حزبی خاک .. نان .. ئازادی

‌د. کاوە مەحمود

گرێدانی تێکۆشانی نیشتمانی بە تێکۆشانی چینایەتی بە شێوەیەکی مێژوویی، بنەمای سەرەکی سیاسەتی شیوعییەکانی کوردستان بووە. کاتێکیش شیوعییەکان بە شێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی باسی مەسەلەی کورد و کوردستانیان کردوە، نیشتمان و خەڵکی چەوساوە و زەحمتکێش، وئازادییە دیموکراتییەکان، رەهەندی دانەبراوی بنەمای داراشتنی سیاسەت، و هەڵوێست وەرگرتن بووە.

هاورێی شەهید جمال حەیدری لە وتارە بەنرخەکەیدا ( شیوعییەکان پێشڕەوی تێکۆشانن بۆ چارەسەری مەسەلەی کوردستان و گەیشتنی گەلی کورد بۆ مافی بریاردانی چارەنوس و ئازادی و یەکێتی نەتەوەیی) کە لە کۆتایی ساڵی 1961 نوسیوێتی، و دووای شەهیدبوونی لە ئاکامی کۆدەتای بەعس لە 1963دا، ئەم وتارەی  لە ساڵی 1974دا بۆ یەکەمین جار بڵاوبۆتەوە، ئاماژەی بە دەستەواژەیەک کردوە کە ئەویش ( حزبی خاک و نان و ئازادی) یە وەک شوناسێک کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ئاکامی هەڵوێست و تێکۆشان بە حزبی شیوعی بەخشیوە.

حزبی خاک و نان و ئازادی، رەنگدانەوەیەکی تەواوی ئامادەبوون و گرێدانی چەمکی خەباتی نیشتمانی بە خەباتی چینایەتی و داواکارییەکانی خەڵک و خەبات لە پێناوی ئازادییەکانە، کە ئەو سێ رەهەندە گرنگە بنەمای هەڵوێستی مێژووی شیوعییەکانە سەبارەت بە مەسەلەی کورد.

نوسەر لە بەشێک لەو وتارەدا دەڵی: شیوعییەکان تەماشای تاکە لایەنێکی چەوساندنەوە ناکەن کە مەبەست چەوساندنەوەی نەتەوەییە کە دووچاری کورد بۆتەوە. هەڵبەتە ئەمەش مانای ئەوە نییە کە چەوساندنەوەی نەتەوەیی دژ بە کورد لە عێراق و تورکیا و ئێران بابەتێکی لاوەکییە و گرنگی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، چەوساندنەوەی نەتەوەیی دژ بە گەلی کورد بەرادەیەک قێزەوەنە کە کۆنەپەرستان و توندڕەوە شۆڤینیستەکانی تورک و فارس و عەرەب تەنانەت دان بە بوونی خاکی کوردان ـ کوردستان ـ نانێن و بەردەوام ئینکاری ئەوە دەکەن کە نەتەوەی کورد هەیە.

شەهید جمال حەیدری  لە وتارەکەیدا ئاماژە بە هەڵوێستی مەبدەئییانەی شیوعییەکان دەکات کە تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی و دیموکراسی بەیەکەوە دەبەستنەوە و دەڵی: لەم روانگەیەوە حزبمان پشتگیری لە هەر بزاڤیکی پێشکەوتنخوازانەی گەلی کورد، چ لە کوردستانی عێراق، یان لە پارچەکانی دیکەدا، کردوە، و لەساڵی 1945 پشتگیری لە بزوتنەوەی بارزان و لە ساڵی 1946دا لە کۆماری کوردستانی دیموکرات "کۆماری مەهاباد" کردوە، و بەردەوام دەنگی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتی چەوساندنەوە وداپلۆسینی وەحشیگەرانەی دەسەڵاتدارانی تورکیا و ئێران و عێراق دژ بە کورد دەڕبریوە. لە هەمان کاتدا شیوعییەکان پێشڕەوی جەماوەری گەلی کوردستان وەک رێکخەرو سەرکردە بوونە.

شیوعییەکان رۆڵی سەرکردایەتییان هەبوو  لە راپەرینەکانی جوتیارانی (وارماوا) لە سلیمانی و جوتیارانی (دزەیی) کە 300 گوندی هەولێری گرتەوە، و جوتیارانی (هۆرین و شێخان)ی سەر بە خانەقین. هەروەها شیوعییەکان سەرکردایەتی خۆپیشاندانی کرێکارانی نەوت لە کەرکوک لە ساڵی 1946 و کرێکارانی هێڵی ئاسن لە هەولیر ساڵی 1948 کردوە و لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازەکانی بەشدارییان لە دەیان خۆپیشاندانی جەماوەری کردوە کە لەسەرانسەری کوردستاندا بەرپابووە.

شەهید جمال حەیدەری لە وتارەکەیدا رۆڵ و گرنگی کاری رۆژنامەگەری فەرامۆش ناکات، بۆیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە رۆژنامەی ئازادی کە حزبی شیوعی بە زمانی کوردی لە ساڵی 1944 وە دەریدەکرد تا ئێستا رۆڵێکی گەورە لە ئامادەکردنی جەماوەر بۆ تێکۆشان دەبینێت. لە میانەی ئەم تێکۆشانەشدا حزبی شیوعی قوربانی گرانبەهای پێشکەشکردوە و چەندین تێکۆشەری شیوعی شەهید بوونە و چەندین دیکە لە بەندیخانەکاندا بۆ ماوی درێژ بەندبوونە.

بابەتی کشتوکاڵی و مافی جوتیاران بەشێکی دیکەی بایەخی شەهید جمال حەیدەری بووە، هەر بۆیە لە وتارەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە جوتیاران زۆربەی جەماوەری کوردستان پێکدەهێنن و بەرنامەی حزبی شیوعی لە بواری سیاسەتی کشتوکاڵی جێگای رەزامەندی جەماوەرە. بە هۆی ئەم هەڵوێستانەی حزب لە بواری نیشتمانی و چینایەتی و بواری ئازادیە دیموکراتییەکان بەشێکی بەرچاوی رۆشنبیران و هونەرمەندان و شاعیر و ئەدیبان لە دەوری حزب کۆبونەتەوە.

شەهید جمال حەیدری کۆتایی بە پەرەگرافی ئەم بەشەی وتارەکەی دەهێنێ بەوەی کە جەماوەر کورد بە هۆی ئەم هەڵوێستانە و بە هۆی ئەم سیاسەتە ناوی حزبی شیوعی ناوە: حزبی خاک و نان و ئازادی.


PM:11:27:16/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 4140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی