خەونەکانمان بە تۆ کۆنترۆڵ ناکرێت سەماحەتی سەید!

‌د. کاوە مەحمود

گەلان و کەسانی تێکۆشەر بۆ وەدیهێنانی ئامانج و داواکاریی ڕەوا، کە ژیانی خۆیانیان بۆ تەرخان کردووە، هەردەم خاوەن بەها و پەیامی تێکۆشەرانە بوون، و لە کاروانی خەبات بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئامانج و بەهایانە ڕێگای بەردەوامبوونی بێوچان و بێ سڵکردنەوەیان هەڵبژاردووە. لە مێژووی گەلانی تێکۆشەر لە پێناوی سەربەخۆیدا ئەوە ڕەچاو دەکرێ کە پەیامی ئازادی و سەربەخۆیی نیشتمان و سووربوون بە سەر تێکۆشان لە پێناویدا، سەرەڕای ئاستەنگ و کۆسپەکان، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستراوەتەوە. لەم کاروانەدا هەردەم ئەو ئامانج و هیوایە لە سەر ئاستی گەلان و لە سەر ئاستی تاکی تێکۆشەر، بە خەونێکی ڕەوا دەستنیشان کراوە. خەونێک دوور لە پێناسەکردنی خەو بە مانا بایۆلۆجییەکەی. خەونێک نەوە لە دوای نەوە بە قۆناغی حیاواز و لە میانەی تێکۆشان لە پێناویدا بە بەرزی و نشێویدا ڕۆیشتووە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی ئەنجام و ئاکامی گشتی لێی بڕوانین، ئەوا لە هەر قۆناغێکدا دەستکەوتێکی هەبووە، و کەڵەکەبوونی ئەو دەستکەوتانە گۆڕانکاری چەندایەتی لە قۆناغە جۆراجۆرەکانی پەرەسەندنی تێکۆشان، بە گۆڕانکاری چلۆنایەتی، دەگەیەنێت.

خەونی تێکۆشەرانە کە بریتییە لە دەستنیشانکردنی بەرنامە و کار و قوربانیدان لە پێناویدا، تەنیا لە مێژووی گەلی کوردستان و تێکۆشەرەکانی ئەم گەلە نەبووە.

سپارتاکۆس خەونی بە ڕزگاری کۆیلەکانی دەبینی. لینین خەونی بەوە دەبینی کە کارەبا بۆ سەرتاپای رووسیا بگەیەنێت. گیڤارا خەونی هەبوو، و لە پێناویدا قوربانی دا.
لە ساڵی 1963 لە واشنتۆن و لەبەردەم نزیکەی 250 هەزار کەسدا و لە کاتی باسکردنی دۆسیەی یەکسانی نێوان ڕەش پێست و سپی پێست، مارتن لۆسەر کینگ لە وتارێکدا دەڵێت؛ من خەونێکم هەیە کە هەموو خەڵک بە یەکسانی دروست کراون. با زەنگی ئازادی لێبدرێ... لە کۆتاییدا ئێمە ئازادین. ئەم خەونەی مارتن لۆسەر کینگ لەو سەردەمەدا کە لە خۆپیشاندانێکدا باسی کرد خەونێکی تێکۆشەرانە بوو، و دوای چەندین ساڵ و لە ئاکامی تێکۆشان و قوربانیدان سیستەمی جیاکاری ڕەگەزی لە ئەمریکا کۆتایی هات، و تا ئەو ڕادەیەی سەرۆک ئۆبامای ڕەش پێست بوو بە سەرۆکی ئەمریکا.

لە باشوری ئەفریقیا نیلسۆن ماندێلا خەونی بە کۆتایپێهێنانی حوکمی ئەپارتاید دەبینی، و لە پێناوی ئەو خەونەیدا ژیانی لە بەندیخانەدا بە سەربرد و لە ئاکامی خۆڕاگری و تێکۆشانی ئەو، و گەلی باشووری ئەفریقیا، حکوومەتی ئەپارتاید کۆتایی هات.
خەونی تێکۆشەران کە سووربوون لە سەر جێبەجێکرنیدا هەبێت، و تەنانەت ئەگەر کەسێک واز لە خەونەکەی بهێنێت، ئەوا تەواو نابێت، و کەسان و نەوەی دواتر لە پێناوی جێبەجێکردنیدا بەردەوام دەبن.

هەردەم ئەوانەی مەیدانی گڕی تێکۆشان بە جێدەهێڵن، و نەیارانی رزگاری و ئازادی و سەربەستی گەلان بە تاقم و جۆری جیاواز لەم لۆجیکە شۆڕشگێڕانەیە نایانەوێت حاڵی بن، و یان بیانووی ئەوە دەهێننەوە کە ناکرێ و وەزع لە بار نییە، یان بەرژەوەندییەکانیان لەوەدایە کە دان بە مافێک بۆ بەرانبەر نەنێن کە بۆ خۆیانی بە ڕەوا دەیبینن. 

نەیارانی ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەمان شێوازی جۆراجۆر بۆ بەربەرەکانی تێکۆشانی ڕەوای گەلەکەمان بەکاردەهێنن. ئەوانەی کە توانای بەکارهێنانی هێزیان هەیە، تا بۆیان بکرێت هێز بەکاردەهێنن، و هەندێکی دیکەش شەڕی دەروونی لەگەڵ گەلەکەماندا دەکەن.

بەشێک لەو شەڕە دەروونییە لەو ئاخافتنانەیە کە باس لەوە دەکات "مەرج نییە خەونی کوڕەکان هەمان خەونی باوکان بێت". ئەم ڕستەیە عەمار ئەلحەکیم لە دانیشتنێکی پرۆتۆکۆڵی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی هەرێم، بەکاری هێنا. هەڵبەتە مەبەست لە وتەکەی عەمار ئەلحەکیم دیارە وا بزانم ئەوانەی لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوون بەتایبەتی لایەنی کوردستانی لە مەبەستەکەی تێدەگەن، و مەسەلەیەکی کوردی هەیە کە دەڵێت؛ "لە فیکەی خۆمان تێدەگەین... و فیکەکان دیارە".

بەڵام ئەوەی لە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانی خۆمان بەدی دەکرێت کە کەس وەڵامی ئەم بۆچوونەی نەدایەوە، کە سەماحەتی سەید دەیەوێت خەونەکانی گەلێک بەو ئاخافتنەی بچووک بکاتەوە، بێ ئەوەی خۆی ماندوو بکات کە بە سەرپێییش بێت، تەماشای تێکۆشانی گەلێک بکات کە بە درێژایی سەدەیەک لە قوربانیدان ئەنجامی داوە، و نەوە بە دوای نەوە ئاڵای تێکۆشانیان نەک لە هۆڵەکان بەڵکو لە سەنگەری موقاوەمەت ئاڵۆگۆڕیان کردووە.

هەڵبەتە خەونی ئازادی و سەربەستی و سەربەخۆیی خەونێک نییە تەنیا لە ڕوانگەی هەڵوێست و دانوستان و گفتوگۆی حکوومەتی کوردستان و ئاخافتنی بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کوردستانەوە تەماشا بکرێت. خەونی ئازادی و سەربەخۆیی خەونی گەلێکە کە دوور لە ئیرادە و خواستی خۆی وڵاتەکەی خراوەتە دەوڵەتێکی دەستکردی فاشیلەوە، کە هەر لە کاتی دروستکردنییەوە خەڵکی کوردستانی بە هاووڵاتی نەزانیوە، و شەڕی جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و تەعریب و ڕاگواستن و سیاسەتی زەوی سوتێنراوی لەگەڵدا کردووە، و تەنانەت بوونی ئێستای نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە حکوومەتدا شاڵاوی دژایەتیکردنی گەلی کوردستانی کۆتایی پێنەهێناوە، و پێشی ناهێنێ.

سەماحەتی سەید ئەوەی لە بیر چووە کە خەڵکی کوردستان گەلێکی جیاوازە لە بواری شوناس، و بەزۆرەملێ خاکەکەی بە عیراقەوە لکێنراوە، و هەستی عێراقیبوون تەنیا لای ئەو سیاسەتمەدارە کوردانە هەیە کە بۆ مجامەلە یان لە پێناوی بەرژەوەندی لە ئاخافتنەکانیاندا باس لە عێراقیبوون دەکەن، ئەگینا ئەم هەستە لای بەشێکی زۆری ئەندامانی کوردستانیانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا نییە، هەر وەکو چۆن هاورێییەکی ئازیزم کە ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەیە بە هاوکارانی ڕاگەیاندبوو کە هەست بە عێراقی بوون ناکات، و گوناحی ئەو چییە و چی داوە لەوەی کە کاتێک باسی قانوونی هاتووچۆ دەکەن، گفتوگۆکان لە پێناسەکردنی ئۆتۆمبێل ماوەیەکی زۆر بخایەنێت ئایا دەستەواژەی (عجلە، یان سیارە) بە زمانی عەرەبی بەکاربهێنرێت.
بۆیە سەماحەتی سەید خۆت ماندوو مەکە، چونکە خەونی گەلی کوردستان بە جەنابت کۆنترۆڵ ناکرێت.


PM:12:57:20/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 4048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی