کوردستان یان نەمان

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

لەسەرەتای دەستپێکی ڕاپەڕینی دانیشتوانی سوریا بەرامبەر ڕژێمی ئەو وڵاتە، وەک ئەڵقەیەک لە زنجیری پێشھاتەکانی چەند دەوڵەتێکی عەرەبی کە بە (بەھاری عەرەبی) ناوی دەرکرد، لەوانەیە نەتەوەی کورد لە خۆرئاوای کوردستان (سەرەڕای ئەو تێبینیانەی لەسەر سیاسەتی تاکڕەوانەی یە. پە. گە باسیان لێوە دەکرێت)  لە ھەموو دەستەو گروپە سیاسی و ئاینیەکانی تر ڕێکخستووتر و مەدەنی تر و، لە ھەموو ھێزە سەربازیەکانی تریش لە شەڕی دژ بە داعش کاریگەرتر بوەبێت

مافە خواکرد و سروشتیەکانی نەتەوەی کورد گرنگترین پارامەتری دەستنیشانکردنی کوالیتی دیموکراسی و مافی ئینسانە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیر کردوە. ئەمە ئەو پرنسیپەیە کە فراکسیۆنی نەتەوەیی وەک گرنگترین پێوەر لای پەسەندە و ڕەچاوی دەکات. ئیتر ھەرچی بانگەشەی پۆپۆلیستی و دروشمی ھەڵخەڵەتێنەر لەسەر مافی ئینسان و دیموکراسیەت، ئەگەر باسی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، وەک مافێکی سروشتی بۆ نەتەوەی کورد نەسەلمێنێت، ئێمە بە پولێک نایکڕین

لە تێگەیشتنی واقیعبینانەمانەوە بۆ جیۆپۆلیتیکی کوردستان، چەند جار دوپاتمان کردۆتەوە، کە کێشەی سیاسی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان و دوزینەوەی چارەسەر بۆی، نە لە دەسەڵاتی ئێمەدایە و نە ئیشیشی بۆ دەکەین، ئێمە تەنیا دەتوانین فاکتەرێکی یاریدەدەر بین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە. بەڵام ھیچ پەیمانێکمان بە کەس نەداوەو ناشیدەین کە لە ئاست قەتلوعام کردنی نەتەوەکەمان لە لایەن ھەر ھێزێکەوە  و لە ھەر سوچێکی کوردستان بێت بێدەنگ بین

لە بەرواری ٢٠١٨/١/٢٠ ەوە سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا ھێرشێکی دڕندانەی بۆ شاری عەفرین لە خۆرئاوای کوردستان دەست پێکردوە. لەم ھێرشەنابەرابەرەدا ھەمو جۆرە چەکێکی قورسی دروستکراوی وڵاتانی خۆرئاوا بەرامبەر خەڵکی مەدەنی ھەر لە ژن و منداڵ و پیرو گەنجە وە بگرە، ھەتا پارێزەرانی سەروەری نیشتیمان و شەڕڤانان بەکار دەھێنرێت. ئەم سوپا دڕندەیەی تورکیا بەبەرچاوی ھەمو دونیای (مدعی) دیموکراسی و مافی ئینسانەوە کردەوەی بەدناوی کۆمەڵکوژی بەرامبەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە پیادە دەکات. لە بەرامبەر ئەمەش دا خۆرئاوا بە دەوڵەت و بە سەرجەم فۆرماسیۆنە لێبوکەکانیەوە، تەنھا "نیگەرانن" و ھەتا ئیستا ھیچ ھەڵوێستێکی کۆنکریتییان دیار نیە. لە کۆی ٥١ یەک دەوڵەتی ئیسلامیش کە ٤١ دانەیان لە ڕابوردودا  لە لایەن وڵاتێکی خۆرئاواوە داگیرکراون و، زۆبەشیان ھەتا ئێستاش بەدەست ئاسەواری ئەو داگیرکاریەوە دەناڵێنن، کەچی نەک ویژدانی ئینسانی، بەڵکو ویژادی ئاینیشیان بایی ھێندە غیرەتی نەدانێ ئیدانەیەکی ڕاشکاوانەی ئەم کردەوە دڕندانەیەی دەوڵەتی تورکیا بکەن

 ئێمە لە فراکسیۆنی نەتەوەیی لە شەرمی بەدەست دانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان و دواجار داگیرکردنی لەلایەن سوپای دڕندەی عێراقەوە لە ڕومان نایەت بڵێین: پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھێزی پێشمەرگە ڕەوانەی عەفرین بکات. چونکە ئەوکات عوزرمان لە قەباعەت خراپتر دەبێت. چاوەڕوانیش ناکەین حکومەتی ھەرێم لەم ھەل و مەرجە قەیراناویە زۆر ئاڵۆزەدا، ھەڵوێستی توند بەرامبەر بە تورکا وەربگرێت، ھەر بۆیەش گلەیی لێ ناکەین. بەڵام بە پێویستی دەزانین کە پارلەمانی کوردستان ئیدانەیەکی ڕاشکاوانەی ئەم کردەوە فاشیستیەی سوپای دەوڵەتی تورکیا بکات.

بە داخەوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان چونەتە سەر سوننەتی داگیرکەران و دەوڵەتە بڕیار بەدەستەکانی خۆرئاوا و،  کەسیان دان بەوەدا نانێن کە کوردستان داگیر کراوە و کۆڵۆنیە. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر وڵاتێک بە کۆڵۆنی و داگیرکراو پێناسە نەکرابێت، ئیتر باس کردن لە سەربەخۆیی بۆ ئەو وڵاتە گاڵتەجاڕە. ئێمەش ھەر لە پڕۆسەی بە عەرەب کردن و بە تورک کردنەوە بیگرە ھەتا تاوانی جینۆساید کە لە ڕابوردوو لە ئێستاشدا لە دوزخورماتوو عەفرین بەرامبەرمان کراوە و دەکرێت باجی دانەمەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە دەیدەین. چونکە ھەر نەتەوەیەک خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ نەبێت ھەرگیز ئازاد نیە و کۆیلەی نەتەوەی سەردەستە. دواجار تاکە ھۆکاری دروست نەبوونی دەوڵەت بە درێژایی مێژومان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەرتەوازەیی ناوخۆمانە

سڵاو لە گیانی خۆڕاگری عەفرین و ڕۆحی شەھیدان شاد
سەرفراز بێت نەتەوەی کورد
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان

فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی کوردستان
٢٠١٨/١/٣٠

گوتاری فراکسیۆنی نەتەوەیی ئەمڕۆ لە پارلەمانی کوردستان خوێندرایەوە


PM:11:42:30/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 1650 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی