لە دارێکی خواروخێج چاوەرێی سێبەرێکی ڕاست و درووست ناکرێت!

‌د. کاوە مەحمود

لە جوغزی سەربەخۆییدا
لە دارێکی خواروخێج چاوەرێی سێبەرێکی ڕاست و درووست ناکرێت!

ناونیشانی ئەم بابەتە بە تەواوی لەگەڵ ئاراستەی ڕاسپاردنی علاوی بۆ دامەزراندنی حکومەتی نوێی لە عێراقدا دەگونجێت، بەتایبەتی کە ڕەوشی سیاسی زیاتر بەرەو ئاڵوزی و گرژی دەچێت و پەرتەوازەیی و نەبوونی بیرکردنەوەیەکی لۆجیکی باڵی خۆی بەسەر ئاراستە و نەخشەکانی علاوی ڕاسپێردراو و ئەو هێزانەی کە ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ پشتگیری دەکەن، ڕاکێشاوە، و ئەم ئاراستەیەش نەک تەنها کێشەکانی سیستمی حوکمرانی و قەیرانی دەوڵەتی عێراق چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە ویستگەیەکی چەق پەستووی دیکە لە بازنەی داخراوی قەیرانێک کە تەمەنی یەکسانە بە تەمەنی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق.

دەستنیشانکردنی علاوی وەک ڕاسپیردراو بۆ ئەم پۆستە کە دەیەوێت خۆی وەک فریادڕەسێک دەرخات دووبارەکردنەوەی شێوازی ئەو حکومەتانە دەبێت کە لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق درووست بووە توانای حوکمکردنێکی ئاساییان نەبووە، و ڕادەی نزمی سەقامگیری و بەیەکەوەژیان لەم دەوڵەتەدا درووست نەکردوە.

لە سەردەمی پاشایەتی پەنجا حکومەت دامەزراو و لە سەردەمی کۆماری و تا ئێستاش بە کۆدەتای سەربازیی یەک لە دووای یەک و دەستپێکردنی بە ناو پرۆسەی دامەزراندنی عێراقی نوێ دووای رووخاندنی دیکتاتۆری بەعس لە ساڵی 2003دا، نە عێراقی نوێ دامەزرا و نە بەناو قۆناغی گواستنەوە کۆتایی هات و نە سەقامگیری دابین کرا. جگە لەم خاڵانەش وەزعی کۆمەڵانی خەڵک بە هۆی گەندەڵی لە ڕادەبەدەر و بەردەوامبوونی تایفەگەری و درووستنەبوونی چەمکی هاوڵاتیبوون لەو پەڕی نەهامەتیدایە، و ئەمەش وای کرد کە پەراوێزخراوانی ناوچەکانی بەغدا و باشوری عێراق بە تایبەتی لە کۆمەڵگا شیعە نیشینەکان کە خودی دەسەڵاتی عێراق بەدەست ئیسلامی سیاسی شیعە و گروپە جۆراجۆرەکانی چەکداری حشدی شەعبییە، دژ بەو دەسەڵاتە لە پێناوی ژیانێکی پڕ کەرامەت لە ئۆکتۆبەری 2019 وە تا ئێستا بزافێکی جەماوەری سازکەن و سەدان قوربانی و هەزارەها بریندار پێشکەش بکەن، و لە بەشێَک لە داوەکارەکانیان کۆمەڵێک مەرجیان بۆ سەرۆکی حکومەتی ئایندە و کابینەی داهاتوودا دابنێن، بەڵام دەسەڵاتداران و ئەوانەی لە دەرەوی دەوڵەتی عێراق نەخشەیەبان بۆ دەکێشن و لە پێناوی مانەوەی حوکمی تایفەگەری خۆیان و بەردەوامبوونی وابەستەیی بە نەخشە هەرێمایەتییەکانیان، زۆر بە ووردی پلان و نەخشەکانیان دەگۆڕن و لە رێگای مانۆری نوێوە و لە گەڵ بەردەوامبوونی پاکاتاوکردنی چالاکەوانی بزافی جەماوەریی عێراق و بەکارهێنانی هێز، پاڵێوڕاوێک کە علاوییە لە هەمان تورگەی خۆیان پەسەند دەکەن و بەفریادڕەس دەیخەنە بازاڕی قیزەوەنی سیاسەتی پەیڕەوکراویان لە کاتێکدا نە ئەو مەرجانەی تێدایە کە خۆپیشاندەران داوایان کردوە، و نە دەتوانێ کێشە و قەیرانی دەوڵەتی عێراق چارەسەر بکات.

علاوی نوێ کە ڕاسپێردراوی دامەزراندنی کابینەی نوێ حکومەتی عێراقە لە هەمان خێزانی تاقمی سیاسی حوکمرانە کە پەیوەندییەکانی بە حزب الله لوبنان ئاشکرایە، و لە بازنەی ستراتیجی ئیسلامی سیاسی شیعە دەرناچێت.

هەڵبەتە علاوی کەسێکی سیاسی سەربەخۆ نییە و ئەجیندەی نوێی ئیسلامی سیاسی شیعە جێبەجێدەکات، و پێشتر وەزیر و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێک لە تاقمی سیاسی حوکمران بووە، و ئەندامی حزبی دعوە و دوواتر لە لیستی ئەیاد علاوی بووە، و سەرجەم ئەو پرۆپاگندەیەی دەیکا کە گوایە کابینەی وەزیرانی سەربەخۆ و تەکنوکرات درووست دەکات، بەشێکە لە پلانی خۆڵ لە چاوکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە سیاسەتی حوکم قایل نین.

چاوپێکەوتنەکانی علاوی لە گەڵ هێزە کاریگەرەکان کە لە چوارچێوەی ئەمری واقیع بوونیان هەیە، و بەتایبەتی لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سیاسی، کە بە پێی دەستور بوونی لە دەوڵەتی عێراقدا هەیە، ناگونجێ لە گەڵ ئەوەی کە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پۆستێکی فدراڵییە، و ناکرێ بۆچون و تێڕوانینی هەرێمی کوردستان و تەنانەت پارێزگاکان و نوێنەرانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق فەرامۆش بکرێت و تەنها بە ئیرادەی بەشێک لە پێکهاتەو تایفەیەک و چەند گرۆپێک لە ئیسلامی سیاسی شیعە بریار فەرز بکرێت، و پێشتریش لە رێگای پاکتاوکردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەبانی تحریر و پارێزگاکانی ناسریە و بەسڕا زەمینەی بۆ خۆش بکرێت.

بابەتی دامەزراندنی حکومەتی نوێ عێراق ڕووبەرووی هەرێمی کوردستان بە گشتی و ئەو لایەنە سیاسییانەی بوونیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق هەیە بەتایبەتی، دەبێتەوە. گرنگە لایەنە کوردستانییەکان خاوەنی یەک ئەجیندەی سیاسی بن و بۆچونەکانیان لە بازنەی کێ دەبێتە پشکی هەرێمی کوردستان لەم حکومەتە نوێیە، نەمێنێتەوە، و پێویستە بەرنامەی ئەم حکومەتە بەتایبەتی داواکارییە ڕەواکانی خۆپیشاندەران بۆ دابین کردنی ژیانێکی پڕ کەرامەت و سزادانی ئەو تاوانبارانەی خۆپیشاندەرانیان کوشتوە، و هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆز و هەڵپسیردراوەکانی نێوان هەرێمی و بەغدا و مەسەلەی ماددەی 140 و بودجە و بابەتەکانی دیکەی دەستور کە پانزە ساڵە جێبەجێ نابێت، بەشێکی سەرەکی لە ئەجیندەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.

سیاسەتی حوکمڕانانی بەغدا دووای تێپەربوونی چەند ساڵێک لەسەر ڕووخاندنی رژێمی بەعس، پاشگەزبونەوەیە لە پرنسیپەکانی تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی و پەیتا پەیتا ئەم سیاسەتەیان بەتایبەتی لەفەرامۆشکردنی دەستور ڕەنگی دایەوە، و لەهەلومەرجی ئێستاشدا بابەتەکە تەنها دامەزراندنی سێ وەزیری کورد نییە کە پێشتریش لە کاتی سەدام حوسین جێگری سەرۆک کۆمار و چەند وەزیرێکی کورد لە لایەن بەغداوە دا ئەنرا و ئێستاش علاوی بە ناوی ریفۆرم خوازییەوە ئەو نەریتە زیندوو دەکاتەوە، بەڵکو بابەتی سەرەکی قایل نەبوونە بە ئاراستەی فەرزکردنی بڕیاڕ و سیاسەت بەسەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئاراستەی علاوی ڕاسپێردراو و ئەوانەی لە پشتی ئەوەوەن ڕوون و ئاشکرایە، و چەندین جار تاقیکراونەتەوە کە لە توانای سیاسەتی ئەواندا نییە قەیرانەکانی دەوڵەتی عێراق چارەسەر بکەن، و سیاسەتەکانیان لە توونێلێکی داخراودا قەتیس ماوە، و قەیران بە قەیرانی دیکە چارەسەر دەکەن.

دەنگدان و دەنگنەدانی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە حکومەتی علاوی هیچ لە سروشتی تاقمی حوکمران لە بەغدا ناگۆرێت، و حکومەتەکانی عێراق دارێکی خواروخێچن و چاوەڕێی سێبەری راستودرووستی لێناکرێت، و لە کوردەواریدا هاتووە کە مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە، و لە سایەی علاوی و نموونەکانی ناکرێ گەلی کوردستان چاوەرێی مانگەشەو بکات.


PM:07:54:24/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 1608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی