ڕێفراندۆم: ٢١ ڕۆژ لە نێوان سەرکەوتن و شکەستدا

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

           « ٢٠١٧/٩/٢٥ - ٢٠١٧/١٠/١٦ »

ڕێفراندۆم مۆدێلێکی خۆ ساخکردنەوەیە لەسەر بابەتێک کە بەرژەوەندی زۆرینەی کۆمەڵگای بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوە بەندە. لە باشوری کوردستان ئێمە لە ٢٠١٧/٩/٢٥ ڕێفراندۆممان لەسەر مانەوە مان، یان خۆ پسانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کرد. 

بۆچی ڕێفراندۆممان کرد؟

مۆدێلی فیدرالیەک کە لە بەغداوە ئیدارەیەکی دەستوری و شەراکەتی پێکھاتەکانی عێراق، بۆ بەدیھێنانی حوکمڕانیەکی دیموکراسی لە دوای ڕوخانی سەددام، نەک شکستی ھێناوە، بەڵکو بۆ یەک ساتیش مۆدێلی فیدرالی ھەست بە بوونی نەکراوە و، ئەڵێی دەستوری عێراق بەس بۆ خوێندنەوە نوسراوەتەوە نەک بۆ جێبەجێکردن!

پەرت و پەرەوازەیی ناوخۆمان «کە گەورەترین خاڵی لاوازی ئێمەیە لای بەغدا» و، ئەم شل و شێواویەی دەوڵەتی عێراق، ھۆکاری سەرەکی بوون لە ئاڕاستەگۆڕینی پەیوەندیەکانی ئێمە و دەوڵەتی عێراق لە باشەوە بەرەو و خراپ و... زۆر خراپتر.

ھەرچەندە لەمێژ بوو بیرۆکە و تەنانەت ئامادەکاریش بۆ ھێرشی سەربازی بۆسەر ھەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە ھەبوون، بەڵام بارگرژیەکان لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق لە  سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ وە تۆخ بوونەوە. عێراق میزانیەکەی ھەرێمی بڕی. ھێرشەکانی داعش لە عێراق چڕ بوونەوە و ھێرش کرایە سەر کوردستان ٢٠١٤/٨. 

لە ڕوی ئیدارەی سەربازیەوە، ھێزی پێشمەرگە و بەگشتی بەرگری ئێمە پەرش و بڵاو و بێ تەدریب بووین. لەبەر بوونی ناوەندی بڕیاری سەربازی لە ھەرێمی کوردستان بە دوو ناوەندی ھەولێر و سلێمانی، ئەستەمە قسە لەسەر لەشکرێکی یەکگرتوو و ڕێکخستوو بکرێت.

کەوابێ ئێمە لە جەبھەیەکدا لە شەڕێکی بەستەڵەکیدا بووین لەگەڵ بەغدا... شەڕی گەرمی داعشیشمان بۆ ھات. ئێمە دەبوو لەسەرێکەوە بە پاڵپشتی ھاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش بە سەرکەوتوویی بمێنینەوەو خاکی خۆمان نەدەین بەدەستەوەو بیانسێنینەوە، لە سەرێکیترەوە بیر لە بەدیلەکان بکەینەوە بۆ ڕزگار بوون لەژێر فشارو ھەنگاوە دوژمنکارانەکانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی فیدرالی کوردستان.
ھەر لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ وە بیرۆکە بەدیلەکان چەکەرەیان کرد و بە ئاشکرا باسیان لێ کرا. سەربەخۆیی ڕانەگەیەنرا، بۆ ئەوەی شانسی دیپلۆماسی لەگەڵ بەغدا بمێنێیت و ھەموو پردەکان نەڕوخێنرێن. بۆیە ئەوەی دەمایەوە گەڕانەوەیەک بوو بۆ بڕیاری خەڵکی کوردستان لەسەرێکەوە و، بە ئاگا ھێنانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر کردارە نادەستوریەکانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان لەسەرێکی ترەوە... ڕیفراندۆم بوو بە بەدیلی سەرەکی.

ھەتا شەڕی دژ بە داعش گەرم بوو، کەس زۆر فشاری لەسەر نەکردین باسی ڕیفراندۆم نەکەین. بەڵام کە داعش گەیشتە لاوازترین پلەی ھێزی خۆی، گۆڕانکاری بەسەر مەوقیفی ھەندێک لە دۆستەکانماندا ھات،  دراوسێکانمان شڵەژان، لە ناو خۆماندا بەڕەغمی دام و دەزگای ئەنجومەنی باڵای ڕێفراندۆم کە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی کوردستانەوە نوێنەرایەتی دەکرا، ھێشتا کۆدەنگی نیشتیمانی درزی تێدابوو.

ئێمە ڕێفراندۆم مان ئەنجامدا و سەریش کەوتین. کاک مەسعود بە سەرکردایەتیکردن و جورئەتی ئەنجامدانی وسەرخستنی ڕێفراندۆم، پلەیەکی ھێجگار بەرزی لە مێژووی کوردستان بۆخۆی تۆمار کرد. خەڵکی کوردستانیش بوونە خاوەنی بەڵگەنامەی فەرمی بڕیاری خۆیان.

ھەندێک لە خاڵە سنوریەکان داخران. فڕۆکەخانەکانمان داخران. ھێزی پێشمەرگە زۆرینەی ھەرە زۆری خاکی ھەرێمی کوردستانی بەدەستەوە بوو. لە ٢٠١٧/١٠/١٦ ھێزەکانی حەشدی شەعبی و لیواکانی جەیش و پۆلیسی عێراقی ھێرشیان کردە سەر کەرکوک و بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە زیادتر لە نیوەی ھەرێمی کوردستان کەوتەوە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی عێراق. 

لە نێوان ٩/٢٥ بۆ ١٠/١٦ دەکاتە ٢١ ڕۆژ. لەو سەرکەوتنەوە، بۆ ئەو شکستە. دەبوایە چیمان بکردایە و نەمانکرد؟... چیمان کرد کە دەبوایە لەو ٢١ ڕۆژەدا نەمانکردایە؟... لەو ٢١ ڕۆژەدا چی ڕویدا؟

ئەم گوتارە کورتەی ناوەڕۆکی ئەو سێمینارەیە کە لە ڕۆژی ٢٠١٩/٩/٢٧ لە شاری بەڕلین بە ناونیشانی : گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر ڕێفراندۆم لەگەڵ ئاری ھەرسین پێشکەش دەکرێت


PM:10:49:25/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی