پەروەردەو خوێندنی باڵا بونە بە مشکی تاقیگە

‌ لەتیف مستەفا ئەمین


ساڵانی نەوەدەکان لە سلێمانی تا ماوەیەکی زۆر باو بوو پارێزگارێک یان بەرپرسێک تەنھا بە ئیجتیھادی شەخسی یان بە قسەی ھاوڕێیەکی و دوور لە نەخشەو پلان و لە ھەندێ فولکە و جادە شتێکی دروست دەکرد یان جادەکەی دەگۆڕی بۆیە کە پارێزگارێکی تر یان بەرپرسێکی تر دەھاتە جێی بە ھەمان شێوە بە ئیجتیھادی شەخسی یان بە ھۆی ئەوەی ڕقی لەوەی پێش خۆی بوە یان ھەر بۆ ئەوەی بڵێن شتێکی کردوە ئەوەی پێش خۆیی لادەبرد یان شتێکی خراپتر و ناشیرین تری دەکرد ئەمە ماوەیەکی زۆری خایاند و زیانێکی گەورەشی لە ئابوری وڵاتدا،بەڵام لەبەر ئەوەی شتی مادی بوون سڕانەوەو لە یادەوەری خەڵکدا نەمان.

ئەوەی جێگای مەترسیەو ھەرگیز ناسڕێتەوە تێکدانی مرۆڤە ،کە خۆی لە ھەردوو بواری پەروەردەو خوێندنی باڵادا دەبینێتەوە، لە دوای ڕاپەڕینەوە ھەر وەزیرێکی پەروەردە یان خوێندنی باڵا ھاتبێ لەبەر ئەوەی کەسێکی میھەنی و پڕۆفیشناڵ نەبوە وتەنھا لەبەر ئەوەی حیزبی بوە وەک مکافەئەی حیزبی دانراوە،دێت بە میزاجی شەخسی خۆی یان کەسانی نزیکی شتێک دەگۆڕێت یان شتێک زیاد دەکات یان کەم دەکات ،ئەوەی دوای خۆی پێچەوانەکەی دەکات ،دەرەنجام لە پاڵ كۆمەڵێک ھۆکاری تردا ئاستی پەروەردەو زانیاری و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیان وا ھێناوەتە خوارێ و تاکی کوردیان وا تێک داوە بە ھیچ ڕاست نەکرێتەوەو نە عیلم و نە ئەخلاقشیان لە نێو دامەزراوەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵادا نەھێشتوە .

بەداخەوە ئەم زنجیرە گاڵتە ئامێزە بەردەوامیشە،وەزیری دلسۆزو لێھاتوو خەمخۆر و ئیداری تا ماوەیەکی باش بەتایبەتی تا ئەو کاتەی سەری لە ئیشەکە دەردەچێ وکەسەباش و خراپ و لێھاتوو لێنەھاتوەکانی دەوروبەری دەناسێ ھیچ بڕیارێکی ( چارەنوس )ساز نادات تەنھا گوێ دەگرێ و پرس دەکات و خەلکی جیا جیا ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەی توێژینەوەو پێشنیازی جیا جیای بۆ ئامادە بکەن،بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر سیستەمەکە سەقەت نەبێ و ئەوی دوای خۆشی جارێکی تر نەیگۆڕێتەوە


PM:10:30:20/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی