‌خۆپاراستن لە پەتای درۆ
PM:03:45:20/03/2020
ره‌حمان غه‌ریب

بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەدهانوم گیبریسوس لە كۆنگرەی میونخ راستی وت كە مرۆڤایەتی دوو پەتا رووی تێكردوە، پەتای نەخۆشییەكە و پەتایەكی زانیاری درۆ.

ئێمە لەبەردەم چەواشەكارییەكی میدیای گەورەدایەن، هەزاران جۆری هەواڵی ناراست خۆی دەكات بەناو تۆرە كۆمەڵایەتییەكان.
 
بۆ نمونە لە مانگی رابردوو چۆن ئاگر بە پوشوپەڵاشدا بڵاودەبێتەوە ئاوا هەواڵێك لە وڵاتانی وەك ئەمریكا، هند، ئندنوسیا، غنا، كینیا، بڵاوبۆیەوە كە گوایە "حكومەتی چین داوای لە دادگای باڵای وڵاتەكەیان كردوە، كە 20 هەزار كەسی توشبوو بە نەخۆشییەكە بكوژن".
 
رۆژنامەنووسان بەرةنگاری فایرۆسەكە نابنەوە، ئەركیانە بەرەنگاری هەواڵی درۆ و چەواشەكاری و بەكارهێنانی سیاسییانەی نەخۆشییەكە ببنەوە، ویابن لە بەكارهێنانی دەستەواژەی زانستی و پزیشكی، بۆیە فۆكس لەسەر میدیا لە لایەن رێكخراوەكانی چاودێری میدیا و خەڵك زیاتر بووە.

هاوكارمان (میراج ئەحمەد تشودیری) لە تۆڕی جیهانی رۆژنامەنووسی بنكوڵكاری لە راپۆرتێكیدا باس لەو ئاڵانگاریانە دەكەت كە لە جەنگی ڤایرۆسی كۆروندا دێنە بەردەم كاری رۆژنامەنووسان.

ئەو ئاماژە بە توێژینەوەیەكی (Karin Wahl-Jorgensen) لە زانكۆی كاردیف كە سەرنجی داوە لە كە "ترس" رۆڵی گەورەی بینیوە لەكاتی روماڵی هەواڵەكانی تایبەت بە  (COVID-19) ئەو چاودێری (100) رۆژنامەی كردوە لە سەرتاپای جیهان، لە ناو نۆ چیرۆكی رۆژنامەوانی، یەكیان وشەی "ترس" یان (ترساوم)ی تێدایە.

چیرۆكەكان بە زمانێكی ترسناك نوسروان بۆ نمونە لە 50 نووسینی رۆژنامەوانیدا دەستەواژەی " فایرۆسی كوشندە" بەكار هاتووە.

بۆ دەرباز بوون لە ترس و روماڵكردنێكی هاوسەنگ، ئەو گرنگترین رێوشوێنەكانی لە كاتی روماڵكردندا خستوةتە روو كە كۆكراوی ئەو رێوشوێنانەن كە زۆرێك لە رێكخراوەكانی تایبەت بە رۆژنامەنوان بڵاویانكردوةتنەوە، ئەمە گرنگرترینیانە:
 
•    سیفەتی وەك" نەخۆشی كوشندە" بەكارمەهێنە.

•    بە وریایی وێنەكان بەكاربهێنە، تا پەیامێكی هەڵە نەبەخشیت.

•    رێوشوێنەكانی خۆپارستن روونبكەرەوە، تا چیرۆكە ترسڕەوێن بێت.

•       (COVID-19) چیرۆكێكی زانستییە نەك سیاسی، لە چیرۆكەكانت پشت بە پزیشك ببەستە نەك سیاسەتمەدارو كەسایەتی حزبی.

•    لە ناوهێنانی فایرۆسەكە پشت بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی ببەستە.

•    بە وریاییەوە كەسانی پسپۆر هەڵبژێرە، ئەوانەی هەڵگری براوانامەی دكتۆران مانای ئەوە نییە پسپۆرن لە نەخۆشییەكە.

•    روماڵی هەواڵەكە بكە، شیكاری مەكە.

•    وریای ناونیشان و لیدی هەواڵەكەت بە.

•    ورایبە هەموو ئامارەكان راست نین.

•    دەستەواژەی رەگەز پەرستی بەكار مەهێنە.




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.