سێ قسە لەبارەی وڕێنەکانی کاک هێڤیدار ئەحمەدەوە!؟؟

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

یەکەم/ فراکسیۆنی یەکگرتوو تووشی شۆک بوو لە یاسای چاکسازی  چونکە :
_ئەوە یەکگرتوە سەدان کادیر وسەرکردەی بەوەزیروبریکاری وەزیرو راوێژ کار وبەڕێوەبەری گشتی خانەشین کردوەو کێج کەوتۆتە کەوڵمان.

_ئەوە  یەکگرتوو بوو لەکاتی شەڕی تیرۆریستانی داعش خەریکی قاچاخچێتی نەوت فرۆشتن بوو لەگەڵیان وئێستاش لەمەرزەکانەوە هێلکە ودەرمان وخواردنی بەسەرچوو دەهێنێ وبەقوڕگی خەلکیا دەکات وپارەکەشی لەفەردەی خەت سوور لەژێر زەمینی بارەگاکانیا حەشار داوە.

_ئەوە یەکگرتووە سەدان کۆمپانیای قوت کردۆتەوە ودەستێکمان کەوتۆتە ئەملاو دەستێکیش لەولا چی بکەین لەکۆمپانیاکانمان.

_لەهەمووی کارەسات تر  یەکگرتوو چی بکات لەوهەموو جاش وسیخوڕ  ئەنفال چی وپێشمەرگە کوژ وهاوڵاتی کوژو خاوەن سرودەکانی سەرۆکمان زێڕە کە خانەنشینی بۆ بڕیبوونەوە،هەیهوو یەکگرتوو لێی قەوما.

_ئەوە یەکگرتوە بەسەدان کادیری حزبی موچەی لەسەر حکومەت بۆ بڕیونەتەوەو لەسۆشیال میدیاوە شەوانە ڕۆژی خەریکی جوێن دان وسوکایەتین وبۆجرکەیەکیش دەوامی حکومیان نەکردوەو ودەستەکەمان کەشف بوو.
_ئەوە یەکگرتووە کە شەش ساڵە  دەستی ناوەتە  بینە قاقای دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان وگەنجانەوە وناچاری سەرهەڵگرتنیان دەکات.

کوڕی باش گەر پینەو پەڕۆی هەڵوێستە نابەرپرسیارانەکەی دوێنێی ناوهۆڵی پەرلەمانت دەکرد،هیچ نەبا پرسێکت بەدیزاینەرانی  پینەوپەڕۆ بکردایە تا جوانیان بۆ بهۆنیتایەتەوە.

دووەم/دەربارەی ئۆپۆزسیۆن شانازی دەکەین ئۆپۆزسیۆنێکی  ڕاستگۆ وپیشەیین وبەداتاو ئامار چاودێری حکومەت دەکەین،لە بیست وهەشت ساڵی حوکمڕانیە  شکست خواردوەکەتانا بایی پەنجا ساڵی تر پۆخڵەوات وگەندەڵیتان بەجێ هێشتوە کە ئۆپۆزسیۆن کاری لەسەر بکات.

تەنها لەسایەی دەسەڵاتە شکستخواردوەکاندا ئۆپۆزسیۆن ڕاو بۆ چونی بەهەند وەرناگیرێ وبەهەناسەی تەنگەبەری حزبی ووەک دوژمن مامەڵەدەکرێ نەک  پێزو هێزو چارەسەری پێشنیازو پڕۆژرکانی ،کەئەگەر بەگوێی ئێمەمانانتان بکردبا ئێستا گەمارۆی گەندەڵی وگەندەڵکارانمان دابووو بەشێکی بەرچاویشیانمان هەواڵەی  زیندانەکانی چاکسازی  کردبوو.

سێ یەم/کورد واتەنی هەموو کەس لەباخەڵی خۆیەوە گوێزان دەژمێرێت،،ئەوەی ڕێز لەبەرامبەرەکانی دەگرێت خۆی ڕێزدارو خاوەنی ڕێزە وپێچەوانەکەشی ڕاستە،خۆ جەنابت لەزانکۆکانی (ئۆکسفۆرد وهارفاردو سۆربۆنەوە) نەهاتویەوە تا خۆتمان بەسەردا گیڤ بکەیتەوەو ئێستا بەرامبەر بەهاوپیشەکانت (کەزۆریان بەسەرتۆوە هەیە)بەوپەڕی لوتبەرزی ولەخۆڕازی بوون بڵێی(ئەوەی پێی دەڵێن شێرکۆ جەودەت)و(ئەوکوڕە کەناوی سیپان ئامێدی یە)و(ئەو کابرایەی پێی دەڵێن ئەبوبەکرهەڵەدنی)بەو جۆرە ناوت نەدەهێنان.

ئەو کابرایەی کەناوی ئەبوبەکر هەڵەدنی یە لەخولی پێشوو زۆر جاران خواخوات بوو لێدوانێکی لێوەربگری،،،هیچم نە کردبێت لەژیانمان ئەو شانازیەم هەیە تا ئێستا ڕێم لە داڵان و گوزەری ماستاوچیان  ودەربارو کۆیلەکان نەکەوتوەو خواپشتیوابیش بێت بۆ هەتا هەتایە سەری  پیاناکەم.


AM:10:50:14/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی