ئەردۆگان.. نەبای دیوە و نەبۆران؟

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی

دەزانم ئەم خۆسەغڵەت کردنە لەڕادەبەدەرەت بۆهەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەشاری کەرکوکی کوردستانی بۆ کۆکردنەوەی مشتێ بەڵێ یە بۆ ڕاپرسی لەسەر دەستورەکەت و خولیای سیستمە سەرۆکایەتیەکەت، وەلێ بەهەڵەدا چوی مێژووت باش نەخوێندۆتەوە ئەو ئاڵایە کە ڕەنگێکی سورە ئەوە بەخوێنی دەیان هەزار ڕۆڵەی کوردی بەئەمەک ئاودراوە بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنیانەی تۆ ئاساکان.

چیت پێداوین بۆ خۆت بۆری نەوت و ڕێکەوتنی پەنجا ساڵەو بنکەی سەربازی و دۆشاوی ئاڵتون ساکەت بەرەو بڕۆ، بەڵام بەهیچ جۆرێ دەسبەرداری ئازادی وئاڵاکەمان نابین، کە لەسەرسنگی کوڕ و كچە چەلەنگەکانمان چەقێنراوە.

ئەوە ئێمەی گەلین بڕیار لەسەر چارەنوسمان دەدەین نەک تۆی سیخناخ بەنەعرەتەی شۆڤێنی، ئێمەیەک نەسوخرە کێشی عەجەم و نە مەحکومی ئالی عوسمانین تا هەڕەشە و گوڕەشەکانت ساردمان کاتەوە کە ئاڵا ڕەنگاو ڕەنگەکەمان کە بۆنکڕوزی نیشتیمانی سوتماک کراوی لێ دێت تاکوێ و لەکوێدا دەچەقێنین.

تازە ناگەڕێینەوە بەرەو دواوە ئەو خۆرانەی ناوخۆش کە تۆ خەنی بوی پێیان لەبەردەم ویستی گەلدا ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەبێت چۆک دادەن و ڕووگەیان دەبێت وەرچەرخێنن بەرەو لای گەلی خۆیان ئەگەر نا نەفرەتی مێژوو.

سەدان ساڵە کوردستان ئامێزی پێکەوەژیانە، زەمینی جوامێری وقارەمانانە، گۆڕستانی داگیرکەرانە، دەرپەڕێنەری ستەمکارانە، لانکەی شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرخودانە.

ئەوەی تارمایی بەردەم ڕەونەقی ئاڵاکەمانە دزی و نادادی و یاساشکێنی وستەم وخراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە، ئەگەر نا هەڕەشە و گوڕەشەکانی تۆ هەر نابیستن.

تادوابستی خاکی پیرۆزی کوردستان ئاڵاکەمان بەکوێرایی چاوی ناحەزان هەر شەکاوە دەبێت.


PM:03:59:05/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 3479 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی