كاك نەوشیروان وای وت

‌ره‌حمان غه‌ریب

لە وتاری پێشوترمدا لەسەر رادیكاڵیەتی كاك نەوشیروان ئەوەم روونكردەوە كە كارلێكی رێكکەوتنەكە بۆ سەر جەستەی یەكێتی، ئەوەنە كاریگەر دەبێت، ئیدی چاودێرە زۆر و زەوەندەكانی سەر شاشەكان، بۆیان جیا نابێتەوە كامەیە هەڵوێستی یەكێتی و كامەشە هەڵوێستی گۆڕان؟.

بەڵام دوێنێ كاك نەوشیروان ئەوەی یەكلاكردەوە، ئەو وەك چاوساغی كاروانەكە یەكەمین هەڵوێستی سیاسەتی رۆژانەی خۆیان و یەكێتی، راگەیاند.

رۆژی چوارشەممە لە مەكۆی‌ سەرەكیی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان ، لە چوارچێوەی كۆبوونەوەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری‌ گشتیی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان، لەگەڵ كۆمەڵێ دەستە و‌ بازنە و رایەڵ‌ و مەكۆی بزووتنەوەكەی‌ پەیامی زەلیلی یەكێتی و بزووتنەوەكەی، بۆ پارتی نارد.

رێكخەری‌ گشتیی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان باسی لەوەكرد كە ئەوان لەگەڵ یەكێتیدا، هەوڵ بۆ ئەوەدەن، كۆتایی بە تاكڕەوی لە بڕیاردانی سیاسیدا بهێنین، و ئەو كەسانەش كە موسیبەت بەسەر وڵاتەكەیاندا دەهێنن، دەكەونە بەردەمی دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەو بەشێوەیەك رستەكانی هەڵدەبژارد، كە بزووتنەوەیەكەی و یەكێتی هەر بەرپرس نەبن لە موسیبەتەكانی ئەم وڵاتە و جۆرێك لە تكنیكی قسەی دا بە گوێی كادیرەكانی و رای گشتی كە كەس نەتوانێ پرسیاری ئەوەی لێ بكات، كێ گۆڕەپانی بڕیاری سیاسی و ئابووری بۆ ئەوانی تر چۆڵكرد؟ كێ تەفویزی دا بڕیاری سیاسی و ئابووری مۆنۆپۆل بكرێت؟

چونكە باس باسی "موسیبەت"ە ئیدی ئەوە بۆ ئیستهلاكی ناوخۆیی بازاڕی گەرم ئەبێت، هەوڵ بدەیت لەناو بازنەی "موسیبەت"دا، ئۆباڵی هەموو هەڵەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی بخەیتە ئەستۆی ئەویدی و خۆتیش بۆی دەرباز بیت.

ئەم باڵەی بزووتنەوەی كوردایەتی نەك ئێستا لە قۆناخە جیاجیاكانی دیکەی خەباتدا فێر بووە لە شكستا خۆی لە مەسئولیەتی تاوان و هەڵە ئەدزێتەوە و جلی مەڕی زەلیل لەبەر ئەكات.

ئێستاش دۆخە باشەكەی هەرێم خۆی بە شەریك و دۆخە خراپەكەشی ئیدی ئەو شەریكی موسیبەت و خراپەكان نییە.

بەكورتی رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان ئۆباڵی هەموو هەڵەكانی بزووتنەوەی كوردایەتی خستە ئەستۆی ئەویدی و جگە لە تاوانی پاشكۆیەتی بۆ پارتی، خۆی و بزووتنەوەكەی و یەكێتی نیشتمانی پاك پاك شت و لە مەسئولییەت وەك بەرزەكی بانان دەری كردن.


PM:03:36:16/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 5809 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی