جەنابی سەرۆك هەنگاوی یەكەم ، دووهەمە

‌ره‌حمان غه‌ریب

پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان گرنگ بوو، نەك تەنها لەبەر ئەوەی گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، یا پێگەی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و  كوردستانیش لە شەڕی تیرۆردا شكستی بە تیرۆریستان هێناوە وەك لە پەیامەكدا ئاماژەی پێكراوە، بەڵكو لە ساتەوەختێكدایە كە دۆخی ناوخۆی كوردستان و پەیوەندی لایەنە سیاسییەكانی لە ئاستێكی خراپدایە.

ئەزمونی خەباتی گەلان بۆ سەربەخۆیی و بڕیاردانی چارەنووس لە پرۆسەی بەهێزكردنی فاكتەری ناوخۆیی یەوە دەستی پێكردوە، دونیایەك لەبەرژەوەندی حزب و گروپەكان كراونەتە قوربانی بۆ ئامانجە باڵاكەیان، هەر ئەو مەرجەش بووە بە هێزی گەیشتن بە ئامانجی بڕیاردانی مافی چارەنوس و سەربەخۆیی. 

ئەگەر نامانەوێت ئەم ئامانجە بەرزە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، ئەوە راستەڕێ دروستكردنی فاكتەرەكانی بەهێزكردنی یەكڕیزییە، زاڵبوونە بەسەر ناكۆكییەكانی ناوخۆ.

ئەوەی لەو پەیامەدا سەرنجی راكێشاوم قسەكردنە لەسەر هەنگاوی یەكەم، كە بەلای جەنابی بارزانی ڕوو لە بەغدایە، بێ گومان بەغدا گرنگە ناكرێت لە ئەولەویاتی كارەكاندا نەبێت، بەڵام بۆ دۆخی دژواری هەرێم ناكرێت لە ریزی یەكەمی ئەولەویاتدا دابنرێت.

دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەبێت هەنگاوی یەكەم بێت، بەمەش ریزبەندی بەغدا دەكەوێتە پاش كوردستان. با لەم كۆبونەوەیەدا مانشێتەكانی ئاشتبونەوەی نیشتمانی دابڕێژرێت و پاشان هەنگاوەكانی تری نۆژەنكردنەوەی ناو ماڵی خۆمان و نۆژەنكردەوەی پەرتەوازەیی و ناكۆكی و برینەكان وەك هەنگاوی یەكەم دابڕێژرێت، با ئامانجیش راگەیاندنی ئاشتبونەوەی نیشتمانی.هەنگاوی دووهەمیش بەرەو بەغدا بێت. 

ئێمە جارێ نەك هەنگاوێك بەڵكو ڕێگەیەكی دوورمان لەپێشە بۆ دروستكردنی ئەو كۆدەنگییە نیشتمانییە، با ریزبەندی ئەولەویاتەكان بگۆڕین تا هەمووان كاری بۆ بكەن.وەك دەشڵێن رێگەی دوور لە یەكەم هەنگاوەوە دەست پێدەكات.


PM:09:39:23/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 6137 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی