قەیرانی ئاو دەمانڕوخێنێ!

‌ عەبدولستار مەجید

وردە وردە لەو مەترسییە گەورە و ترسناكە نزیك دەبینەوە (عێراق و هەرێمی كوردستان) كە بێ پلانی و خەمساردیی خۆمان خوڵقاندوویەتی و وەك هەمیشە دەبێ خەڵكی كوردستان باجەكەی بدات!

ئەگەر قەیرانی دارایی لە چوار ساڵی ڕابردوودا بیانوو بوبێت بەدەست حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، خۆ پێش ئەوە هیچ قەیرانێكی داراییمان نەبوو، داهاتێكی ئێجگار زەبەلاحیش دەهاتە خەزێنەی گشتی، دەیتوانی چەندین پرۆژەی ئاودێریی و بەنداوی ستراتیژی و گەورەی دروست بكردایە.

ئێستا كە گەیشتووینەتە ڕۆخی مەترسییە حەقیقییە گەورەكە، كە پەیوەندی بە ژیانی تاك بەتاكی خەڵكەوە هەیە، هەقوایە حكومەتی هەرێم بەجدی بێتە سەرخەت و بەنداوی گەورە و ستراتیژیی بۆ ئەو ڕووبار و ئاوانە دروست بكات كە دێنە هەرێم تا ئاوی پێویست گلبداتەوە و گەلەكەی خۆی لە مەترسی و شەڕ و هەڕەشەی كەمبونەوەی ئاو بپارێزێت، كە لەئایندەدا ئەم ناوچەیە دەگرێتەوە.

پێویستە دەسەڵاتداران لە گەورەیی قەبارەی ئەو هەڕەشەیە تێبگەن، بۆ ئێستا زۆر گرنگە هەرچەندی تێدەچێت دەست بە دروستكردنی بەنداوی بێخمە بكرێت، لە پاڵیشیدا پلانی ورد و بەپەلە دابنرێت تا بەنداوێك بۆ ئاوی زێی بچووك دروست بكرێت.

ئەركی حكومەت بۆ ئێستا لەم دوو هەنگاوەدا چڕ بكرێتەوە، دڵنیام تا ئایندەیەكی دوور مەترسی كەمئاوی و بە بیابانبوونی خاكی هەرێمی كوردستان لە خاك و خەڵكی خۆی دووربخاتەوە.

بیریشمان نەچێ ئەركی خەڵك لە ئەرك و بەرپرسیارێتی حكومەت سوكتر و كەمتر نییە، هاووڵاتیانیش كەمتەرخەمن لە دەستگرتن بە ئاوەوە و ڕۆژانە بڕێكی ئاو بەفیڕۆ دەدرێت ئەویش لەڕێگەی زیاد بەكارهێنانی ئاو و لێدانی هەزاران بیر كە بەشێكی ئێجگار زۆریان بە نایاسایی لێدراون.

ئەم قۆناغە سەخت و هەستیارە، مامەڵەی دروست و زانستیانە و حەكیمانەی دەوێت، خەڵك و حكومەت بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر هاوكاری یەكتر نەبن كارەساتی ئاو دەخوڵقێت كە هەموولایەك دەگرێتەوە.

ئێمە ناكرێ و نابێ و ناگونجێ چاومان لە ڕەحمەتی وڵاتانی دراوسێ بێ تا ئاو نەگرنەوە، ئەوان بەرژەوەندی خۆیان و خەڵكی خۆیان لە پێش هەموو شتێكی ترەوە داناوە، ئەگەر ئێمەش وانەكەین، دەبینە قوربانی ئەم جەنگەی كە زەرەرمەندی سەرەتا و كۆتایی تەنها خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستانە!

*وەزیری پێشووی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو


AM:10:53:05/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 4471 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی