کوردستان یان نەمان

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


بۆ بەڕێزان:
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
ئەوەندەی لە توانامدا بوو کردم، بۆ ئەوەی کوردێتی خۆم بخەمە ژێر پێڵاوی میللەتی عەرەبی سەردەستەی داگیرکەر. بە ناچاری... بۆ ئەوەی ھەندێک لە سیاسی و نەفامەکانی میللەتەکەم لە پێش خەڵکیتردا پێم نەڵێن شۆڤێنیست... پێم نەڵێن لە سیاسەت نازانێت، زۆر درۆم لەگەڵ خۆم و خەڵک کرد.... بەڵام ئیتر وا ناکەم.

پێش ئەوەی ھەر شتێک بم کوردم... بە شانازیەوە کوردم، غروری ناسیۆنالیستی و توندڕەوی شۆڤێنیستیانەم نیە. بەڵام ئەگەر (سیاسەتمەداریی) مانای خۆ بەدەستەوەدان، قوبوڵی حوکمی داگیرکەر، شکاندنی کەرامەتی میللی، و نۆکەری داگیگەر بم.... ئەوا حاشا سیاسەتمەدار نیم و، ئەو جۆرە ژیانەش بە ڕیسوایی و نەگبەتی بۆ ئینسان ئەزانم.
کەرکوکی دڵی کوردستان... کەرکوکی قودسی کوردستان... ئێستا لە ژێر پۆستاڵی زایۆنیزمدا نیە. بەڵکو ئەسیری دەستی سەرسەری و چەقۆ وەشێنە شیعە فاشیلەکانی عێراقی عەرەبین، کە وەک سەگی ھار بەکرێگیراون بۆ ئەوەی کەرامەتی میللەتەکەم بشکێنن. ئەیانەوێت ئەو غیرەتەی کە نیانە بۆ سەندنەوەی تۆڵەی خۆیان لە جولەکە، ئێستا بە ژن و منداڵی کورد لە کەرکوک تاقی بکەنەوە.

لە ئێستادا کەرکوکمان لەدەست دوژمنی داگیرکەردایە. میللەت لە پرسەیەکی قووڵ و جەرگبڕدایە، کەچی ئێوە بێدەنگن...! چۆن وا دەبێت؟ عەجەبا مەعقولە ئێمە لەم کارەساتەداین و دڵمان بەوە خۆشبێت کە لە ژێرنوسی ھەواڵەکانی ھەندێک لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن دەنوسرێت: فڵان سێناتۆری ئەمەریکی نیگەرانە لە پێشھاتەکانی ئەمڕۆی کەرکوک!!!

ئەگەر مێرمنداڵێکی سیاسەتمەدار، ھەر ژێربەژێرێکی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری عێراقدا کردبێت، ئەوا خوای گەورە و میللەت لە کاتی خۆیدا لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکات و ھەزار ھێزی فشەڵیشی ھەبێت ھەر ئەبێتە پەندی زەمانە. بەڵام ئەگەر ھەندێک کەس جاش بوون، بۆ ھێزەکانمان ھەتا پلە بەرزەکەی شەھادەت بەرگریمان نەکرد. بۆ شانازی شەھید بونمان لە پێناو کەرکوک پێ نەبڕا و ڕێگریمان لێ کرا؟
بەڕێزان...

میللەتێک بە چارەکە مووچەوە، بەو حەماسە گەورەیەوە بەرەو خۆری سەربەخۆیی بە بەشداریکردنیان لە ڕێفراندۆم وەفاداریان بۆ نیشتیمان.... بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان سەلماند.

ئێستا کاتی بڕیارە، بڕیاری ئازایانە. ئێستا کاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. ئەگەر یەکێتی لەگەڵمان ھات چاکە.... ئەگەریش نەھات ئەوا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە دێگەڵەوە بۆ زاخۆ ڕابگەیەنن. ئەگەر ئەم بڕیارە نەدەن، کەواتە ڕێفراندۆممان بۆ چی کرد؟... چونکە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست جیۆپۆلێتیەک نیە شتەکان لە پڕۆسەیەکی دیمۆکراسی و دیالۆگدا پێبگەن و بەرەکەی بە ئاسانی بخورێت. سەرکردە پێویستە (الامر بالمعروف) بکەت کە بەرجەستەترین ڕوخسراری ڕابەرە. لە ئێستادا تەنیا و تەنیا ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان پیرۆزترین (الامر بالمعروف)ە و.... ھیچیتر.

تکایە ھەڵبژێرن لە نێوان: دوو ئیدارەیەکی ژێردەستەیی وەک ئەوەی ئێستا ھەیە، کە حوکمڕانیەیەکی فاشیلە. یان سەرفرازی و سەربەخۆیی، ئەمەش قانونی چارەنوسی میللەتانە. وەک شوکری فەزلی ئەفەرموێت:

شا، وەکو شایەکی شەترەنجە لە عالەم ئەمڕۆ

گەورە قانونە قسەی کورت ئەمەیە، درێژی نەکەی

گەورەو قانون تەنیا سەربەخۆییە و ھیچی تر. تکایە بۆ مێژوو، بەڕێزتان خۆتان بکەنە خزمەتکاری ئەم قانونە.
دواجار، ھەر کەسێک بەرەو خۆری سەربەخۆیی ھەنگاو ھەڵ بھێنێت، خۆی ئەبێتە بەشێک لە گەورەیی و ھەیبەتی خۆر.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم...


PM:11:56:16/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 10656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی