بەرهەمەکانی لینین و مەسەلەی نەتەوایەتی

‌د. کاوە مەحمود

لە جوغزی سەربەخۆییدا
بەرهەمەکانی لینین و مەسەلەی نەتەوایەتی
د. کاوە محمود
لە کتێبی (کورتە باسیکی مێژوویی و تیۆری مارکسیزم لینینزم)، جان رو نووسەری ئەو کتێبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەک لەسەر سێی بەرهەمەکانی لینین سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتییە. بەڵام ئەوەی لە بەڵگەنامەی بەشێک لە پارتە کۆمۆنیستەکان رچاو دەکرێ، بەکارهێنانیان چەمکەکانی ئەو بەرهەمانەیە لەدەرەوەی رەوت ورێرەوی مێژوویی گەڵاڵەبوونی ئەو بۆچون وچەمکانە کە لینین لە میانەی ململانییەکانی ئەو سەردم و قۆناغە مێژووییە، بەرهەمیهێناوە.

لینین لە سێ قۆناغی جیاواز و لە میانەی ململانییەکاندا باسی لەو چەمکانە کردووە کە پەیوەندییان بەمەسەلەی نەتەوایەتییەوە هەیە. قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1903دایە کە ساڵی بەستنی دووەمین کۆنگرەی حزبی کرێکارانی سوشیال دیموکرات روسیا بوو، کە بەکۆنگرەیەکی مێژووی ودامەزرێنەری ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت، چونکە شوناسی ئەو حزبە وبەرنامە و شێوازی رێکخستنی ناوەندی تیایدا بریاردرا. لەم کۆنگرەیەدا کەسانی مارکسیست سەر بە نەتەوەکانی دیکەی نا رووس داوایان دەکرد پرنسیپی فیدرالیزمی نەتەوەیی لە بواری رێکخستن لە نێو حزبدا بەرقەرار بێت، ورێکخراوە حزبییەکانی سەر بەهەر نەتەوەیەک سەربەخۆیی زاتی هەبێت. گروپی (بۆندییەکان) کە لە مارکسیستە جووەکان پێک هاتبوو داکۆکیان لەم بۆچونە دەکرد. لینین لە روانگەیەکی ریکخراوەیی پوختەوە دژ بەم بۆچونە بوو، ئەمەش لە روانگەی پێداویستییەکانی تێکۆشان دژ بە رژێمی ئۆتۆکراتی سیزاری روسیا. لینین پێی وابوو کە خولیای نەتەوەیی لە نێو کرێکارانی گەلانی روسیا لەو قۆناغەدا رێگا لە درووستبوونی رێکخراوی سنتراڵی بەهێزی کرێکاری دەگرێت. بەم جۆرەش خەباتی کرێکاری پەرشوبڵاو دەبێت وناتوانی ئەرکی تێکۆشەرانی خۆی ببینیت.

دوواتر گەورەترین هەڵە کە هەندی پارتی کۆمونیست کردی ئەوەیە کە دوور لە رەوتی مێژوویی ئەو هەلەمەرجەی لینین لە 1903دا سەبارەت بە رێکخستنی حزبی، هەڵوێستی وەرگرت، ئەوان چەمکەکانیان کۆپیکرد ولەسەر بارودۆخی خۆیاندا لەهەلومەرجێکی جیاواز ولە پاشخانێکی مێژویی پەرەسەندی جیاوازی مەسەلەی نەتەوایەتیدا ئەو چەمکەیان جێبەجێکرد وبەم جۆرەش بەرگێکی کۆسمەپۆلۆتی نانیشتمانیان بە بەرۆکی لینینەوە کرد.
قۆناغی دووەم بۆ ساڵانی 1913 ـ 1916 دەگەرێتەوە کە لینین دژ بە خولیای نەتەوەیی قوتابخانەی مارکسیستەکانی ئوتریش بوو. ئەو قوتابخانەیە جەختی لەسەر دوو پرنسیپی سەرەکی دەکردەوە. یەکەمیان یەکێتی نەتەوەیی لە رێکخستنی حزبیدا، ودووەمیان سەربەخۆیی زاتی نەتەوەیی وکەلتوری لە رێکخستنی دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیدا. لینین دژ بە دروشمی مارکسیستەکانی ئوتریش بوو، وپیی وابوو ئەم بۆچونانە دەبێتە هۆی یەکگرتنی پرۆلیتاریا وبۆرژواکان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، ولەهەمان کاتدا پرۆلیتاریای دەوڵەت دابەشدەکات. هەر لەم کاتەشدا ناکۆکی نێوان لینین دژبە کاوتسکی و سەرکردەکانی نێونەتەوەیی دووەم دەرکەوت کە پشتگیری حکومەتە بۆرژواکانیان لە شەری جیهانی یەکەم دەکرد.

بەڵام هەر لەم بوارەدا بۆ ئەوەی بۆچونەکانی لینین سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی بە روونتر و جوانتر دەرکەوێ، ناکرێ ئاماژە بۆ ئەو گفتوگۆیانە نەکرێ کە لینین لە کتێبی( مافی نەتەوەکان لە بریاردانی چارەنووسدا) ساڵی 1914و لە کتێبی (پوختەی گفتوگۆکان سەبارەت مافی بریاردانی چارەنوس) ساڵی 1916، ئاماژەی پێکردوە و تیایدا بە روونی وەڵامی (رۆزا لۆکسبۆرک و کارل لیبکنخت وبوخارین)ی دایەوە، وبۆچونەکانی ئەوانی سەبارەت بە "کۆتایهاتنی شەری نەتەویی" و درووشمی "با سنوور نەمێنێت"، و"پەرپاکردنی شۆرشێکی پوختی پرۆلیتاریا" و گۆرانکاریکردنی لە بەرنامەی سوشیال دیموکراتی روسیا سەبارەت بە مافی بریاردانی چارەنوسی گەلان بۆ پێدانی ئەم مافە تەنها بە پرۆلیتاریا، بە هەڵە زانی.

گەڵاڵەبوونی پوختەی هەڵوێستی لینین سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوەیی لەئاکامی وەڵامدانەوەی ئەو گرۆپە چەپڕەو ساوایانە بوو کە بنەما هزرییەکانی ئەوانی لەو دوو بەرهەمەی سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بەتەواوی هەڵیوەشاندەوە.

گرنگی هەڵوێَستی لینین لەوەدایە کە ئاماژەی بەرەهەندی کۆلونیالستی لە مەسەلەی نەتەوایەتیدا کرد کە لەسەردەمی ئیمپریالیزیمدا مەسەلەی نەتەوایەتی دەبێتە مەسەلەی رزگاربوون لە کۆلونیالزم بەنیسبەت زۆربەی نەتەوە وگەلانی جیهانەوە کە بەشێوازی جۆراجۆر داگیردەکرێن.

قۆناغی سێیەمی بەرهەمەکانی لینین مۆرکێکی تیۆری وپراکتیکی هەیە ودەگەرێتەوە بۆ ساڵانی 1920 ـ 1923، کە مەسەلەی نەتەوایەتی وەک بابەتێکی سیاسی رووبەرووی شۆرشی ئۆکتۆبەر ودامەزراندی یەکێتی سۆڤیەت بۆوە. لەم بوارەدا لینین رووبەرووی رێکخستنی پەیوەندی نێوان نەتەوەی زۆردار (روس) و نەتەوە چەوساوە وزۆرلێکراوەکانی ژێر دەستی روسیای سیزاری کە دوای شۆرشی ئۆکتۆبەر ویستیان بەشێوازی فیدرالی لەچوارچپَوەی یەکێتی سۆڤیەت بمێننەوە. لەهەمان کاتدا بابەتی رێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوە نەتەوەیە شۆرشگێرەکانی وڵاتانی رۆژهەڵات وداگیرکراوەکان هاتە بەردەم یەکێتی سۆڤیەت وەک رێگایەک بۆ دەربازبوون لە ئابلوقەی وڵاتە سەرمایەدارەکانی بۆ دەوڵەتی سۆڤیەت.


PM:05:11:14/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 4583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی