کاک مەحمود سەنگاوی بۆ چویتە سەنگەری بەعس و داعشەوە؟

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

کابینەی نۆھەم لە ئەنجامی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێمەو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان «وەک سێ کوچکەی سەرەکی» پێکھێنرا. ئەو لێکتێگەیشتنە ئاسان نەبوو، بەڵام دواجار گەیشتینە ئەنجام.

کابینەیەک پێویستی بە ماوەی زەمەنی چوارساڵە بۆ ئەوەی بەرنامە و کارنامەکەی جێبەجێ بکات. ھەندێک جار گەیشتن بە مەرام لەو چوارساڵەشدا مەیسەر نابێت. چونکە شتانی چاوەڕوان نەکراو دێنە پێشێ و، پێشبینیەکان وەک ئەوەی چاوەڕوان ئەکران دەرناچن. ھەر بۆیەش حوکمڕانی ئیشێکی قورسە.

بەداخەوە گوێبیستی ھەندێک دەستەواژە بوین لە پێشمەرگەی دێرین کاک مەحمود سەنگاوی کە نەدەبوو قسەی ئەو بن. مەسەلەی درزی نێوان لایەنە سیاسەکان لە کوردستان شتێکی شارراوە نیە، بەڵام کەی دێت ئەو ڕۆژەی واز بێنین لەوەی دوژمن دۆست و، خۆمان دوژمن بین؟... کەی دێت ئەو ڕۆژەی لەسەرخۆ ئەم وڵاتە بەڕێوەبەرین؟... کەی دێت ئەوڕۆژەی لەبری دڵەڕاوکێ و موزایەدەی بێ مانا، دڵنیایی سەقامگیری ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی بدەینە ھاوڵاتیان؟

کاک مەحمود  پێشمەرگەیەکی نیشتیمان پەروەر بوە لە شۆڕشی نوێی خەڵکی کوردستانا و، قوربانی بۆ داوە. بۆ ئەبێت بەم زمانە و بە پێچەوانەی مەبدەئی یەکڕیزی قسە لەگەڵ ئێمە بکات؟... ئەگەر ئێمەی پارتی وەک بەعس و داعش واین، چۆنە ڕێگە ئەدات حیزبەکەی لەگەڵ ئێمە حوکومەت پێک بھێنێت و کاک مەحمود سەنگاوی بکاتە ھاوسەنگەری بەعس و داعش؟!


PM:08:19:18/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 23132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی