بۆ براو هەڤاڵم فرسەت سۆفی

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

هەرچەندە هەڤاڵی یەكتر بووین، بەڵام من فرسات سۆفیم نەئەناسی. جارێك لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٣ لە مێرگەسۆر یەكترمان بینی. پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكان و سوێندخواردنمان لە پارلەمان، وەك عورفی سیاسی، كۆبونەوەیەكمان لەگەڵ بەشێك لەسەركردایەتی حیزب بەسەرپەرشتی كاك نێچیرڤان بارزانی (وەك جێگری سەرۆكی پارتی) كرد. ئەوەی لە كۆبونەوەكەدا سەرنجی ڕاكێشام قسەكانی كاكە فرسەت بوو. فرسەت بە كاك نێچیرڤانی گوت: ``ڕێگەمان بدەن دەستكراوە بین، ئەگەر وەزیرێكی پارتی لە گەندەڵیەوە تێوەگلا، یان كەمتەرخەم بوو لە ئەركی خۆی، لێگەڕێن با ئێمە پێش لایەنەكانی تر قسەی لەسەر بكەین. ئەم قسەیەی زۆر دڵخۆشی كردم، چونكە مەرامەكەی پڕاوپڕە لە خۆشەویستی و وە فاداری بۆ گەل و نیشتیمان. 

فرسەت سۆفی لە چۆمان و لە یەكێك لە مەڵبەندە گرنگەكانی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لە دایكبووە. ناوچەی باڵەكایەتی و بەتایبەتی ناوپردان، چۆمان، حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە و قەسرێ و دیلمان لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول چووە لاپەڕەكانی مێژوەوە، چونكە سەركردایەتی شۆڕش و سیمبۆلی بەرخۆدانی لەخۆگرتبوو. ئەوە جگەلەوەی كە شاڕێی هەمیلتۆن شایەتە بۆ گرنگی ستراتیژی ئابوری و سەربازی ئەم دەڤەرە، كە  زیاد لە سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئینگلیزەكان دركیان پێكردوە. فرسەت مناڵی ئەو ناوچەیە بوو، كە جگەلەوەی بەهەشتێكی خواكردە، كانگای كوردایەتیشە و، ئەویش بێبەش نەبوو لە پەروەردەی كوردایەتی ڕەسەن و بێگەرد.

بە پێچەوانەی هەندێك كەس كە لە ناخدا ترسنۆكن، بەڵام بەقەڵەم و لەسەر شاشەی تەلەفیزیۆنەكان وەك ڕۆستەمی زاڵ خۆیان نیشان ئەدەن و ئەوەندەی تیا ناهێڵنەوە كە خەڵك تۆزقاڵە زەڕڕەیەك ڕێزیان لێ بگرێت، فرسەت كەسێكی دەم و گفت شیرین و عەوداڵی سازان و یەكڕیزی بوو. ئەو پێی وابوو دەبێت كێشەكان بە دیالۆگ و گوێ بۆ یەكتر گرتن چارەسەر بكرێن، نەك بە هەڕەشە و گرتنە ناوو ناتۆرە لە یەكتر. وەك كەسێكی قانونناس، كارامە و كرێكاری مەبدەئی چاكسازی و ڕیفۆرم بوو لە ئوسلوبی حوكمڕانی و بنەبن كردنی گەندەڵی. لە پێناو ئەو مەبدەئەشدا شەونخونی و ماندووبوونێكی زۆری كێشا. لای فرسەت گەندەڵ گەندەڵ بوو، ئیتر لەهەر جومگەیەكی دەسەڵات و سەر بە هەر حیزبێكی سیاسی بوایە. تەنانەت لەپێش هەموو حیزبەكانی تریش لای مەبەست بوو كە ئێمە لە حیزبی خۆمانەوە چاكسازی دەست پێبكەین. 

بەداخەوە لەكۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر نین ئەو كەسانەی كە لەچوارچێوەی كاری سیاسیدا ناوبانگ یان پلە و پۆستێك بەدەست دێنن و بەساغی ئەمێننەوە. فرسەت كوڕە بەوە فاكەی ڕێبازی كوردایەتی بوو. ڕێبازی بارزانی لای فرسەت بڕوای بێ بڕانەوە بوو بە ئازادی و دیموكراسی، نیشتیمانپارێزی، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، هەر بۆیەش بە ساغی مایەوە.

ئاخۆ چەند ڕۆڵەی بەوە فای ئەم نیشتیمانە پیرۆزە وەك كاكە فرسەت، بە ئاواتی سەربەخۆیی خاكی پیرۆزی كوردستان، چاكسازی و سزادانی گەندەڵكاران بەجوانەمەرگی سەر بنێنەوە.

ڕۆحت شاد و یادت بەخێر هەڤاڵی ئازیز و كاكە براكەم.


PM:07:43:18/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی