ڕایەکی یاسایی و دەستوری لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک

‌ لەتیف مستەفا ئەمین


کەرکوک و ناوچەکانی تری جێناکۆک بەگوێرەی مادەی ١٤٠ لەدەستوری عیراق جیناکۆکن لە نێوان هەرێمی کوردستان وبەغدا کەواتە هەردوولایان دەتوانن ئاڵاکەی لەسەر هەڵبکەن بەتایبەتی لەدوای ٣١-١٢-٢٠٠٧ ەوە حکومەتی هەرێم دەیتوانی ئەوکارەبکات ولەوە زیاتریش بڕوات و بڕیاری خستنەپاڵی ئەوناوچانە بدات بۆهەرێم بەوپییەی کە حکومەتی ئیتیحادی هەڵنەستاوە بەجێبەبەجێکردنی هەنگاوە دەستوریەکانی تایبەت بەیەکلاییکردنەوەی چارەنوسی ئەوناوچانە (بەڵام لە ڕوی سیاسیەوە ئەوە دەکرا یان نەدەکرا ئەوە شتێکی ترە).

حکومەتی ئیتحادی ئەوە دادی نادات کە بڵێ تائێستا چارەنوسی ئەوناوچانە یەکلایی نەکراونەتەوە بۆیە دەبێ لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بەڕێوە ببرێن چونکە خۆی هۆکاری مانەوەی ئەو وەزعەیە بەگوێرەی یاساش (نابێت کەسێک یان لایەک وەزعێک دروست کات وخۆشی سودمەند بێت لێی).

بەڵام ئەم بڕیارە ڕوبەڕوی کۆسپێکی یاسایی دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە مادەی ٢٠ لەیاسای پارێزگاکان ژمار٢١ ساڵی ٢٠٠٨ هەموارکراو دەسەڵاتی داوە بە پەرلەمانی عێراق کە بڕیارەکانی ئەنجومەنی پاریزگاکان هەڵوەشێنیتەوە و زیاتریش لەوە دەتوانن ئەنجومەنەکەش هەڵبوەشێننەوە و هەڵبژاردنی نوێ بکرێت هەرچەندە ئەم دەقەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان پێچەوانەی بنەماکانی لامەرکەزیەتی کارگێریە بەڵام دەقێکە و هەیە و تائێستا لە دادگای کارگێری تانەی لێنەدراوە بۆیە دەقێکی کارپێکراوە و دەشێت تا ئەوڕۆژەی هەڵدەوەشێتەوە یان پوچەڵ دەکرێتەوە کاری پێبکریت) بۆیە بۆ پاراستنی بڕیاری هەڵکردنی ئاڵا من پێم باش بوو ئەنجومەنی پارێزگا دوای ئەوەی بڕیاری خۆیدا بیناردایە بۆ هەرێم حکومەتی هەرێمیش بڕیاری لەسەر بدایە بەو پێیەی ئەویش لایەنێکی پەیوەندیدارە هەروەها دەسەڵاتی فیعلی کە خۆی دەبینێتەوە لە هێزی چەکدار (پێشمەرگە ) لەو ناوچانە بەدەست ئەوەوەیە ئەوکات پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی نەبوو چونکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بریاری هەرێمەکانی نیە وە حکومەتی ئیتیحادی تەنها ڕێگای پەنابردنە بەر دادگای فیدراڵی بۆ دەمایەوە وەک لەسەرەتاشدا ڕونمان کردەوە لەبەر ئەوەی بڕیارەکەی هەڵکردنی ئالا پێچەوانەی دەستور نیە ،ئەگەر دادگا بەدیدی یاسایی بۆ کەیسەکە بروات ئەبێ داواکەی حکومەتی فیدراڵ ڕەت کاتەوە بەڵام لەپەرلەمان دیدی سیاسی زاڵە ئەگەر بڕیارەکە دەستوریش بێت زۆرینە ئەگەر دژی بن هەر هەڵدەوەشێتەوە.

هەروەها پێشنیازیکیشم بۆ پارێزگا و ئەنجومەنی کەرکوک بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزاییەکان و ڕازی کردنی پێکهاتەی تورکمان وەڵامی داواکاریەکەیان بدەنەوە بە ئیجابی واتە ئەنجومەنی کەرکوک بریاربدات بەهەڵکردنی ئالای تورکمان نەک حیزبێکی دیاریکراو بەڵام دەبێ خۆیان لەپێشەوە ڕێککەون لەسەر ئاڵاکەیان دوای ئەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئاڵایەکی یاسایی پێویستە ئەنجومەنی کەرکوک بەو پێیەی نوێنەری خەڵکی کەرکوکە بڕیار لەسەر ئاڵاکە و بەرزکردنەوەشی بدات.


PM:01:49:31/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 9826 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی