گوزەرانی خەڵک زۆر سەخت و دۆخی ھەرێمیش مەترسیدارتر

‌ عەبدولستار مەجید

ماوەی دوو ساڵە لە سایەی قەیرانی دارایی و نەبوونی پلانێکی زانستی و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی دژواریدایە تا ئەو ئاستەی بڕستی لێ بڕیون .
ئەوە لە قەیرانە یەک لەدوای یەکە سیاسیەکەش بگەڕێ کە ھەرێمی کوردستان و حوکمڕانیە خۆماڵییەکەی لە سایەی ململانێی ھێزە سیاسیەکانەوە بۆ چەندین ساڵ گیڕاوەتەوە دواوە .

ئێمە لە ماوەی ئەم دوو ساڵە سەختەی کە وەک وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتین، چ لە ھەڵوێستی ئاشکرا و چ لە ئەنجومەنی وەزیرانیش بێدەنگ نەبووین، بەتایبەتی لە بابەتی ژیان و گوزەرانی خەڵک و نەھێشتنی ئەو جیاوازیە زۆرەی کە ھەڵەی سیستمی ئیداریی و کورت بینی دەسەڵاتدارانی ھەرێم لە ڕابردوو ئێستاشدا لە نێوان خەڵکی کوردستان و کاربەدەستاندا دروستی کردووە .

حکومەت و پەرلەمان و دەزگا شەرعیەکانی دیکەی کوردستان موڵکی ھیچ کەس نیە، خەڵکی کوردستان نەبێت کە بە خوێنی ڕۆڵەکانیان دروستیان کردووە، بۆیە ھەق نیە ڕێگە بدرێت چیتر خەڵک بەو ھەموو نەھامەتی و ژیانە سەختەوە بناڵێنن و ھێزە سیاسیەکانیش ھەر خەریکی ململانێ و یەکتر شکاندن و پێداگریی بن لەسەر بیروڕا و مەرجەکانیان، ئاخر چ مەعقولە ئێمە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان سنگفراوان و لە ناوخۆشدا ھیچ دەرچەیەکمان نەھێشتۆتەوە بۆ بەیەکگەیشتن ؟!

ئەرکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە ھەرچی زووە نیگەرانیەکانی خەڵکی کوردستان لەم دۆخە مەترسیدارە لەبەرچاو بگرێت و، داھاتی خەڵک بۆ خەڵک خەرج بکات و ژیانی ئاسایی بۆ شەقام و جوڵەی ئابوریی بۆ بازاڕەکان بگیڕێتەوە ئەویش بە نەھێشتنی ئەو سیستمی پاشەکەوتەوە کە خراوەتە سەر موچەی فەرمانبەران یان لانی کەمی کەمکردنەوەی ڕێژەکەی بۆ ئاستێک کە لەگەڵ بازاڕدا بگونجێ .

بە دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ پرۆژەکان جوڵە بخاتەوە ناو بازاڕەکان کە سەرەنجام لەو ڕێگەیەوە ھەزاران دەرفەتی کارکردن لەبەردەم گەنجان و خەڵکی بێکاری ئەم وڵاتەدا دەکاتەوە .

ھەموو چاوەکانی تەنھا لەسەر نەوت نەبێت، بەڵکو بە دابینکردنی بودجەی شایستە بۆ بواری کشتوکاڵیی، دەتوانرێت کارێک بکرێت کە لە ڕێگای بەخشینەوەی ژیان بە کێڵگەکان، کشتوکاڵ بکرێتە

سەرچاوەیەکی گرنگی بەھێزکردنی ئابوریی و پەیداکردنی سەرچاوەی گەورەی دارایی بۆ خەزێنەی گشتی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە کردار ئەوەمان سەلماندووە .
نادیدەگرتنی نیگەرانی خەڵک و خەمساردی لە ئاست ئەو ژیان و گوزەرانە سەختە، کۆی پرۆسەی حوکمڕانیمان بەرەو لێواری ھەڵوەشانەوە دەبات بۆیە پێشنیاز دەکەم :

یەکەم: ھێزە سیاسیەکان لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و بەگەڕخستنەوەی دامەزراوە شەرعیەکان دەست لە بەشێک لە داواکارییە حزبیەکانی خۆیان ھەڵبگرن و مێزی دانوستان بکەنە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان و، بۆ ئەمەش جەنابی کاک مەسعود بارزانی ئەرکی گەورە و مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ پاشان ھێزەکانی دیکە ھەریەکە و بە قەبارەی خۆی !

ڕاستیەک ھەیە کە نابێ پێمانوابێت ئەم دۆخە سەختە و ئەم ھەموو قەیرانە دژوارە تەنھا بە قسە و لێدوانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چارەسەر دەکرێت، ئەمە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، بەڵکو کردنەوەی دەرچە و دەروازەی چارەسەر ھەنگاوی کردەیی و بڕیاری بوێرانەی (کۆکرد)ی دەوێت، چونکە لە ڕابردوو و ئێستاداشدا میللەتی ئێمە گیرۆدە و کوشتەی قسەی زۆر و کرداری کەم و نەبووە !

دووەم: پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و، سەرجەم وەزیرە بەڕێزەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێنەوە سەر کاری ئاسایی خۆیان، تا بە ھەمووانەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین .

سێھەم: پرۆسەی نەوت (دەرھێنان – فرۆشتن - داھات) تەواو شەفاف بکرێت بە جۆرێک خەڵک ھەست بە دڵنیایی بکات .

چوارەم: مەرجەعی گێڕانەوەی سەرجەم داھاتەکان (نەوت – ناوخۆ – خاڵە سنوریەکان) تەنھا وەزارەتی دارایی و بانکەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بێت .

ئەم چوار ھەنگاوە بنەمای سەرەکی چارەسەری زۆر لە کێشەکانن و، لێرە بەدوا ھەموو ھێزە سیاسیەکان بەرپرسیارانە ئەرکی قورسی ئەم قۆناغە بە ھەموو لایەک لە ئەستۆ بگرن تا ئەو کاتەی ھەرێمی کوردستان دەگەیەننە کەناری ئارامی و گەیشتن بەو قۆناغەی کە دەیان ساڵە نەوە دوای نەوە خوێنی لە پێناودا دەڕێژێت ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە .


AM:10:46:03/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 3355 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی