وەزیر بەخشین و دیاریی بۆچیە ؟

‌ عەبدولستار مەجید


لە کابینەی هەشتەمدا بەندە وەزیری کشتوکاڵ بووم، ئێستا کە کابینەی نوێ دەستبەکاربووە، هاوشێوەی ڕابردوو بەفیڕۆدانی سامانی گشتیی لە بەرژەوەندی کەمینەیەک بەناوی (بەخشین و دیاریی)ـەوە ڕەنگە هەر بەردەوام بێت ...
پێمخۆشە دوو نمونە باس بکەم کە لەسەردەمی وەزیری خۆمدا بووە و بە کردەیی ڕێگریم لە بەفیڕۆدان و تەخشان و پەخشانی سامانی گشتیی کردووە .

یەکەم: هەر وەزیرێک کە دەستبەکار دەبوو، بڕی (٣٠.٠٠٠) سی هەزار دۆلاری وەک (دیاری) پێدەدرا، کاتێک سکرتێری بەڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی به‌نده‌ پارەکەی هێنا و باسەکەی کرد، وتم "دەتوانم بیبەخشم بە خەڵک ؟" بەتایبەت کە قەیرانی دارایی سەریهەڵدابوو، موچەش دوو مانگ جارێک دابەشدەکرا .
وتیان " نەخێر ئەوە بۆ کڕینی پێداویستی ناوماڵە" منیش ڕۆژی دواتر پارەکەم گێڕایەوە و پێموتن من پێویستم بەوە نیە و وەرگرتنی ڕەتدەکەمەوە
برای به‌ڕێزم كاك عبدالرحمان عبدالرحیم یش به‌هه‌مان شێوه‌ .

دووەم: بۆ هەر وەزیرێک بەناوی (نەسریە ـ مینحە)ەوە مانگانە جگە لە موچەکەی خۆی (٧.٥٠٠.٠٠٠) ی پێدەدرا .
ئەوەندەی پەیوەندی بە منەوە هەبوو لێژنەیەکی سێ کەسیم لە وەزارەت دروستکرد بە سەرۆکایەتی بەڕێز بەڕێوەبەری ژمێریاریی و دوو ئەندامی دیکە .
ڕامسپاردن کە هەر فەرمانگەیەک پێداویستییەکی هەبوو داوایلێکردن لەو پارەیە بۆی بکڕن .
دیسان لەو مینحەیە هاوکاری سەدان کەسی هەژار و نەخۆش و پێشمەرگەمان کرد، لە هەمووی گرنگتر نەمهێشتووە هیچ فەرمانبەرێکم لەو کاتە سەختەدا پێویستی بە هیچ هەبێ، هەر بەو مینحەیە .

ئێستاش بەڵگەنامە و سەرجەم داتاکاکان لە وەزارەتن و هەر ڕۆژنامەنوسێک یان کەسێک بیەوێ وردەکاریی خەرجکردنەکە بزانێ، دەتوانێ بچێت و لە ژمێریاریی داوای بکات .






PM:01:22:27/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 4252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی