌ و تۆتالیتێر بوو، فاشیزمی به‌عسیش به‌هه‌مان شێوه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی ‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی تێكه‌ڵ به‌ یه‌كدی كرد‌ و هه‌ردووكیانی له‌ رێی ئایدۆلۆژیای به‌عسییه‌وه‌ كۆنترۆڵ كرد. به‌پێچه‌وانه‌ی تۆتالیتاریزمی مێژوویی، به‌عسییه‌كان له‌ غیابی داموده‌زگای ده‌وڵه‌تداری ‌و مه‌ده‌نی به‌هێزدا په‌نایان بۆ دامه‌زراندنی سیستمێك له‌سه‌ر بنه‌مای خوێن و خزمایه‌تی برد. ره‌نگه‌ هیچ كه‌سێك هێنده‌ی نووسه‌ری عه‌ره‌بی عێراق شه‌مران ئه‌لیاسری جوانی نه‌پێكابێت كاتێك كه‌ دێته‌ سه‌ر به‌راوردكردنی تۆتالیتاریزمی به‌عسی ‌و تۆتالیتاریزمی فاشی، ئه‌وه‌كه‌ی عێراق به‌ (فاشیزمی به‌ده‌وی) ناوده‌بات.

لە هەمان سۆنگەوە‌ ده‌كرێت بڵێین؛ ئه‌نفال پرۆسه‌ی سیستمێكی تۆتالیتێر بوو، به‌ڵام به‌ كۆنه‌ستێكی عه‌ره‌بی به‌ده‌وییه‌وه‌.
* * *

بێگومان بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نفال، خوێندنه‌وه‌ی به‌عس رۆڵێكی سێنتراڵی هه‌یه‌. له‌ راستیدا ئه‌سته‌مه‌ بێ تێگه‌یشتن له‌ به‌عس وه‌كو سیستمێكی تۆتالیتێری عه‌ره‌بی، له‌ ئه‌نفال‌ و ته‌نانه‌ت له‌ پێوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی عێراق‌ و كورد به‌ ئێستاشه‌وه‌ تێبگه‌ین. چونكه‌ ئه‌گه‌رچی به‌عس وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌ره‌سی هێنا‌ و روخا، به‌ڵام هێشتا كولتوری به‌عس له‌ عێراقی پاش سه‌دام حوسێندا، كولتورێكی زیندووه ‌‌و رۆژانه‌ له‌م یان ئه‌و كایه‌دا رووبه‌ڕوومان ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

خوێندنه‌وه‌ی به‌عس، خوێندنه‌وه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند‌ و به‌ گرێوگۆڵه‌. چونكه‌ به‌عس چ وه‌ك حیزب یان وه‌ك سیستم، پێكهاته‌یه‌كی یه‌كجار ئاڵۆزه‌، ئاخر ئاڵۆزبوون له‌ بنه‌ڕه‌تدا یه‌كێكه‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی تۆتالیتاریزم.
بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نفال لای فاشیزمی به‌عسی، هیچ شتێك هێنده‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌عس بۆ نه‌ته‌وه ‌‌و ئاین گرنگ نییه‌. له‌ راستیدا نه‌ته‌وه‌‌ و ئاین ئه‌و دوو كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌ن كه‌ هه‌موو جیهانبینی ‌و ئایدۆلۆژیای به‌عسی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌.

ئایدۆلۆژیای به‌عسی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌‌ و له‌سه‌ر ده‌ستی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی میشێل عه‌فله‌ق، (نه‌ته‌وه‌/عه‌ره‌ب) ‌و (ئاین/ئیسلام) ده‌كاته‌ جمكێك‌ و له‌ یه‌كتریدا ده‌یانتوێنێته‌وه‌. به‌عس حیزبێكی ئیسلامی نه‌بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌عسییه‌كان موسڵمانی به‌ر قاپی خودا نه‌بوون، به‌ڵام به‌عس وه‌كو ئایدۆلۆژیا له‌ ئیسلامی ده‌ڕوانی‌ و به‌ گرێدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عروبه‌دا له‌ پرۆسه‌یه‌كی یه‌كجار دیماگۆگیدا ده‌یویست خودی عروبه‌ بكاته‌ ئاین ‌و بیكاته‌ مه‌زهه‌بێك كه‌ شایانی په‌رستن بێت.

عه‌فله‌ق له‌ وتارێكیدا به‌ ناونیشانی (یادی پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب) ده‌نووسێت‌ و ده‌ڵێت:" ئیسلام بزووتنه‌وه‌یه‌كی عه‌ره‌بی بوو، ماناكه‌شی: نوێبوونه‌وه‌ی عروبه ‌‌و كامڵبوونی بوو". به‌ بڕوای ئه‌و، خوداوه‌ند ده‌یتوانی سه‌دان ساڵ پێش ده‌ركه‌وتنی ئیسلام‌ و له‌ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دی، په‌یامه‌كه‌ی خۆی بگه‌یاندایه‌، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی له‌ كاتێكی دیاریكراو ‌و له‌ ناو گه‌لێكی دیاریكراودا كرد، خوداوه‌ند نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب‌ و پاڵه‌وانێكی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ڵبژارد؛ پێغه‌مبه‌ری عه‌ره‌ب. ئه‌مه‌ش هه‌مووی حیكمه‌ته‌. كه‌وابێت هه‌ڵبژاردنی عه‌ره‌ب بۆ گه‌یاندنی په‌یامی ئیسلام هۆیه‌كه‌ی ئه‌و خه‌سڵه‌ت‌ و جیاكه‌ره‌وه‌ بنه‌ڕه‌تییانه‌ن كه‌ له‌ماندا هه‌ن. ئه‌و ده‌بێژێت: "داستانی ئیسلامیی له‌ پێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی جودا ناكرێته‌وه‌ كه‌ خاكی عه‌ره‌به ‌‌و پاڵه‌وان ‌و كاراكته‌ره‌كانی كه‌ سه‌رجه‌میان عه‌ره‌ب بوون". دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی به‌عس هه‌ر به‌مه‌نده‌وه‌ ناوه‌ستێت‌ و ده‌ڵێت:"ئیسلام باشترین گوزاره‌یه‌ له‌ مه‌یلی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بۆ نه‌مری ‌و یه‌كانگیریی"، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كه‌مین ئه‌ركێك كه‌ مرۆڤدۆستیی ئیسلام ده‌یسه‌پێنێت به‌ ڕای عه‌فله‌ق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت عه‌ره‌ب به‌هێز‌ و خودانی نیشتمانی خۆیان بن.

به‌ڵام ئاخۆ به‌عس مه‌به‌ستی كام نیشتمانه‌؟ لای به‌عسییه‌كان نیشتمانی عه‌ره‌ب ته‌نها یه‌ك نیشتمانه ‌‌و سه‌رزه‌مینه‌كانی ده‌كه‌وێته‌ نێوان چیاكانی تۆڕۆس ‌و پشتكێو‌ و روباری شه‌تولعه‌ره‌ب‌ و ده‌ریای عه‌ره‌بی‌ و چیاكانی حه‌به‌شه‌‌ و ئۆقیانوسی ئه‌تڵه‌سی ‌و ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه‌.

به‌عسییه‌كان نه‌ك هه‌ر وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له‌ خۆیان ته‌ماشای كوردیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو گاڵته‌شیان به‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی ده‌هات‌ و پێیان وابوو كه‌ ده‌بێت كورد له‌ خزمه‌تی عروبه‌دا بێت، به‌عس كوردی به‌ ده‌سنده‌خۆری خۆی ده‌زانی. 

عه‌فله‌ق بۆچوونی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ كورد ناشارێته‌وه ‌‌و له‌ وتارێكیدا به‌ناونیشانی (نه‌ته‌وایه‌تی ئازادیخوازانه‌مان له‌ به‌رده‌م جیاكاری ئاینی‌ و نه‌ژادیدا) ده‌پرسێت: "بۆچی كورد یان به‌شێكی ئه‌وان له‌ عروبه‌ ده‌ترسن؟ كورد سه‌دان ساڵه‌ شانبه‌شانی عه‌ره‌ب ده‌ژین ‌و به‌رگری جوامێرانه‌ له‌ سه‌رزه‌مینه‌كانی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن. گه‌لی كورد چی تریان ده‌وێت جگه‌ له‌ هیواخواستن به‌ ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر ‌و ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر كراوه ‌‌و ئه‌وه‌شیان له‌سه‌ر بێت كه‌ له‌سه‌ر هه‌مووانه‌. ئێستا ئیتر كه‌مایه‌تی ‌و گروپی چه‌وساوه‌ نییه‌ (مه‌به‌ستی كه‌مایه‌تی‌و گروپه‌ ئیتنی‌ و ئاینییه‌كانی ناو نیشتمانی عه‌ره‌به‌)، به‌ڵكو زۆرایه‌تییه‌كی گه‌ل چه‌وساوه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش گه‌لی عه‌ره‌به‌."

به‌عس هه‌ر به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستێت كه‌ نیشتمانێكی پانوپۆڕ به‌ ناوی نیشتمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ ئایدۆلۆژیاكه‌ی دابتاشێت، به‌ڵكو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دانیشتوانی ئه‌م نیشتمانه‌ ته‌نها نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن. هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وه ‌‌و نه‌ژاد ‌و ئایین‌ و ئایینزایانه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب نین، میوانی نیشتمانی عه‌ره‌بن‌ و پێویسته‌ ملكه‌چی ئه‌و قانونانه‌ بكرێن كه‌ ماف ‌و ئه‌ركیان ده‌ستنیشان ده‌كات تا زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب نه‌گه‌یه‌نن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌عس له‌ هه‌وڵی یه‌كبینه‌دا بوو تا كورد له‌ عێراق ‌و سوریا، مارۆنی ‌و ئۆرتۆدۆكسه‌كانی لوبنان، قیبتییه‌كانی میسر، ئه‌مازیغی ‌و به‌ربه‌ره‌كانی جه‌زائیر‌ و تونس ‌و مه‌غریب، فه‌ڵە‌كانی سوریا‌ و سۆدان ‌و ئوردون ‌و عێراق ته‌عریب ‌و ئه‌گه‌ریش نه‌كرا ریشه‌كێشیان بكات.
* * *

سه‌ره‌ڕای هه‌مو ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ئه‌نجامدانی تاوانی ئه‌نفالی بۆ كرایه‌ بیانو، به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی تاوانێكی له‌و جۆره‌ و هه‌روه‌كو پێشانیش ئاماژه‌مان بۆ كرد، ئایدۆلۆژیا و ‌ جیهانبینی به‌عسی بوو. ئه‌نفال پڕۆسه‌یه‌ك بوو به‌مه‌به‌ستی قڕكردنی كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له‌ عه‌ره‌ب و وه‌كو مه‌ترسییه‌كی ناوخۆیی له‌سه‌ر عێراق.

به‌ درێژایی‌ مێژوو، پێش دامه‌زراندن ‌و پاش دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق، هیچ رژێمێك هێنده‌ی‌ به‌عس حسابی‌ بۆ (مه‌ترسی‌ كورد) له‌سه‌ر پاشه‌ڕۆژی‌ عێراق ‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ نه‌كردووه‌.

له‌ سۆنگه‌ی‌ ئاسایشی‌ ناوخۆیی‌ عێراقی به‌عسه‌وه‌، كورد یه‌كه‌مین ‌و گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بووە‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوه‌وه‌. بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌، به‌عس پلانی‌ جه‌نگێكی‌ بێ ‌بڕانه‌وه‌ی‌ بۆ ته‌فروتوناكردنی‌ هێزی‌ مرۆیی‌ كورد پیاده‌ كردووه‌.

به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیكی و قۆناغ به‌ قۆناغ كه‌وته‌ ده‌ستنیشانكردن ‌و سنوور بۆكێشانی‌ ژماره‌ی‌ كورد، ئه‌ویش به‌سێ‌ رێگه‌ی‌ جیاواز، یه‌كه‌میان ته‌عریبكردن، دووه‌میان راگواستن ‌و سێیه‌میشیان قڕكردن بوو.
له‌ تێڕوانینی‌ به‌عسه‌وه‌، كورد كه‌مینه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی و كوردستان به‌شێكی‌ خاكی‌ عێراقه‌، كورد میوانی‌ خاكی‌ عه‌ره‌به‌ و به‌و پێیه‌ش جگه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك مافی‌ كولتوری‌ و پێكه‌وه‌ژیانی‌ هه‌میشه‌یی‌ له‌گه‌ڵ‌ عه‌ره‌بدا، هیچ مافێكی‌ تریان نییه‌. ئه‌وه‌ دروسته‌ كه‌ ئه‌نفال ترۆپكی جینۆسایدی كورد بوو، به‌ڵام به‌عس پێش ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و به‌رده‌وام له‌ ڕێگه‌ی جیاجیاوه‌ كاری له‌سه‌ر قڕكردنی كورد كردووه‌.

ئه‌نفال پراكتیزه‌كردنی ئایدیای عروبه‌ی به‌عسی بوو دژ به‌ كورد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه‌ به‌عسییه‌كان تیۆریزه‌ی ئیسلامیان وه‌كو (رۆحی عروبه)‌ ده‌كرد، ده‌بوا بۆ پاساوی قڕكردنی كورد په‌نا بۆ ئیسلام به‌رنه‌وه‌. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی فاشیزمی به‌عسی بۆ ئیسلام له‌ ئه‌نفالدا سەرەڕای کۆنەستە بەدەوییە عەرەبییەکەی، هیچ نییه‌ جگه‌ له ‌هه‌وڵی گرێدانه‌وه‌ی عروبه‌ وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی قه‌ومی فاشی به‌ ئیسلامه‌وه‌‌ و ره‌وایی دانێكی ئایینی به‌ پرۆسه‌ی قڕكردنه‌كه‌.

ئاخر به‌رامبه‌ر به‌ كورد، سه‌دام حسێن خۆی به‌ پێغه‌مبه‌ر ‌و حیزبی به‌عس به‌ ئیسلام‌ و جه‌یشه‌كه‌شی به‌ له‌شكری سه‌رده‌می فتوحات ده‌چواند. هه‌ر بۆیه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ سوره‌ته‌كانی قورئان، به‌عسییه‌كان قڕكردنی كوردیان له‌ ساڵی ١٩٨٨دا، به‌ ئه‌نفال ناوزه‌د كرد.
* * *
ئاخۆ ئه‌نفال رووداوێكه‌ سه‌ر به‌ رابردوو یاخود سه‌ر به‌ ئێستا ‌و داهاتوومان، ئایا ئه‌نفال چۆته‌ مێژووه‌وه‌‌ و پێویسته‌ له‌ بیری بكه‌ین یاخود رووداوێكه‌ هێشتا له‌ پێشمانه‌وه‌ وه‌ستاوه‌؟ 

له‌ راستیدا بێ تێگه‌یشتن له‌م پرسه‌ گه‌وهه‌رییه‌، مه‌حاڵه‌ له‌ ئێستا ‌و ئاینده‌مان تێبگه‌ین. به‌ واتایه‌كی تر، بێ تێگه‌یشتن له‌ ره‌هه‌نده‌ قووڵه‌كانی ئه‌نفال، ئه‌سته‌مه‌ باس له‌ چاره‌نووسی خۆمان وه‌كو نه‌ته‌وه‌ بكه‌ین. چونكه‌ ئه‌نفال نه‌ك هه‌ر تاوانێكی راگوزه‌ر نه‌بوو، به‌ڵكو هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌شه‌ كه‌ ته‌نها وه‌كو تاوان له‌ ئه‌نفال بڕوانین. 

ئه‌نفال هه‌ر به‌ ته‌نها بریتی نیه‌ له‌ كه‌یسی كۆمه‌ڵێك تاوانبار‌ و قوربانییه‌كانی، ئه‌نفال هه‌ر ته‌نها به‌ په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌م دادگا‌ و به‌سزاگه‌یاندن‌ و ته‌نانه‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانیش كۆتایی نایه‌ت. ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی پێوه‌ندی ناجۆری نێوان نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌ست‌ و ده‌وڵه‌تێكی داگیركه‌ره‌ كه‌ پاش ده‌یان ساڵ درۆی پێكه‌وه‌ژیان، دواجار هه‌وڵی قڕكردنی به‌شێكی گه‌وره‌ی درا. له‌ هه‌مووشی مه‌ترسیدارتر، ئه‌نفال ده‌رئه‌نجامی عه‌قڵیه‌تێكه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ناوماندا ده‌ژی‌ و به‌ناوی عێراقی نوێوه‌ تا دێت ئه‌نفال ده‌كاته‌ تاوانی چه‌ند تاوانبارێكی سه‌ر به‌ سیستمێك‌ و ده‌یه‌وێت له‌ رێی سزادانیان‌ و قه‌ره‌بووی مادیی كه‌سوكاری قوربانیانه‌وه‌ هه‌تا زووه‌ به‌ رابردووی بسپێرێت. راستییه‌كه‌ی بۆ ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نفال هیچ شتێك هێنده‌ی پرسیاركردن له‌ كولتور ‌و مێنتاڵیتی نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ‌و سه‌رده‌ستی عێراق گرنگ نییه‌.

ئه‌وه‌ دروسته‌ به‌عس وه‌كو حیزب ‌و وه‌كو ده‌سه‌ڵات له‌ ٢٠٠٣دا كۆتایی پێهات، به‌ڵام وه‌كو كولتور ‌و وه‌كو مێنتاڵیتی، به‌عس هێشتا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژی. 

ئه‌نفال پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به‌و قه‌واره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت عێراق و واوه‌تریش پێوه‌ندییه‌كی گه‌وره‌ی به‌ عه‌قڵییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی به‌رامبه‌ر و ده‌وڵه‌تداریی ئه‌م قه‌واره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ عه‌ره‌به‌. عه‌ره‌به‌كانی عێراق تا ئێستا ده‌وڵه‌تداریی هه‌ر به‌ ته‌نها له‌ هه‌ردوو چه‌مكی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌دا ده‌بیننه‌وه‌، له‌ هه‌مان سۆنگه‌وه‌ دیموكراسی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك هه‌ر ته‌نها له‌ ده‌نگداندا به‌رجه‌سته‌ كراوه‌. 

ئه‌وه‌ قسه‌ی پێناوێت به‌عسییه‌كان وه‌كو سیستمێكی حوكمی كه‌مایه‌تی كه‌ گوزاره‌ بوون له‌ تایه‌فه‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ كاری شێلگیرانه‌یان له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی له‌نێوان گروپه‌ ئیتنی و ئایینیه‌كاندا كردووه‌. له‌ دیدی به‌عسه‌وه‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ با كه‌مینه‌ش بن به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزه‌ری په‌یامی عروبه‌ و ئیسلامن، پێویسته‌ حوكمی ئه‌وانی دی؛ كورد و شیعه‌ بكه‌ن. هه‌ر به‌و پێیه ‌‌و به‌ درێژایی مێژووی ده‌وڵه‌تی عێراق، عه‌ره‌بی سوننه‌ تاكه‌ نوخبه‌ی ئیداریی ‌و سیاسیی ئه‌م وڵاته ‌‌و داهێنه‌ری مۆدێلی حوكمی كه‌مینه‌ بوون.

هه‌ر پاش رمانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان، شیعه‌كان به‌هه‌مان پره‌نسیپی ده‌وڵه‌تداریی به‌عسی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پره‌نسیپی زۆرینه‌، هه‌وڵیاندا عێراق دابمه‌زرێننه‌وه‌.
له‌ راستیدا سیاسه‌تمه‌دارانی عه‌ره‌بی عێراق خاوه‌نی ئه‌نگێزه ‌‌و خه‌یاڵدانێكی پانعه‌ره‌بی ئیسلامین‌ و زۆربه‌یان نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ نین كار بۆ بیناكردنی ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن بكه‌ن، به‌ڵكو تا ئێستا خه‌ون به‌ ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه‌ ده‌بینن. رازی نه‌بوون‌ و ره‌تكردنه‌وه‌ی سەربەخۆیی کوردستان و تەنانەت خودی فیدراڵیش وەکو شێوەیەک بۆ پێکەوەژیان، زیندوێتی ئه‌م باكگراونده‌مان پیشان ده‌دات له‌ تێڕوانینی ئه‌وان بۆ ده‌وڵه‌ت‌ و ده‌وڵه‌تداریی.
مانه‌وه‌ی كورد له‌م مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تدا، مانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار تراژیدییه‌. مانه‌وه‌ له‌م ده‌وڵه‌ته‌ ترسناكه‌دا، قایلبوونه‌ به‌ قه‌ده‌رێكی شووم. راستییه‌كه‌ی ئه‌نفال پێش ئه‌وه‌ی تاوانێك بێت كه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌م یان ئه‌و تاوانبار قه‌وما بێت، ده‌رئه‌نجامێكی بێ چه‌ندوچونی ئه‌م مۆدێله‌ شكستخواردووه‌ی ده‌وڵه‌ته‌. ئه‌نفال خۆی له‌خۆیدا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی كورد بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پشت له‌عێراقیبوونی خۆی بكات ‌و نه‌فره‌ت له‌و ده‌وڵه‌ته‌ بكات كه‌ له‌سه‌رده‌ستی ئه‌ودا رووبه‌رووی جینۆساید بۆوه‌.
* * *

ئه‌نفال وه‌كو زۆرێك له‌ جومگه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، كایه‌یه‌كی بێ ناز و راستیه‌كه‌ی زۆر به‌ خه‌مساردی و نه‌زانییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌. مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆستێكی گه‌وره‌ی وه‌هادا هێشتا سنووری بۆنه‌ و یادكردنه‌وه‌ی تێنه‌په‌ڕاندووه‌ و گوتاری كوردیی له‌مه‌ڕ ئه‌نفال، گوتارێكی ئینشایی یه‌كجار هه‌ژار و خاڵی له‌ گشت ره‌هه‌نده‌ ترسناكه‌كانی كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌و جۆره‌یه‌.

سەرکردایەتی سیاسی كوردستان جگه‌ له‌وه‌ی نه‌یتوانیوە پرسێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌نفال بكا‌تە پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی و گوتارێكی یه‌كگرتوو، پرسه‌كه‌شی وه‌كو هه‌موو كایه‌كانی تر دابه‌ش كردووە و كردوویەتە‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ وتنه‌وه‌ی ئه‌و وتاره‌ ئینشاییانه‌ی‌ كه‌ ساڵانه‌ له‌ یادی ئه‌نفالدا به‌ گوێماندا ده‌درێت. ئه‌م فره‌ وتارییه‌ی ئه‌نفال سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ پێش هه‌ر كه‌سێكی دی ده‌رهه‌ق به‌ خودی قوربانیانی ئه‌نفالكراو. ئه‌ڵبه‌ته‌ ده‌كرا له‌ ده‌ره‌وه‌ی کایەی سیاسی، دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت به‌ پرسی ئه‌نفال به‌مه‌به‌ستی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و دروستكردنی یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی و كاركردن بۆ ناساندنی نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی دابمه‌زرایه‌ تا ئه‌نفال وه‌كو پرسێكی زیندو هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بوایه‌.

راستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌، ئێمه‌ تا ئێستا له‌ ئه‌نفال نه‌گه‌یشتوین. چونكه‌ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌نفال پێش هه‌ر شتێكی دیكه‌، تێگه‌یشتن و كاركردنه‌ به‌ئاڕاسته‌ی ئاینده‌ و بڕیاردانی چاره‌نووس. قسه‌كردن له‌ ئه‌نفال ده‌بێت قسه‌كردن بێت له‌ ئێستا و ئاینده‌مان، له‌ مانه‌وه‌مان وه‌كو نه‌ته‌وه‌ و وه‌كو ئینسان. چونكه‌ ئه‌نفال پرسی مانه‌وه‌مانی وه‌كو نه‌ته‌وه‌ خسته‌ ژێر پرسیارێكی گه‌وره‌وه‌، به‌تایبه‌تیش مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی: عه‌ره‌ب و ده‌وڵه‌تی عێراقدا.

بۆ كاركردن له‌سه‌ر كاره‌ساتێكی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ی وه‌ك ئه‌نفال، هیچ شتێك هێنده‌ی خوڵقاندنی (یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی) گرنگ نییه‌، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ دنیادا نییه‌ خاوه‌نی یاده‌وه‌ری ده‌سته‌جه‌معی نه‌بێت. له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌وه‌ ده‌كرێت نه‌ك هه‌ر له‌ رووه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی، به‌ڵكو به‌ ئاقاری سیاسیش گوتاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت و له‌ ‌پڕۆسه‌ی به‌ ناسیۆنبووندا بكرێته‌ پاڵپشتێكی مه‌عنه‌ویی گه‌وره‌.

گوتاری سیاسیی كورد گوتارێكی یه‌كجار شه‌رمنه‌، زۆر به‌ئاسانی دوێنێ له‌یاد ده‌كات. راستییه‌كه‌ی گوتاری سیاسی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ عه‌ره‌ب نه‌ك هه‌ر له‌ ئاستی گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ماندا نییه‌، به‌ڵكو زۆربه‌ی جاران بریتییه‌ له‌ موجامه‌له‌یه‌كی ته‌واو بێتام و بێناوه‌ڕۆك.

له‌ دوای روخانی ده‌سه‌ڵاتی فاشیزمی به‌عسییه‌وه‌، ئه‌م گوتاره‌ هه‌وڵی داوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆنسێپتێكی كاری نه‌ته‌وه‌ییدا و به‌ بیانووی ساڕێژكردنه‌وه‌ی برینه‌كان و سپاردنی سه‌رجه‌م سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ به‌ ‌سه‌رده‌مێك له‌ سه‌رده‌مه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا و له‌نێو ئه‌وانیشدا به‌ ‌ده‌سته‌یه‌كی كه‌می فه‌رمانڕه‌وایان، كاره‌ساته‌كه‌ به‌ ‌رابردوو بسپێرێت و شاییلۆغانی كۆتاییهاتن به‌و رابردووه‌ش بگێڕێت. گوتاری سیاسیی كورد كه‌ گوتاری حیزبیی كوردییه‌، نازانێت یان نایه‌وێت بزانێت كه‌ له‌ پشتی فاشیزمی به‌عسی و دیكتاتۆرێكی وه‌ك سه‌دام حسێنه‌وه‌، كام ناسیۆنالیزمی شۆڤێنیست ئه‌كتیڤ بووه‌ و چه‌ند سه‌دام حسێنیشی له‌ ‌پاش خۆی به‌ ‌میرات جێیهێشتووه‌. گوتاری سیاسیی كورد چه‌ند ده‌كات خۆی له‌و شه‌ڕه‌ بدزێته‌وه‌، دواجار له‌م هه‌ڵوێست یان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا یه‌خه‌ی پێده‌گرنه‌وه‌. راستیه‌كه‌ی مه‌حاڵه‌ عێراق ببێتە دەوڵەتێک بۆ پێکەوە ژیان تا ئه‌و شه‌ڕه‌ یه‌كلایی نه‌كرێته‌وه‌، واته‌ شه‌ڕی وردوخاشكردنی یه‌كجاره‌كی ناسیونالیزمی كۆنه‌په‌رستی عه‌ره‌ب كه‌ پێشتر به‌عس نوێنه‌رایه‌تی ده‌كرد.

هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌بێت لایه‌نی به‌رامبه‌ر و مرۆڤایه‌تیش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ر به‌ته‌نها له‌میانه‌ی (ژماره‌)وه‌ كاره‌ساته‌كه‌مان نه‌ناسن، به‌ڵكو له‌وه‌ گرنگتر دروستكردنی (هه‌ستكردن به‌گوناه‌)ـه‌ لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست وه‌كو ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه‌ ‌و لای مرۆڤایه‌تیش، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌نفال جینۆسایده‌ ‌و جینۆسایدیش به‌پێی بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان نه‌ك هه‌ر دژ به‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تاوانه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، به‌ڵكو تاوانێكه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تی.

ئه‌گه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و سزادانی تاوانباران داوای سه‌ره‌كی قوربانیانی ئه‌نفال بن كه‌ مافێكی سروشتی و ئاسایی خۆیانه‌، ده‌بێت داوای كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌، قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ تێپه‌ڕێنێت و هه‌وڵی به‌زیندوویی هێشتنه‌وه‌ ‌و به‌هه‌نوكه‌ییكردن و كردنی ئه‌نفال به‌ ‌یاده‌وه‌رییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی بێت كه‌ له‌ ئێستاوه‌ ‌و بۆ داهاتوویه‌كی دوورتر ببێته‌ پاڵپشتێكی به‌هێزی وتاری نه‌ته‌وه‌یی كورد.

* سەرنج: ئەم وتارە لەبنەڕەتدا پڕۆژەی کتێبێکە.
لە ژمارە (٧٥٣٨) ڕێکەوتی ٢٠١٨/٤/١٢ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاوکراوەتەوە.


PM:12:54:14/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 3192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی