داهاتی نەوتی كوردستان چی لێدێت؟

‌عەلی حەمەساڵح

چی لێدێت؟

چەندی بۆ موچە خەرجكراوە؟

كێ سەرپەرشتی دەكات؟

مانگانە چۆن ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دیارنامێنێت!

عەلی حەمە ساڵح

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

بڕی بەرھەمی نەوتی

ھەرچەندە بەپێی نەخشەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕی بەرھەمی نەوتی ھەرێمی كوردستان ئێستا دەبێت یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بێت بەبێ كەركوك، بەم شێوەی خوارەوە:

تاوگێ: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٥٠.٠٠٠ لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر(dno)

سەرسنگ: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٥٠٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (hkn)

ئەتروش: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٥٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر (taoa)

شێخان: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٥٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر كولف كیستون

ئاكرێ- بجیل: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٥٠.٠٠٠ ھەزار لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر (mol)

بەردەرەش: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٥٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(afren)

بنەباوی: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٥٠.٠٠٠بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، كۆمپانیا كاركەر(mov)

تەق تەق: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٧٥.٠٠٠بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر گەنەڵ ئەنێرجی.

میران:یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٣٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر گەنەڵ ئەنێرجی

تۆپخانە: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٣٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان.

كوردە میر: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٤٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر تالیسمان

گەرمیان: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ٥٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەكەر، ویستن زاگرۆس

كۆرۆمۆ: یەدەگی ھەناردەكردن لە ٢٠١٥دا ١٥.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا ، كۆمپانیای كاركەر دانا غاز .

خورمەڵە: یەدەگی ھەناردەكرد لە ٢٠١٥دا ١٥٠.٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا، كۆمپانیای كاركەر كارگروپ.

ھەرچەندە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ ئەم كێڵگە نەوتییانەی لەسەرەوە ئاماژەمپێدا، دروشمی بەرەو یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی ھەڵگرتووە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی ئێمە، ئێستا كە لە كۆتایی ٢٠١٥ نزیك دەبینەوە ئاستی بەرھەمی ئەم كێڵگانە نزیكەی ٧٠٠ ھەزار بەرمیلە.

ئەوەی دەبێتە ھۆی تێپەڕاندنی یەك ملیۆن بەرمیل بۆ ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی پێنەداوە، ٤١٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بەم شێوەیە:

ئاستی بەرھەمی رۆژانەیان بەم شێوەبوو

٩٧ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە بابەگوڕ گوڕ، كۆمپانیای كاركەر نەوتی باكورە.

٤٢ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە جەمبور، كۆمپانیای كاركەر، نەوتی باكورە.

٢٦ ھەزار بەرمیلی رۆژانە لە خەباز، كۆمپانیای كاركەر نەوتی باكورە.

بای حەسەن ١٧٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر كارە

ئاڤان ٩٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە، كۆمپانیای كاركەر كارە

كۆی گشتی: ٤٢٥ ھەزار بەرمیلی رۆژانە، دەكرێت تا ١٥ ھەزار بەرمیل كورتبكات و ئەم زانیاریانە لە ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكور وەرگیراوەو بڕی بەرھەمی نەوتی ئاڤاناو بای حەسەن، ھی پێش شەڕی داعشە، چونكە پێش ئەوكاتە ئەو دوو كێڵگە لەدەست كۆمپانیای نەوتی باكوردا بوو، بەڵام لە ئێستادا كۆمپانیای كارو لیوای نەوت و گاز لەو ناوچەیەن.

-بەگشتی، بەنەوتی كەركوك و ھەرێمی كوردستانەوە، بەرھەمی نەوتی نزیكەی یەك ملیۆنو ١٠٠ ھەزار بەرمیلەو بەتەواوی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ھەرێمی كوردستاندایە، دەكرێت ھەندێك جار بەھۆی گرفتەوە تاوەكو ئاستی یەك ملیۆن كەمببێتەوە.

پارەی نەوت چی بەسەر دێت

بەپێی یەك بەیەكی كێڵگەكان، ئاستی بەرھەمی نەوتی ھەرێمی كوردستان و كەركوك لە سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووەو ھەمووی لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ھەرێمدا بووە، فرۆشتنی ئەم نەوتە دابەش بووە بەسەر سێ بەشدا:

یەكەم: فرۆشتنی نەوت لە رێگای بۆری، بەرۆژانە تێكڕا ٦٢٠ ھەزار بەرمیلە، ٣٠٠ ھەزاری ھی پێنج كێڵگەكەی كەركوكەو ٣٢٠ ھەزاری ھی كێڵگەكانی ھەرێمی كوردستانە.

دووەم: پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا، ١٢٠ ھەزار بەرمیل لە پاڵاوگە مۆڵەتدارەكانی بازیان و كەڵەك دەپاڵێورێتو نزیكەی ٤٠ بۆ ٥٠ ھەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوگە بێ مۆڵەتەكانە.

سێیەم: ئەوەی دەمێنێتەوە بە تانكەر دەڕواتو ئەستەمە ئەم رێژەیە بە وردی دیاریبكرێت، لەبەر ئەوەی لە چەندین شوێنی جیاوازەو رێكنەخراوەو ناڕوونە، بۆنمونە رۆژانە تەنیا لە مەرزكەكانی باشماخ و پەروێزخان نزیكەی ١٠٠٠ تانكەر دەڕواتە.

پارەكە چەندە؟

بێگومان، نرخ و پارەی ماوە لەو نەوتەی بەتانكەر دەڕوات یان لە ناوخۆدا دەپالێورێت جیاوازە لەوەی بە بۆری دەڕوات.

ئەگەر تێكڕای پارەی ماوە بە بۆری ئەژماربكەین و نرخی بەرمیلێك بە ٣٥ دۆلار بخەمڵێنین، ٦٥١ ملیۆن دۆلار دەكات.

تێكڕای تانكەرو پاڵاوتن بە ٣٠ دۆلار بخەمڵێنین، كە ئەگەر ئاستی بەرھەمی نەوتی كەركوك و كوردستان یەك ملیۆن بەرمیلیش بێت، كەواتە:٣٨٠ ھەزار بەرمیل بە پاڵاوتن و تانكەر دەڕوات، بڕی پارەكە دەكاتە ٣٤٢ ملیۆن دۆلار.

كەواتە: بەلای كەمەوە داھاتی مانگانەی نەوت ٩٩٣ ملیۆن دۆلارەو پارەی پێویستیش بۆ موچە ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئەی كەواتە بۆ موچە نادرێت.

بۆ ئەم لێكۆڵینەوە، سێ مانگم وەك نمونە وەرگرتووە كەچەند پارەی ئەم نەوتە گەڕاوەتەوە؟

لە مانگی ھەشتدا، ٤٢٢ ملیۆن دۆلار دراوە بە موچە جیاوازی لەگەڵ داھاتی فعلی كە نزیكەی ٩٩٣ ملیۆن دۆلار،بڕی پارەی دیار نەبوو ٥٧١ ملیۆن دۆلارە.

لە مانگی نۆدا، بڕی ٤٠٨ ملیۆن دۆلار دراوەتە موچە، بڕی پارەی دیارنەبوو، ٥٠٨ ملیۆن دۆلارە.

لەمانگی یازدەداو ئەو پارەی تاوەكو ئێستا دابەشكراوە، نزیكەی ٤٥٠ ملیۆن دۆلارە، ئەوەی دیارنییە نزیكەی ٤٥٣ ملیۆن دۆلارە.

واتە بەگشتی مانگانە نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەم پارە دیارنییە.

ئەگەر، سەلماندنی دیارنەبوونی ئەم پارەیە بەشێوەیەكی دیكە بكەین و مانگی نۆ وەك نمونە وەربگرین، ئەو پارەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داویەتی بە وەزارەتی دارایی ٤٠٨ ملیۆن دۆلارەو پارەی تەنیا ٣٤٢ ھەزار بەرمیل نەوتە، لەكاتێكدا ئاستی بەرھەمی نەوت كە سەلمێندراوە یەك ملیۆنە، ئەی پارەی ٦٥٨ ھەزار بەرمیلەكە چی لێھات؟

لەو سێ مانگەی كە من وەك نمونە وەرمگرتووە بۆ ھەر مانگێك نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار نادیارە.

نەوتی كەركوك

گرفتی حكومەتی ناوەند و ھەرێم..

بڕی بەرھەمی ھەر پێنج كێڵگەكەی پارێزگای كەركوك ٤١٠ ھەزار بەرمیلە، ئێستا كۆی گشتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی ھەرێمی كوردستانەو خەرجی و موچەی كەركوكیش بە كۆمپانیای نەوتی باكوریشەوە كە ھەرێم نەوتەكەی دەفرۆشێت حكومەتی ناوەند دابینی دەكات.

ئێستا حكومەتی عێراق نەوتی كەركوك بە ھی خۆی دەزانێتو بەھەرێمی كوردستان دەڵێت: ١٧% خەرجی عێراق پاش دەرھێنانی خەرجییە سەروەرییەكان وەربگرە بەمەرجێك ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كەركوكم بۆ رەوانە بكە لەگەڵ ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كێڵگەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان.

ئەگەر بودجەكە بە وردی بخوێندرێتەوە، ھەرێمی كوردستان لە باشترین حاڵدا ٥٥٠ ھەزار بەرمیلەكەش وەك خۆی رەوانە بكات ٦٥٠ ملیار دینار زیاتر وەرناگرێت، چونكە ١٧% پاش دەرھێنانی خەرجی سیادی و حاكیمەو دانەوەی قەرزەكانی عێراقە، ئەوەی ھەیە لە واقعدا ھەرێمی كوردستان ١١% فرۆشتنی نزیكەی ٣ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار بەرمیل وەردەگرێت كە ٧ ملیار دۆلار دەكات بۆ ھەر مانگێك نزیكەی ٦٥٠ ملیار دینار دەكات پشكی ھەرێم، بەمەش ھەرێمی كوردستان ناتوانێت تەنیا موچەش دابین بكات، كە ٨٦٨ ملیار دیناری پێویستە.

ئەو كات ھەرێمی كوردستان دیسانەوە خۆی سەربەخۆ نەوتی كەركوك و ھەرێمی كوردستانیش دەفرۆشێت، بەمەش ناكۆكیییەكان قوڵتر دەبێتەوە بە تایبەت لەسەر نەوتی كەركوك.

حكومەتی عێراق سێ بژاردە دەكەوێتە بەردەمی:

یەكەم: رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوتی كەركوك، پێموانییە بتوانێت ئەم رێگرییە بكات بەبێ رەزامەندی پارێزگاری كەركوك.

دووەم: بڕینی بەشە بودجەی كەركوك، ھەرچەندە بارگرانی لە سەر ھەرێمی كوردستان و كەركوك دورستدەبێت، بەڵام لە رووی سیاسییەوە خزمەتی گەورە بە كورد دەكات، بۆیە حكومەتی عێراق ئەمەش ناكات.

سێییەم: پەنابردن بۆ دادگا، پێموایە ئەم رێگا دەگرێتەبەر.

ئێستا گرفتەكە ئەمەیە..

سەلماندمان مانگانە ٤١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە كەركوك بەرھەمدێت و ھیچ بڕێكی ئەم نەوتە ئێستا نادرێتە حكومەتی عێراق، یەك دۆلاریش بۆ كەركوك و كەركووكییەكان خەرجناكرێتو ئەم پارەش بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان خەرجنەكراوە، ئەی كەواتە بۆ كێ بووەو كێ بەرپرسە؟ چونكە سەلمێندرا مانگانە نزیكەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار نادیارە.

پارێزگاری كەركوك، ئەنجومەنی پارێزگاش، دەڵێن: چی دیكە قبوڵ ناكەین ئەم غەدرە لە كەركوك و كەركوكییەكان بكرێت.

ئایا بەم شێوەیە كەركوك دەگەڕێنینەوە سەر ھەرێمی كوردستان، نەوتەكەیان ھەمووی ببرێت و دینارێكیان پێ نەدەین؟

ئەگەر حكومەتی عێراق، وەك كاردانەوە موچەو بودجەی كەركوكی بڕی پلانی ھەرێمی كوردستان چییە؟

پارەی نەوت لە كوێییە؟

كۆی پارەی نەوت، ئەوەی بە بۆڕی دەفرۆشرێت، ئەوەی لەناوخۆدا بەكاردێتو داھاتی تانكەر دەگەڕێتەوە بۆ بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی، كە بانكێكی كەرتی تایبەتە!!

بۆنمونە داھاتی رۆژانەی فرۆشتنی بەنزین كە نزیكەی ٢ ملیۆن دۆلارە لەسەرجەم ناوچەكانی كوردستانەوە كۆدەكرێتەوەو دەھێندرێتەوە بانكی كوردستان، كۆی داھاتی بەرھەمە نەوتییەكان مانگانە نزیكەی ١٠٠ بۆ ١٢٠ ملیۆن دۆلارە دێتەوە بانكی كوردستان.

ئەو نەوتەی لەرێگای بۆڕی دەفرۆشرێتو بە دۆلارە دەگەڕێندرێتەوە بانكی كوردستانو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پارەكەش لە دۆلارەوە بۆ دینار ھەر بانكی كوردستان بەبێ كێبڕكێ و بەنرخی بانكی ناوەندی وەریدەگرێتو قازانجی مانگانەی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن دۆلارە.

واتە: دەتوانین بلێین كۆی پارەی نەوت لە بانكێكی ئەھلی دادەنرێتو ئەمەش گەورەترین زیانە بە بانكەكانی حكومەت دەگەیەنێتو گەورەترین قازانج و قۆرخكارییە بۆ بانكێكی ئەھلی!!!


PM:12:39:30/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 4188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی