تێروانینیک سەبارەت بە سیاسەتی ئابوری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان

‌د. کاوە مەحمود

لە ئایاری 2016 دا حکومەتی هەریمی کوردستان بەرنامەی خۆی بۆ چاکسازی بە ناونیشانی "چاکسازی لە ئابوری لە پێناوی بەشداری لە گەشەپێدان وپاراستنی ناداران” راگەیاند.

هەرچەندە حکومەت وناوەندەکانی بریار لە ساڵانی رابووردوودا چەندین بەرنامە ونەخشە رێگای چاکسازی ئابوری وچاکسازی ئیداری ودارایی، ورووبەرووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، وچەند دامودەزگایەک بۆ ئەم مەبەستە دروست بوو، بەڵام ئەم ساسەتو میکانیزمانە بە رێکوپێکی کارەکانی خۆیان تەواو نکەرد، وبەرهەمێکی ئەوتۆیان لەسەر پرۆسەی گۆرانکاری نەبوو. لە کۆتایشدا حکومەت چارەنوس وئاکامی ئەو بەرنامە ونەخشانەی رانەگەیاند.

بەرنامەی نوێی حکومەت کە لە چوارچێوەی ئەو دواکارییە بوو لە بەنکی نێودەوڵەتی کە لە رێگای دەزگای رەند کردبووی، بە تەواوی بەپێی رەچەتە ومۆدیل و بۆچونەکانی بەنکی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە چاکسازی ئابوری.

هەرچەندە هەندێک دەیانەوەێ بانگەشە وریکلام یۆ ئەو بەرنامەیە بکەن بە مەبەستی تێپەراندنی بە بیانوی ئەوەی بوارێک بۆ قەرزکردن لە بەنکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری کوردستان و، گوایە ئەمەش بەردەوابوونی پەیوەندییە لە گەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییە گەورەکان، وبەم پێیەش بوارێکە بۆ چوونە نێو ئابوری نێودەوڵەتی، جگە لەوەی کە ئەم دامەزراوە ــ کە لە ساڵی 1945 هاتۆتەکایەوە و لەژێر کۆنترۆڵی وولاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە کە خاوەنی چواریەک لە سەرمایەکەیەتی ــ وزە وتوانا و کادیری ئەوتۆی هەیە کە دەتوانێ نەخشەرێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکانمان بۆ دا بنێت، بەڵام ناوەرۆکی بەڵگەنامەی چاکسازی لە ئابوریدا بوارێک بۆ وەرگرتنی قەرز نییەو بە هەمان شێوە راستییەکان ئەو خاڵانە نیین کە ریکلامی بۆ دەکرێت.

بەڵگەنامەی چاکسازی لە ناوەرۆکدا بریتییە لە دانانی سیاسەتێکی ئابوری لەسەر رۆشنایی رەچەتە ومۆدێلی بەنکی نێودەوڵەتی کە پشت بە لیبرالیزمی نوێ دەبەستێت، وکار بۆ گشتاندنی ئەم مۆدیلە بەسەر هەموو ئابورییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی ئابوری وڵاتانی تازە پێگەیشتووەکان، دەکات.

لەم بوارەشدا تێکرای زانیاری وئامارەکان بەکار دەهێنێت بە مەبەستی لە قاڵبدانی واقیعی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانە بە سەرجەم بوارە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتی ورۆشنبییرییەکانی، بەمەبەستی بیانوو هێنانەوە بۆ ئەو نموونەیەی خۆی دوور لە رچاوکردنی واقیع وتایبەتمەندییەکانی هەر وڵاتێک.

ئەمەش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە سەرجەم بەرنامە ونەخشەکانی بەنکی نێودەوڵەتی بۆ چاکسازی ئابوری لە وڵاتەکاندا لە بواری ئاراستەکان وبنەما سیاسییەکانیدا یەک بابەت و ئاراستەیە، وتەنها لە زانیاری وئامارەکاندا جیاوازییان هەیە، و هەردەم وەک رەچەتەیەکی ئامادەکراو دەردەکەوێت، لە کاتێکا خودی ئابورییە سەرمایەدارییە گەورەکان لە هەلومەرجی ئێستادا وتەنانەت لە ئەزمونی پێشتریان بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانە ئابورریەکان لەوانەش قەیرانی سەرمایەداری ساڵی 2008 کە بەقەیرانی ئابوری ناوزەندی کرد، پاشگەزبوونەوەیان لەو سیاسەتە ئابورییە کرد، وپەنایان بردە بەر میتودی "کینزی” لە سیاسەتی ئابوریدا و دەستتێوەردانی دەوڵەت وخەرجکردنی ملیارەها دۆڵار کە بە باجی هاوڵاتیان کۆکرابۆوە، بۆ کۆمپانیا وبەنکە کەورەگان بۆ ئەوەی مایەپۆچ نەبن.

هاوکات لەگەل وازهێنان لە لیبرالیزمی نوێ لە ئابوریدا، لە بواری سیاسیشدا وازهێنان لە رێباز وسیاسەتی "پارێزەرانی نوێ” لە ئاستی ناوخۆ ودەرەکیدا، هاتە کایەوە، وبەگشتی لە هەموو بوارەکاندا سیاسەتی خۆگونجاندن بۆ رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکە پیادەکرا.

سیاسەتی چاکسازی نوێی حکومەت کە لەلایەن بەنکی نێودەوڵەتییە دارێژراوە، هۆکاری قەیرانی ئێستای کوردستان بۆ دابەزینی نرخی نەوت و شەری داعش وهاتنی ئاوارە بۆ کوردستان، وگرفتی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا کە بۆتە هۆی برینی پشکی کوردستان لە بودجەی عێراق، دەگەرێنێتەوە.

بەڵگەنامەکە لەم بوارەشدا باس لە هەژمونی کەرتی گشتی لەسەر ئابوری کوردستان دەکات، و ژمارەی ئێجگار زۆری فەرمانبەران لە دامودەزگاکانی حکومەت بە هەژمونی کەرتی گشتی دادەنێت، بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرە لە ئاکامی سیاسەتێکی هەڵەی حکومەت لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەل بەکارهێنانی وزەی مرۆیی بووە کە ئەمەش لە سەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، ودەنگ کرین بووەو ، لە ئاکامیشدا ئاراستەی بواری بەرهەمهێنان نەکرا و لە کەرتی خزمەتگوزارییدا مایەوە و بوو بە هۆی بێکاری دەمامەکدراو.

بەڵام ئەو بۆچونەی بەنکی نێودەوڵەتی مانای هەژمونی کەرتی گشتی لەسەر ئابوری کوردستان نییە، بەتایبەتی ئەم کەرتە هیچ بوونێکی لە بواری گەیاندن و بواری خزمەتگوازرییە سەرەکییەکاندا نییە کە تا ئێستا داهاتێکی زۆر بۆ کەرتی تایبەتی مشەخۆر کە هاوبەشە لەگەڵ بۆرژوای بیروکراتی سەروەر لە ئیدارەی دەوڵەت، دابینکردوە.

شایانی باسە ئاراستە بوون بەرەو لیبرالیزمی نوێ بە دارشتنی ئەم سیاسەتە ئابورییە نوێیە دەستی پێنەکردوە. پێشتر قانونی وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستاندا کە تا ئێستا کاری پێدەکرێت لەسەر بنەما و داواکارییەکانی بۆچونی لیبرالیزمی نوێ بریاردرا، وتێکرای پرۆژە وفابریکە بەرهەمهێنەرەکان کە سەر بە کەرتی گشتی بوون لە ساڵانی رابووردوودا پاکتاوکرا. هەروەها قانون ورێنماییە حکومییەکان دەربارەی بەکرێدانی زەوی و "مساتەحە”، وەبەرهێنان لە بواری خوێندن و تەندرووستی بەم ئاراستەیە کرا.

لە سایەی ئەم هەڵسوکەوتە و ئاراستەی ئابوری بەرخۆر کە تێکرای وەبەرهێنانی بەرەو کەرتی عقارات برد بە تایبەتی لە سایەی نەبونی بنەماکانی حوکمرانی باش، قەیرانی ئابوری لەگەڵ دیاردەکانی گەندەڵی لە بوارەکانی بەرێوبردنی ئابوری نیشتمانی وئیدارەکردنی کاری حکومی هاوکات وتێکەڵ بوو.

هۆکاری راستەقینەی قەیرانی ئابوری لە کوردستاندا لە ئاستی ناوخۆییدا قەیرانێکە لە ئاکامی سیاسەتی ئابوریی پیداکراو لە ساڵانی رابووردوودا کە پشتی بە لیبرالیزمی نوێ بەستوە، هاتۆتە کایەوە. لایەنی دەرەکی هۆکارەکان بۆ سروشتی گشتی ئابوری بەرخۆر لە سایەی سیاسەتێکی سەرمایەداری دواکەوتو و وابەست بە ناوەندە سەرمایەدارەکان، دەگەرێتەوە.

واتە قەیرانی ئیستای تێکرای ئابورییە بەرخۆرەکان کە مۆرکێکی سەرمایەداری دوواکەوتوویان هەیە رەنگی بەسەر هەلومەرجی ئابوری کوردستان هەیە.

هەربۆزانین بەشێک لە هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی ئەم جۆرە سەرمایەدارییانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ناوەندە سەرمایەدارییە پەرەسەندووەکان دوای ئەوەی کە سیاسەتی خۆگونجاندن لەگەڵ قەیرانی سەرمایەداری بۆ دەربازبون لە کورتهێنان وقەیرانی ئابوری کە لە 2008 و دەستی پێکردوە و تائێستا بەردەوامە، شکستی هێنا، لەهەلومەرجی ئێستادا هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی خۆی لەسەر حسابی وڵاتانی سەرمایەداری وابەست ودواکەوتوو کە ئابوریەکانیان بە رخۆرە و سەرچاوەی وزەن لە جیهاندا، دەدات، ئەمەش لە رێگای کارکردن بۆ دابەزینی نرخی وزە، وبەشداری لە زیادبوونی چاوگەکانی بارگرژی وململانییە چەکدارییەکان هەروەکو ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا روودەدات. ئاکامی ئەم جۆرە سیاسەتە زیادکردنی خەرجی سەربازی وگەشەسەندنی پیشەسازی سەربازی سەرمایەداری دەبێت کە ئەمەش بوارێکە بۆ سەرمایەداری هاوچەرخ بۆ قورتاربوون لە قەیرانەکەی ودەربازبون لە بێ بازاری.

چارەسەرییە بنەرەتییەکانی سیاسەتی ئابوری نوێی حکومەت خۆی لە ئازادکردنی بازرگانی ونەهێشتنی هیچ بەربەستێکی باج لەسەر هاوردەی کشتوکاڵی بە تایبەتی خۆراکی هاوردە ، وکرینی گەنم ودانەوێلە بە نرخی بازار لە جوتیاران واتە لابردنی پشتگیری وکۆمەک بۆ کەرتی بەروبوومی کشتوکاڵی ناوخۆیی کە ناتوانی بەربەرکانی لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بکات، دەبینێتەوە.

لە هەمان کاتدا ئەم سیاسەتە ئابوریییە نوێیە بەردەوامە لە سەر بابەتی ئازادکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە تێکرای باج و پولێک یان ناچاربوون بە بەکارهێنانی هێزی کاری ناوخۆیی ئەگەر تەنانەت بە رێژەیەکی سنووردار بێت. لە کاتێکدا ئەم سیاسەتە جەخت لەسەر زیادکردنی رێژەی باجی ناوخۆیی لەسەر هاووڵاتیان دەکات.

لە بواری داراییدا ئەم سیاسەتە نوێیە بە گشتی ئاماژە بۆ چارەسەرکردنی سیاسەتی دارایی وهەلومەرجی بەنکەکان لە رێگای گەراندنەوە بۆ بەنکی ناوەندی عێراق دەکات، و ئەگەر هەرێمی کوردستان سیاسەتی دراو و بەنکی ناوەندی خۆی هەبوایە ئەوا بە پێی رەچەتەی لیبرالیزمی نوێ جەختی لەسەر کەمکردنەوەی نرخی دراو دەکردەوە.

بەڵگەنامەی سیاسەتی ئابوری نوێ هەروەکو لە ناونیشانەکەی دەردەکەوێت جەخت لەسەر بەشداری گەشەپێدان دەکاتەوە بە مەبەستی ئاماژەنەکردن بە چەمکی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام کە مرۆڤ بە رەهەندی گەشەپێدان دەزانێت، جگە لە مۆرکی بەردەوامبوونی کە مانای رچاوکردنی بارودۆخ وبەرژەوەندی نەوەی داهاتوو لە دانانی سیاسەتی ئابوری رچاودەکات.

فەلسەفەی بەڵگەنامە ئابورییە نوێکە کە باس لە چاکسازی دەکات ئەرکی دەوڵەت لە چوارچێوەی دەوڵەتی پاسەوان وباسکردنی سەرپەرشتی، ودوور کەوتنەوە لە ئەرکەکانی گەشەپیدانی مرۆیی بەردەوام دەکات بەو بیانوویەی کە دەوڵەت توانای بەرێوەبردنی ئابوری نیشتمانیی نییە، و دەبێ کە سەرکردایەتی ئەم سیاسەتە وئیدارەکردنی لە هەموو بوارەکاندا بە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابوری نیشتمانییەوە کە ژێرخانی گەشەپێدانە بۆ سەرجەم بوارەکانی دیکەی ئابوری، بدرێتە کەرتی تایبەت.

لەم بابەتەدا بە بۆچونی ئێمە پێویستە جیاوازی بکرێت نێوان ئەرکی دەوڵەت لە دانانی سیاسەتی ئابوری وبەدواداچوون بۆی لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەردەوامدا و پێدانی رۆڵێگی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەت لەم پرۆسەیەدا لەسەر بنەمای لێهاتوویی ودەستکەوتی ئابوری، لەگەل وازهێنانی دەوڵەت لەم ئەرکە وپێدانی جڵەوی سەرکردایەتی ئابوری لە بواری دانان وداڕشتنی بەرنامەی گەشەپێدان وسیاسەتی ئابوری بە کەرتی تایبەت کە ماناکەی پیادەکردنی لیبرالیزمی نوێ وبە تایبەتکردنی رەهایە کە ئەمەش دەبێتە لە دایکبوونی سەرمایەدارییەکی دڕندە، و وابەستەیی بە ناوەندە سەرمایەدارییە جیهانییەکان بە هێزتر دەکات، وهەر ئەو ناوەنداش ئەرک بۆ سەرمایەداریی ناوخۆیی لە سەر ئاستی جیهانی دەستنیشان دەکەن.

سەبارەت بەم بابەتەش نمونەی بەرچاو لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەیە، وهۆکاری قەیرانەکانی یونان وقوبرس وهەندی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەم دابەشکردنە لە ئەرک وکاری وتایبەتمەندی ئابوریی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێی مۆدیلی لیبرالیزمی نوێ ،دەگەرێتەوە.

ئەلتەرناتیفی ئەم سیاسەتە چەوتانە کە لە ساڵانی رابووردوودا پەیڕەو کراوە، وئێستاش بە گەرمییەوە درێژەپێدان وبەردەوامبوونی هەیە، لەوە دەستپێدەکات کە بە روونی واز لەو سیاسەتە بهێلرێت، وپشت بە وزە وتوانای نیشتمانی لە دانانی سیاسەتی ئابوری ببەسترێت بە پشتبەستن بە زانیاری وئاماری راست و درووست، بە سوودوەرگرتن لەو جۆرە شارەزا وپسپۆرانەی کە پێشوەخت سەر بە ناوەند ورێبازێکی فیکری دیاریکراو لە دانانی سیاسەتی ئابوریدا نین.

ئەمەش بە جۆرێک دەبێت کە لە دانانی ئەو سیاسەت پشتببەستن بە واقیعی ئابوری کوردستان وگرفتی هەر کەرتێک لەو ئابورییە وگەیشتن بە خاڵی هاوبەش بە جۆرێک هەماهەنگییەکی بەردەوام وزیندوو نێوان ئەو کەرتانە درووست بکات، وشارەزای ناوخۆیی لە توێژینەوە و لەدانانی ئەو سیاسەتەدا، بەشداربێت.

چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری لە رێگای خستەرووی ئەلتەرناتیفیکەوە دەبێت کە بتوانی هەلومەرجی تایبەت بە کوردستان رچاو بکات و بە گشتی سروشتی کۆمەڵایەتی وکەلتوری هێزی بەرهەمهێنەران و وزەی مرۆیی بەهەند وەرگرێت. ئەم سیاسەتەش ببەسترێتەوە بە ئەنجامدانی مەدنیەت وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وچارەسەرکردنی دیاردەکانی پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی وهەژاری.

ئەمەش وادەخوازێت کە هاوڵاتییان لە ئەنجامدانی گەشەپێدان بەشدارییان پێبکرێت لە رێگای دانانی سیستمێکی زانستی وواقیعییانەی باج ورسم هاوکات لەگەل فراوانکردنی بیمە کۆمەڵایەتییەکان وپێداچونەوە بە قانونی وەبەرهێنانی بیانی، ودانانی قانونی کار و وقانونی بیمەی کۆمەڵایەتی، ورێکخسنی سیاسەتی نەوتی وداهاتەکانی بە شێوەیکی روون.

بە بۆچونی حزبمان هەنگاونان بەرەو ئەم ئاراستەیە بەگرتنەبەری بیرۆکەی دەوڵەتی بەشداربوو لە گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام ولە دارشتنی سیاسەتی ئابوری وپێدانی بوارێکی فراوان بە کەرتی تایبەت وئامادەکردنی پێداویستییەکانی راپەراندنی کەرتی هاوبەش وپاراستنی هێزی کار وناوەندی کەمدەرامەت، دەبێت.

هەر بەم ئاراستەیە دەتوانین لە ئابوری بەرخۆر قورتارمان بێت وفرەبوون لە سەرچاوەی داهات مسۆگەر بکرێت و زیادەرۆیی لە خەرجی نا پێویست کە دەچێتە خانەی گەندەڵی ئیداری ودارایی، بنبڕ بکرێت، بێ ئەوەی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاووڵاتیان کەمبکرێتەوە، وسەرکردایەتی بەرێوبردنی ئابوری نیشتمانی نەخرێتە ژێر رکێفی کەرتی تایبەت کە بە ئارەزوی خۆی کونترۆڵی بکات بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزارە پێویستییەکان کە بە مافی تاک لە زۆربەی دەستوری وڵاتە مەدەنییەکان دەستنیشانکراوە.


PM:04:36:29/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 7163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی