رۆژ نوری شاوەیس

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ئینسانەکان کە کەسێکیان لێ ئە مرێت، بە شێوازی جیاواز و بە گێڕانەوەی جیاواز باس لە مردوەکانیان ئەکەن. هۆکاری ئەمەش بۆ جیاوازی ئەزمون و بیرەوەریەکانیان لە گەڵ مردوەکانیان ئەگەڕێتەوە. ئەم وتارە متەوازعە تەعبیر لە تێگەیشتنی بەندە ئە کات بۆ کەسایەتی ئینسانێکی نیشتیمان پەروەر و ڕۆشنبیرکە مەرج نیە ئەزمونەکانما ن لەگەڵ خەڵکیتر یەک بگرێتەوە.

کەسێکی زۆر ڕاشکاو، قسەخۆش و تا سەر ئێسقان کوڕی سلێمانی. بەجۆرێک کە نە خوێندنەکەی لە موسڵ و نە لە ئەڵمانیاش، نەیانتوانی ڕەنگ و ڕوی سلێمانی لێ بسەننەوە و بیسڕنەوە. کاک ڕۆژ توڕە بونیشی هەبوو، بەڵام توڕەبونەکانی میزاجی نەبوون، بەڵکو کاردانەوە بوون، بۆ نموونە ئەگەر لایەنێکی بەرامبەر هیچ مافێکی بە کورد ڕەوا نەبینیایە، یان کەسێک ئیشەکەی خۆی بە جددی جێبەجێ نەکردایە و کەمتەرخەم بوایە.

کەسایەتی کاک ڕۆژ تێکەڵەیەک بوو لە ڕۆشنبیرێکی مۆدێرن کە لە بواری زانست دا (بەتایبەتی بیرکاری و فیزیا) شارەزاییەکی باشی لە ئاستی ئاکادیمی دا هەبوو. حەزی لە شیعرو مۆسیقا و بابەتی مێژوو بوو، بەتایبەتی مێژوی کۆن یان کلاسیک (وەک مێژوی کۆنی یۆنان، ڕۆم و میسۆپۆتانیا). دەسەڵاتێکی باشی بەسەر چەند زمانێکی بیانیدا هەبوو، لەوانە ئەڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزی.

لەگەڵ ئەمانەشدا کاک ڕۆژ لە جوتەی (سیاسی - سەربازی) کەسێکی بێ وێنەبوو. بەداخەوە بەندە لە هیچ شەڕێکدا هاوشانی کاک ڕۆژ نەبووم، بەڵام ئەوەی هەندێک لە برایان باسی لێ ئەکەن، ئازایەتی کاک ڕۆژ لە ئاستێکی شێتانە بوو، بە جۆرێک کە بە هیچ جۆرێک سڵی لە فیشەک و لە مردن نە ئەکردەوە.

کاک ڕۆژ سیاسەتمەدارێکی لێهاتوو، پێشمەرگەیەکی ئازا و خاوە نی بیرو باوەڕی کوردایەتی و، موبالەغە نیە گەر بڵێم عاشقی بست بە بستی خاکی پیرۆزی کوردستان بوو. ڕۆحت شاد و یادت بەخێر مامۆستا و هەڤاڵی ئازیز.


AM:11:40:15/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی