مەسەلەی سەرکییمان ریفراندۆمە یان سەربەخۆیی؟!

‌د. کاوە مەحمود


لە دووای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق تا کو ریفراندۆمی 2017، داواکارییەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە چوارچێوی چارەسەر لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا بووە، و تەنانەت لە پرۆسەی سیاسی عێراق دوای روخاندنی رژیمی بەعس داواکارییەکان لە چوارچێوەی ئەو فیدرالیزمە بوو کە سەرجەم حکومەتەکانی دوای 2003 و تاکە ئێستا توانای جێبەجێکردنی نییە، هەرچەندە دەستوری 2005ی عێراق ئاماژەی پیکردوە.

لێرەدا پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پرسیارێکی گرنگ لە خۆیان بکەن. ئەوەش ئایا وەزعی قانونی هەرێمی کوردستان بە نیسبەت کوردستانییەکان و بە نیسبەت دەوڵەتی عێراقەوە، چییە؟!

دەستوری دەوڵەتی عێراق لە کۆمەڵێک پرنسیپ و ماددەی قانونیدا، ئاماژەی بە بوونی پێکهاتەیەک کردووە کە ناوی هەرێمی کوردستانە، بەڵام تا ئێستا ئەو دەستورە سنووری ئەم پێکهاتەیەی دەستنیشان نەکردوە، چونکە تا ئێستا ماددەی 140ی دەستور و ناوچەی ناکۆکی لەسەر لە دوو توێی ئەم دەستورەدا تۆمارکراوە. هەر ئەو دەستورە کە کۆمەڵێک ماف بۆ هەرێم وەک پێکهاتەیەک دەستنیشان دەکات، بەڵام بە شێوەیەکی کردەیی و دوای 15 ساڵ پەیوەندییەکانی ئەم هەرێمە و دانیشتوانی لە چوارچێوەی بەشداری کۆمەڵێک نوێنەرانن لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، و دانانی پشکی سەرۆک کۆمار بۆ کورد کە وەزیفەیەکەی تشریفاتییە و دەسەڵاتی نییە و دەستوری عێراق بە پارێزەری دەستور ناوی دەبات ب،ێ ئەوەی بلێت چۆن حمایەی ئەم دەستورە دەکات کە هەر لایەنێک لە روانگەی بەرژوەندی خۆی لێکی دەداتەوە، و تەنانەت داداگای ئیتحادی کە خۆی بە گۆێرەی ئەم دەستورە دەستوری نییە هەر رۆژێک بە جۆرێک، و هەر بابەتێک لە ژێر فشاری سیاسییدا لێکدەداتەوە. هاوکات لە گەڵ ئەمەشدا بۆ دامەزراندنی حکومەتی عێراق بەشبەشێنەیەک لە نێوان شیعە و سوننە و کورد لە دابەشکردنی وەزارەتەکان دەکرێَت، کە هەریەک لەو وەزارەتانە حکومەتێکی سەربەخۆیە بۆ خۆیی، و لە کۆتایشدا سەرۆکی ئەم حکومەتە بە دەست ماچکردنی مەرجعیەتی دینی لە نەجف بریار دەدرێت.

ئەم تابلۆ سیاسییەی کە دەخەینە ڕوو ئەنجامێکی لۆجیکی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە، کە لە سەرەتاوە بە بریاری دەرەکی درووست کرا و لە ژێر فشاری دەوڵەتیشدا بەردەوامە.

لەم هەلومەرجەدا لەبارترین بیرکردنەوەی سیاسی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دەوڵەت، دەستپێشخەری ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشور بوو کە دەرفەتێک بۆ رزگاربوون لە قەیرانی دەوڵەتی بوو. ئەمەش رێگا خۆشکەر بوو بۆ ئەوەی دەوڵەتی لەم ناوچەیەدا لە سەر بنەمای ئیرادەی سەربەخۆ و ئازادانەی گەڵان و نەتەوە و پێکهاتەکان درووست بێت نەک بە خورتی.

لە ربفراندۆمی ساڵی 2017دا گەلی کوردستان ڕاو بۆچونی خۆی دەڕبرێ و ئەمەش بە شێوەیکی بابەتی چەمکی سەربەخۆیی لە چەمکێکی حزبیوە کردە بابەتێکی کۆمەڵگایی. لە ئاکامی ئەم ریفراندۆمە سەربەخۆیی کوردستان رانەگەینراوە، و پەیوەندی نێوان کوردستانی باشور و حکومەتی بەغدا بە تەمومژاوی ماوەتەوە، و دەتوانین بلێن بوونی شەرعیەتی قانونی هەرێمی کوردستان و قایل بوونی حوکمرانانی عێراق بەم هەرێمە، تەنها شەرعیەتی شکلی لە دەستوری عێراقەوە وەرگرتوە، و لەراستیدا ئەوەی هەیە دەچێتە قاڵپی قایلبوون بە ئەمری واقیع و بوونێک بە ئیرادی گەلی کوردستان فەرزکراوە و جیهان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، و هەوڵدانی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ نەهێشتنی بەردەوامە، و تا ئەنجام نەدانی سەربەخۆیی باشوری کوردستان بەردەوام دەبێت.

بە ئەنجامدانی ریفراندۆم مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە. هەڵبەتە ئەو ڕەوشە سەربازی و سیاسییەی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم هاتەکایەوە و بەتایبەتی هیرشی عێراق بە پشتگیری ئێران و قایل بوونی تورکیا و پلانی دەوڵەتی ئینگلستان و بێدەنگی ئەمەریکا لەو هێرشە، زەمینەی بۆ ئەو پروپاگندانە خۆش کرد کە گوایە ئەو پەلاماردانە لە ئاکامی داوای بریاردانی مافی چارەنوس بووە، و ئەمەش تا ئێستا بە مەبەستی سیاسی و ململانێی حزبی بەکارهات، بەتایبەتی لە پرۆپاگندەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ریفراندۆم وەک میکانیزمێک بۆ دەڕبرینی ڕای خەڵکی کوردستان ئەنجام درا، و مێژوو ئەوەی تۆمارکرد کە 93%ی خەڵکی کوردستان دەنگی دا، و ئەم ئەنجامەش بوو بە بەڵگەنامەیەکی ستراتیجی مێژووی، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ریفراندۆمیان وەک بابەتێکی ململانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. مەسەلەی سەرەکی گەلی کوردستان مەسەلەی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانە، نەک ریفراندۆم کە یەکێکە لە میکانیزمەکانی مافی بریاردانی چارەنوس، بەڵام جێگای داخە بە هۆی ملمڵانێی حزبییەوە ئەم هەنگاوە مێژووییە کە گەلی کوردستان تۆماری کردوە بە عەقلیەتێکی بەرتەسکی حزبی بە ئەرێنی یان نەرێنی هەڵوێستی لێوەردەگیرێت.
ریفراندرۆم ئەنجامدراو کۆتایی هات بەڵام مەسەلەی سەرەکی ئێمە سەربەخۆییە کە پێویستە کار بۆ وەدیهێنانی زەمینەی گونجا و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی بکەین.


AM:10:38:26/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4561 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی