بڕوانامەی سیاسەتمەدار

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


"چوارچێوە وێنە ڕێک دەخات، بەڵام نایگۆڕێت"

                                                شێرکۆ بێکەس

نوسەر و زانستکاری ھۆڵەندی ( ڕۆسانا ھارتزبێرگەر) لە گوتارێکیدا لە ڕۆژنامەی ( ئێن ئەڕ سێ) لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠١٢ لەسەر بڕوانامەی پارلەمانتارانی ھۆڵەندی دەڵێت: " ئەگەر بڕوامان بەوە بێت کە پارلەمان پێویستە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا بێت، ئەوا لە کۆی ١٥٠ ئەندامی پارلەمانی ھۆڵەندا، پێویستە ٥٠ کەسیان بڕوانامەی سەرەتاییان ھەبێت، ٦١ ئەندام بڕوانامەی دواناوەندی، ٢٤ ئەندام بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ١٤ ئەندامیش خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بونایە". ھەروەھا خێردی فێربێرت سەرۆکی پارلەمانی ھۆڵەندا پێی وایە: ٩٠% ئەندامانی پارلەمانی ھۆڵەندا دەرچوی پەیمانگە و زانکۆکانن، ئەمە لە کاتێکدا ئەمانە ٣٠% دانیشتوانی ھۆڵەندا پێکدەھێنن، ئایا ئەو ٧٠% تر پێیان وایە کە لە پارلەماندا نوێنەرایەتی دەکرێن؟..

لە ئێستادا باس لە مەسەلەی بڕوانامە (وەک پێشمەرجێک) بۆ ئەندامەتی پارلەمان دەکرێت. ھەر بۆیەش لەسەر ئەم بابەتە چەند سەرنجێک دەخەینە ڕو

 زانکۆ خوێندکار بە زانیاری پڕ چەک دەکات و، فێری دەکات چۆن بە زانستیی بیر بکاتەوە و توانای شیکاری مێشکی بەکاربێنێت ( کە ئەمەش بۆ ھەموو زانکۆیەک و بۆ ھەموو خوێندکارێک شتێکی مسۆگەر کراو نیە). بەڵام زانکۆ کارگەیەک نیە ساڵانە خەڵکی عاقڵ بەرھەم بھێنێت. عاقڵی و زیرەکی دوو شتی جیاوازن، ھەموو ئەو کەسانەی کە عاقڵن زیرەکن، بەڵام مەرج نیە ئەوەی لە بواری خوێندندا زیرەک بوبێت عاقڵ دەرچێت. بەڵگەی ورد و درشت لەسەر ئەم بابەتی (عاقڵی - زیرەکی) زۆرن، بەڵام ئەم گوتارە شوێنی ئەوە نیە و دڵنیام خوێنەر لە چاوتروکاندنێکدا زۆر نموونەی لەسەر ئەم بابەتە بە بیردا دێتەوە

زۆر کەس لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان بڕوانامە وەردەگرن، بەڵام کەمیان دەبنە موجتەبای سەیدزادە و ڕزگار خۆشناو و ھەژار زەھاوی. زانکۆکانی ئەڵمانیا بە سەدان و زیاتریش پرۆفیسۆریان لە بواری سیاسەت تێدایە، بەڵام ئەنجێلا مێلکرد دەبێتە ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە. زۆر کەس دەرچوی کۆلێژی زمان و ئەدەبی کوردی و عەرەبین، ئاخۆ چەندیان بە ئەندازەی ھەژاری موکریانی زمانزانن؟ چەندیان بە ئەندازەی ھەردی ئوستادی عەروز و ڕەخنەی زمانی عەرەبین

پێوەری خوێندەواری بۆ ئینسان بڕوانامەکەی نیە، بەڵکو سیستەم و ئاستی فراوانی بیرکردنەوەیەتی. ئاستی خوێندەواری مامۆستا مەسعود محەمەد لە ھەموو بڕوانامەیەک بەرزترە.

بە دڵنیاییەوە ناوەندێکی وەک پارلەمان پێویستی بە کەسانی پسپۆر لە بوارە جیاوازەکاندا ھەیە و بەتایبەتی پسپۆڕیی لە بواری قانون. بەڵام پارلەمان لە بنەڕەتدا پێویستی بە کەسانی سیاسەتمەدارە. وەزیر پێویستە سیاسەتمەداری چاک بێت، نە ک پسپۆر لە بوارێکی تایبەتیدا. ئەوە بەڕێوەبەرە گشتیەکانن کە پێشمەرجی پسپۆڕیان دەبێت تێدابێت. بۆ سیاسەتمەدار ھەمیشە ئەو دەرگایە لەسەر پشتە کە دەتوانێت کەڵک لە پسپۆڕی ڕاوێژکاری لێزان لە بوارێکی تایبەتیدا وەربگرێت.

دواجار سیاسەت پێش ئەوەی زانست بێت ھونەرە. سیاسەتمەدار پێویستە کەسێکی مەبدە ئی، عاقڵ، دادپەروەر، ئازا، ئەستۆ پاک، ڕاستگۆ و دڵسۆز و خزمەتکاری میللەت و نیشتیمانی خۆی بێت. ھیچ زانکۆیەک لە دونیادا ناتوانێک بڕوانامەیەکی لەم جۆرە (بڕوانامەی سیاسەتمەداریی) بداتە کەسێک


PM:02:00:15/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی