لە شکستی بڕیار لە ئەنجومەنێکەوە بۆ سەرکەوتنی بڕیار لە حکومەتێکدا

‌ئاسۆ فەرەیدوون

لە ١٩ ی ئابی ٢٠١٦ دا ، بەپێ ی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕان ساڵ و ھەشت مانگەکەی ماوەی پارێزگاربوونی یەکێتی کۆتایی ھات وەک ئیلتزامێکی ئەخلاقی و سیاسی، ئێمە داوای ئیعفای خۆمان کرد لە پۆستی پارێزگار.بۆ ساڵ و ھەشت مانگی دووەم ڕادەستی بزوتنەوەی گۆڕانمان کرد. لە بەرانبەردا گۆڕانیش سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دا بە یەکێتی.

یەکێتی  لەسەر بڕیاری دیاریکردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە ، توشی قەیران و تەقینەوەیەکی ناوخۆیی گەورەبوو . بڕیاری حیزب بوو بەدوو کەرتەوە . کەرتێکیان لە ١ی ٩ ی ٢٠١٦ دا بە نۆ خاڵ ، خۆی وەک  ناوەندی بڕیار ڕاگەیاند . ڕاگەیاندنی ئەو ناوەندە  لەپاش شکستی بڕیاری سپاردنی سەرۆکایەتی ئەنجومەن بوو بە کاندیدەکەی ئەوان . تەقینەوە گەورەکەش لەوێوە دەستی پێکرد.

لەدوای سێ ساڵ بەسەر ئەو تەقینەوەیەدا ، چەند ڕووداوێکی گەورە تر،  لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا کەوتەوە کە ئەمڕۆ لەبری ناوەندی بڕیار لەناو یەکێتی دا ، بڕیارەکان  ھێزی بڕیاری بۆ دروست بووە .

کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا کە ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە ڕاگرتنی تەوازنی نێوان ھەردوو کەرتەکەی ناو یەکێتی ھەبوو . ھەروەھا   بەرکەوتەکانی ڕیفراندۆم ، کە ناوەندی بڕیار لایەنگر و داینەمۆکەی بەشە یەکێتیەکەی ڕیفراندۆم بوون  وەک   لە خاڵی  ٨ و ٩ ی ڕاگەیاندنی ناوەندەکەدا ئاماژەی پێکرابوو، مەرجێکی سەرەکی بەیەکێتی بوون بوو.

دواتر کۆچی دوایی مام جەلال ، گۆڕانکاری گەورەی بەسەر چۆنیەتی دروستکردنی بڕیاری لەناو یەکێتیدا ھێنا.

دەستەی ناوناوەند و دەرەوەی ناوەند  پێکھاتنەوە لەسەر ئەوەی ھیچیان ناوەندی بڕیاری نەبن . ئیتر ناوەندی بڕیاری وەک ڕەوتێک لەناو یەکێتیدا خامۆش کرایەوە  ، بەڵام بڕیارەکان  ، ناوەندێکی لە شکڵێکی تردا  بۆ دروست بوو . خۆشحاڵانە لە دیاریکردنی کاندیدەکانی پۆستە وەزاریەکانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمدا و بڕیاری یەکلاکردنەوەی پۆستەکان قەبارە و قورسایی ئەو ناوەندە دەرکەوت . ئەوەش ھەنگاوێکی باش و ئەرێنیە بەرەو داڕشتنەوەی سیاسەتی یەکێتی کە لەبێ بڕیاریدا توشی بێ ئامانجی ببوو . چونکە لەنەبوونی بڕیاردا ،یەکێتی ئامانجی لێ بزر بووە  . لەپاش سێ ساڵ لە شکستی دروستکردنی بڕیارێک بۆ دیاریکردنی سەرۆک ئەنجومەنێک ، ئێستا یەکێتی ناوەندێکی بەھێزی تیادا پەیدابووە بۆ بڕیاردان لە دیاریکردنی حکومەتێک . بۆیە ئەم سەرەتایە شایەنی ئیستکردن و بایەخە . دەکرێت یەکێتی پێ بگەڕێتەوە بۆ حیزبی دروستکردنی بڕیار .


PM:02:24:10/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی