چەلەحانێی بێزەنتی!

‌خه‌بات عه‌بدوڵا



دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان "چەلەحانێی بێزەنتی" بیرخستمەوە!
خۆ "چەلەحانێی بێزەنتی"تان بەرگوێ کەوتووە؟

بەگوێرەی یەکێک لە گێڕانەوەکان ئەو دەمەی ئۆردووی عوسمانی بە سەرکردایەتی (محەمەدی دووەم) پەلاماری کوستەنتینییەی پایتەختی ڕۆمە بێزەنتییەکانی داوە، ئەنجومەنی پیرانی بێزەنتە کە لەجێی پەرلەمانی ئێستا بووە، سەرگەرمی چەلەحانێیەکی لاهوتی چەند هەفتەیی بوون لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ مەلائیکەت (نێر)ە یان (مێ)؟ جگە لەوەش ئاخۆ قەبارەی ئیبلیس چەندە؟ ئایا هێندە گەورەیە کە لە هیچ شوێنێکدا جێی نابێتەوە یاخود هێند بچوکە کە بە کونی دەرزیشدا گوزەر دەکات؟

 سەرەڕای تکای چەندجارەی ئیمپراتۆر (کوستەنتینی یازدە) کە دەست لەم چەلەحانێیە بەردەن و چاکی مەردایەتی لێ هەڵکەن بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان، کەس بەگوێی ئیمپراتۆر ناکات. ئەنجومەنەکە هێشتا سەرگەرمی چەلەحانێکەی خۆیانن کە ئۆردووی عوسمانی لە بەرەبەیانێکی ساڵی ١٤٥٣دا دەڕژێنە ناو شارو کوستەنتینییە داگیردەکەن و دەمودەست ئیمپراتۆر دەکوژن.

هەر لەو ڕۆژگارەشەوە ناوی شارەکە دەکرێتە (ئیسلامبوڵ؛ ئوستانە؛ ئیسەتنبوڵ) و محەمەدی دووەمیش بە (محەمەدی فاتیح) ناوزەد دەکرێت.


PM:07:38:29/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 3347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی