قسەیەک بۆ دز

‌ لەتیف مستەفا ئەمین



زۆر باسی تەزویری ڕێکخراوو گۆڕینی دەنگەکان دەکرێت ، من ناڵێم تەزویر نەکراوە بەڵکوو تەزویرێکی باش و ڕێکخراویش کراوە ، بەڵام دابەزینی دەنگەکانیش چاوەڕوان کراوبوون ، لەبەر ئەم ھۆکارانە
١- بەشداری گردنی لاواز لەدەسەڵاتێک بەلاوازی و لەڕێی کاراکتەری لاوازەوە کە ئەدایان لە کاراکتەرەکانی دوو حیزبەکە خراپتر نەبووبێت باشتر نەبوە، سەرەڕای ھەڵگەڕانەوەی ھەندێکیان کە پێشتر دەزانرا لەوجۆرەن بەڵام ھەر دانران ، زیاد لە چوار جارو لە چوار دانیشتنی جیاجیادا لەگەڵ ڕەوانشاد و بە ئامادەبونی کەسانێکی جیا جیا ، زۆر دژی بەشداری کردنی دەسەڵات بوم و پێم وابوو ئەوە ھەڵەی ستراتیجی کوشندەیەو زەربەی گەورەش لەداھاتوی بزوتنەوەکەش دەدا یاڵام گوێمان لێ نەگیراو فشاری پۆست خوازان زاڵتر بوو، بۆیە من لەوساوە ھەڵوێستم وەرگرت

٢- پێکھێنانی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنی بزوتنەوەکە تەنھا لە پاسەوانی کۆن ، کە کاریگەری ھەبوو لە تەحجیم کردنی بزوتنەوەکە ، کاتی خۆی قسەمان لەسەر کرد چی بە نوسین یان بە چاوپێکەوتن لە تەلەفیزۆنی ئێن ئارتی

٣- دوبارە خۆکاندید کردنەوەی ئەوانەی پێشوو ، وێنایەکی وای دروست کرد لای دەنگدەر کە ئەمانیش وەک حیزبەکانی تریان لێھاتوەو پۆستەکان بۆ چەند دەموچاوێکە ، بە تایبەتی کە ئێستا پەرلەمانتاری لە بەغدا ئیمتیازاتی زۆرە ، ئەوەندە مەغرور ببون پێیان وابوو تەواو خەلک بەھەموو شێوەیەک دەنگیان ئەداتێ ، ڕێک وەک پارتی و یەکێتی، کاتێک ئێمە بابەتێکمان لەسەر ئەوە نوسی و وتمان ئەوە پێچەوانەی میراتی نەوشیروان مستەفایە ، ئەوانەی ئەم وتارە لەبەرژەوەندیان نەبوو ،نوسەریان بەکرێ گرت چەندین تۆمەتی بێ بنەمایان بۆ ھەڵبەستم ، کە گوایا من بۆیە ئەو وتارەم نوسیوە چونکە داوای کاندیدبونەوەم کردوە بەڵام ڕازی نەبوون کاندیدم کەنەوەو شتی زۆر قێزەونتر کە تا ئێستا یەکێتی و پارتی تۆمەتی وایان بۆ ھەڵنەبەستوم

٤- دەنگدان بە یاسای ئیمتیازات و خانەنشینی پەرلەمانتاران وەک حیزبەکانی دەسەڵات
٥-لە ئەنجامی ئەوانەی سەرەوە خەڵکێکی زۆری ناڕازی کە دەنگدەری ئۆپۆزسێۆن بون بە تایبەتی بزوتنەوەکە بڕیاری بایکۆت کردنی دەنگدانی کرد ، ئەوانە ھەمویان وەک ناڕەزایەتی و بێ ئومێدبون لە ئۆپۆزسێۆن بایکۆتیان کرد نەک دەسەڵات ، کە نزیکەی ٢٠٪‏ ی دەنگدەران بوون ، چونکە ئیدی لەدوای ٢٠٠٩ دەنگدەرانی دەسەڵات کە بە پارەو ئیمتیازات لەگەڵ دەسەڵاتن یەکلایی بونەوەو لەھەموو بارێکدا ئەوان دەنگ بە پارەو ئیمتیازاتی خۆیان دەدەن ، ئەوانەش ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەرانن

ئێمە
لە ئەنجامی تێکەڵیمان و گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی ناڕازی زو درکمان بەوە کردوو بابەتیشمان لەسەر نوسی و ئاگادای دەنگدەرانی ناڕازیمان کردەوە کە ئەگەر نەچن بۆ دەسەڵات ، دەنگی دوو حیزبەکە زیاد دەکات ، بە شەخسیش ھەندێ کەسمان لەو مەترسیە ئاگادا کردەوە، پێشمان وتن بەس خەلکی ناڕازی قەناعەت پێ بکەن بچن بۆ دەنگدان دەنگ کەم ناکات، ھەر نەچونی ئەو خەلکە بەسە بۆ تەشخیس کردنی جەوھەری کەمو کوڕیەکان
٦- تاپۆکردنی موڵک و ماڵەکان

٧- جگە لەوە دروست بونی حیزبی تر و بردنی دەنگیش لەلایەن ئەوانەوە ھۆکاری تر بوون ، بەڵام ئەمەیان دەرەنجامی شەش خاڵەکەی ترە ، ئەگەر بزوتنەوەکە متمانەی دەنگدەرەکانی بمایە سەد حیزبی تریش دروست بوایە ئەو کاریگەریەی نەدەبوو.

دوبارە دەڵێم ، ناڵێم تەزویر نەکراوە، بەڵام پشتگوێ خستنی ئەو ڕاستیانەو ،پێتان وابێت ئێوە عەیارە بیست و چوارن و ئەوەی کردوتانە ڕاستەو ھەمووی بخەنە سەر تەزویر ، جۆرێکە لە ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی و پەرێزی خۆتان پاکردنەوەیە تایبەتیش ئەوە دەنگی یەکێتی نیە زیادی کردوە ، ئەوە دەنگی ئێوەیە زۆر کەمی کردوە، لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ ی پەرلەمانی عێراق لە سلێمانی گۆڕان ٣٤٧ ھەزار دەنگی ھێنابوو یەکێتی ٢٩٤ ھەزاری ھێنابوو ، ئەم ھەڵبژاردنە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان یەکێتی کەسلێمانی ٢١٩ ھەزار دەنگی ھێناوە ، گۆڕان ١٤٤ ھەزار دەنگ ، کەواتو یەکێتی ٧٠ ھەزاری کەم کردوە نەک زیادی کردبێ ، بەڵام گۆڕان ٢٠٠ ھەزاری کەم کردوە،

بەڵام بەھۆی کەمی ڕێژەی بەشداربوان ، ڕێژەی دەنگی پێویست بۆ بەدەست ھێنانی کورسیەک دابەزیوە ، بۆیە یەکێتی لەگەڵ ئەوەش دەنگی کەمی کردوە ، بەڵام کورسیەکانی زیادی کردوە
ئێستا لانی کەمی ئازایەتی و بەرپرسیاریەتی ئەوەیە دان بەو ھەڵەو کەم و کورتیان دابنێن ، ئەگەر دەتانەوێت ئەم شکستە کاتی بێت و نەبێتە ھەمیشەیی و نەبنە ھۆکاری یەکجاری بچوککردنەوەی بزوتنەوەکە ، ئێستاش تیا ماوە چونکە ئەو دەنگدەرانەی کە نەچون بۆ دەنگدان مەیلیان نەگۆڕاوە بەڵام ھەڵوێستی خۆیان تەجمید کردوە ، تا ئێستا لایەنی تریان بەبەدیل نەزانیوە بۆیە نەچون بۆ دەنگدان ، تا ئێستا ئومێدێکیان بە ئێوە ماوە جارێکی تر ببنەوە جێگای متمانەیان

ھیوادارم بەھەست کردن بەبەرپرسیارێتییەوە ھەڵسوکەوت بکەن
ھیواداریشم ئەو خوێنەرەی ئەمەی بەدڵ نیە ڕەخنە بگرێت نەک قسەی نەشیاو ، چونکە ناچارم بلۆکی بکەم


PM:05:22:14/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 6020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی