وێنەی گۆڕان لە ئەلبومی كەركوكدا

‌ره‌حمان غه‌ریب


ژاوەژاوی مەزادخانەی دابەشكردنی پۆستەكانی بەغداو هەڵبەز‌و دابەزی نرخیان لە (بۆرسە)ی فرۆشتنی كورسییەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان‌و حكومەت، ئاستی بیستنی هەندێ هەڵوێستی نیشتمانی كز كرد. ئینجا لە كوردستانیش پۆستی سەرۆكی كۆماری هاتە سەر.

كە ژاوەژاوەی (بۆرسە)ی پۆستەكەی سەرۆكی كۆمار گوازرایەوە كوردستان ، ئیدی زەحمەت بوو لەناو ئەو فەوزای یەكتربڕین‌و بەیكگەیشتنەی بەرژوەندییەكانی حزب و سەركردەكانی سەبارەت بەو كورسییەی پارەی بەسەردا دەبارێت، دەنگی هەڵوێستێكی لەو شێوە نەبیستراو دەبێت‌و ژاوەژاوی بازڕی كڕین‌و فرۆشەكە، زاڵتر دەبێت.

لە بەرنامەی 10 پرسیاری كەناڵی رووداو كە پێشەكەشكاری بە توانا رەنج سەنگاوی پێشكەشی دەكات، كادێری بزوتنەوەی گۆڕان لەمەڕ رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، ئەو كاتەی تێكەڵەییەك لە هێزی عێراقی و میلیشییای ئێرانی حوكمی سەربازییان لە كەركوك سەپاند، پەردەی لەسەر هەڵوێستێكی رانەگەیندراوی سەركردایەتی بزوتنەوەكەیان هەڵماڵی.

كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی باسی ئەوەیكرد كە لەو مێژووەدا هێزێكی ئیقلیمی داوای هاوكارییان لێ دەكات، جەختدەكاتەوە"ئەگەر ئێمە رازی بووینایە ئێستا هەرێمی كوردستان دوو هەرێم بوو ، ئێمە لە هەرێمی سلێمانی باڵادەست بووین. ئەوە ئێمە بووین نەچووینە ژێر باری داواكارییەكانیان و هەرێمی كوردستانمان بە یەكپارچەیی هێشتەوە".

لێدوانەكەی كاروان گرنگە، ئەو دەورانە لە مێژووی تازەی میللەتەكەمان، هەمووی بە راستگۆیی نەنوسراوەو تەنها لە زاری سەركردەی سەربازی و حزبەكانی ناو گۆڕەپانی جەنگەكە (یەكێتی – پارتی ) نوسراون، نەك حزبی ترو چاودێری بێلایەن.

ئەلبومی شەڕی براكان، بەرژوەندی سیاسی‌و حزبی چركاندوێتی، پڕن لە وێنەی تەڵخ، روخساری پاڵەوان‌و ساختەچی بە روونی دیار نین، نیشتمان فرۆش و  نیشتمانپەروەر لە پانۆرامایەكدان، پاساوەكان بە فێڵی سەربازی‌و سیاسی پێچراوەتەوە، ناشزانیین روخساری (ئەویدی جیاواز)،چۆن دەردەكەوێت؟.

وێنەی گۆڕان لەناو ئەو ئەلبومەدا وێنەی پاڵەوانی ساختەو شەرمەزار نییە، ئەو لە گۆشەیەكی جیاوازتری نیشتمانی داگیركراو و باڵشكاودا وەستاوەو هێماكانی ناو چرچوولۆچی روخساری ماندوویدا پێمان دەڵێن: نیشتمانەكەمان بۆ دابەشبوون و فرۆشتن نییە.

ئەزانم لە بانگەشەدان، ورژاندنی كەیسی لەو شێویە دەچێتە ناو پرۆسەكە، بەڵام خۆ من دەنگدەری گۆڕان نیم. لەم نوسینە كورتەدایشدا سیاسەتی رۆژانەی بزوتنەوەكەیان هەڵناسەنگێنم كە ئێستاو رابردوو تاكتیكی لە جوڵەدا بووە. ئەوەشم لەبەرچاوە بۆ كەمینەیەكی ناو بزوتنەوەكە، دیمەنی تەپوتۆزی دەبابەكان، دڵڕفێن بوو. من باس لە هەڵوێستێكی رەسمی دیاریكراوی گۆڕان لە مێژوویەكی دیاریكراودا دەكەم.

خۆ ئەگەر هەر سوربیت لەسەر ئەوەی بانگەشەیە، ئەوە با تۆزێكی تری بۆ زیاد بكەم: هەتا سیاسەت و ئەخلاق پێكەوە گرێدرابن، نابێت كوردستانیان ئەم هەڵوێستە نیشتمانییە بەرزەی بزوتنەوەی گۆڕانییان یاد بچێتەوە.


PM:12:28:16/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1969 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی