قوماری (سەرکردەکان)ی کورد لە دۆڕان نزیک دەبێتەوە

‌ لەتیف مستەفا ئەمین

قوماری (سەرکردەکان)ی کورد بە خاکەوە لەدۆڕانی محەقەق نزیک دەبێتەوە

ھەر لە پێش ڕوخانی سەدام و خۆ ئامادەکردن بۆ بەشداری کردنی کورد لە حوکمی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستور بۆی ھەمیشە لە نوسین و چاوپێکەوتن و کۆڕو سیمینارەکەنمدا باسی گرنگی خاکم دەکرد و دەموت دەبێ ئەولەویەتی مفاوزی کورد لە بەغدا دوای ڕوخانی سەدام خاک بێت بە حەرفی دەموت «ئەگەر خاکمان بردەوە ھەموو شتێکی تریش دەبەینەوە ،ئەگەر خاکمان دۆڕاند مافە بەدەست ھاتوەکانی تر ئەو بەھایەیان نامێنێ»چونکە ھەمیشە ترسم ھەبوو کە ئەوانە خەمی خاکیان نیە ھێندەی خەمی دەسکەوتی حیزبی و شەخسیان ھەیە.

کە دەستوری عێراقیش دانراو نیوەی خاکی کوردستانی خستە ڕاپرسیەوە پێم تاوانێکی گەورە بوو وتم تا ئێستا ھیچ سەرکردەیەکی کورد زاتی ئەوەی نەکردوەنیوەی خاکی کوردستان بخاتە قومارێکی دۆڕاوەوە،وتم لە شۆڕشی ئەیلول ھەموو جیھان پشیگیری بەعس بوو مەلا مستەفا بەتەنیا بوو ،بەعس فشاری زۆری بۆ ھێنا کە کەرکوک و ناوچەکانی تری کوردستانی بەش بکرێن مەلا مستەفا قبوڵی نەکرد و قسە بەناو بانگەکەی کرد «کەرکوک یەک کوردیشی تیا نەمێنێ ھەر کوردستانە من دەسەڵاتی ئەوەم نیە سازشی لەسەر بکەم»
فیعلەن نەیکردو شۆڕشێکی لەسەردانا ،ئەوە بوو لەدەرفەتێکی تردا کورد توانی ھەموو ئەو ناوچانە بخاتەوە ژێر دەستی خۆی.

کەچی لە دوای ڕوخانی سەدام ولە کاتێکدا عێراق نەمابوو سفر ببۆوە و کورد تاکەھێزی نیمچە رێکخراو بوو ھەموو ھێزە گەورەکان بە تایبەتی ئەمریکا لەپشتی بوون ،کەرکوک و ھەموو ناوچەکانی تریان دابۆوە دەستی کورد ،کەچی لە حاڵێکی ئاوای پۆزەتیفدا بۆ کورد لە چاو حاڵەتی شۆڕشی ئەیلول ،سەرکردە «مێژویی و قاڵبوەکان»ی خەبات ئامادە بوون زۆر بە ساویلکانەوە بۆ بەرژەورندی شەخسی و حیزبی کورت خایەن ئەو ناوچانە بخەنە ڕاپرسیەکەوە کە ئەو کات وتمان قومارێکی دۆڕاوە.

دوای دانانی دەستورەکە وپێش ئەوەی بخرێتە ڕاپرسیەوە لە سیمینارێک لەگەڵ یەکێک لەو سەرکردانەی بەشدار بوو لە دانانی دەستورەکەو زۆر بەشان و باڵیدا ھەڵیدا ،من ڕەخنەم لەدەستورەکە گرت ،کەچی ئەو لە وەڵامدا وتی «ئەوەی کراوە زۆر باشەو ئێمە ھەر ئەوەندەمان پێکراوە ،کێ باشتری پێ دەکرێ با بچێ بیکات کەس دەستی نەگرتوە».

دواتریش کە دەستورەکە ئامادە دەکرا بۆ ڕاپرسی من یەکێک بووم لەوانەی داوامان کرد با کورد بە نەخەیر دەنگ بدات ،ئەوەبوو بزوتنەوەی ڕیفراندۆمی لێ کەوتەوە ،بەڵا ھەر ئەو سەرکردە « مێژویی و قاڵبوانە»ی خەبا ت جارێکی خەلکیان ھاندا بۆ بەشداری کردن و دەنگدان و شەرعاندنی ئەو دەستورەی قومارە دۆڕاوەکەی خاکی کوردستانیان لەسەر کردبوو.

دوای ڕاپرسیش ئێمەو زۆر خەلکی تریش داوامان کرد با سەنگ و قورسایی و فشاری کورد و ئەولەویەتی یەکەمی بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ و گێڕانەوەی کەرکوک بێت ،بەڵام بێ سود بوو.

کە بوینە پەرلەمانتار لە بەغدا پڕۆژەیەکم ئامادەکرد و بەنامەی ڕەسمی داوام لە ھەرچوار فراکسێۆنە کوردیەکە کرد با دانیشین و کاری لەسەر بکەین،دڵنیا بووم ئەگەر بەدەنگەوە بھاتنایەو ھەموومان بەیەکەوە بە گوێرەی ئەو نەخشە ڕێگایەی دامنابوو بە یەک دەنگ کارمان لەسەر بکردایە بەشی ھەرە زۆری مادەکە جێبەجێ کرابوو.

بەڵام بەداخەوە نەک ھەر بە پیرمانەوە نەھاتن ،بەلکو لە غەیری مامۆستا عەلی باپیر سەرۆکی فراکسێۆنی کۆمەڵ ئەوانی تر ھەر وەڵامیشیان نەداینەوە.

ئێستاو دوای ڕیفراندۆم و روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و حەشدی شەعبی ودوای دەرچونی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پرۆسەی بەردەوامی گواستنەوەی فۆرمی خۆراک و نفوسی ھاوڵاتیانی عەرەب بۆ کەرکوک و ئەو ناوچانە،ئیتر لەسایەی سەری نەزانی و بەرژەوەند خوازی و کورت بینی و مەغروری «سەرکردە مێژوویی و قاڵبوەکان» خەبات قوماری کوردایەتی بەکەرکوک و ناوچەکانی تر بەرەو دۆڕانی حەتمی دەچن،مەترسی ئەمجارە ئەوەیە بە شێوەی یاسایی و بەدەستورێکە کە خۆمان پێی ڕازی بوین بۆیە دۆڕانە کە دەبێتە دۆڕانێکی شەرعی ویاسایی و تاھەتایی


AM:09:23:27/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی