نێوان رۆشنبیر ودەسەڵات... پرسیاری دوێنێ وپرسیاری ئەمرۆ!

‌د. کاوە مەحمود


پەیوەندی نێوان رۆشنبیر ودەسەڵات، پرسیاری دوێنێ وپرسیاری ئەمرۆیە پرسیارێکی کۆن ونوێیە لە هەمان کاتەدا. کۆنە لەبەر ئەوەی پێشتریش وەک مەسەلەیەکی گرێی خراوتە ڕوو. نوێن لەبەر ئەوەی تا ئێستا پرسیارێکی زیندووە وبەشێوازی جۆراوجۆر مشتومڕی لەسەر دەکرێ.

نوسین سەبارەت بە پەیوەندی نێوان لایەنەکانی هاوکێشەکە ئەو پرسیارانەی لە سەرەتاوە وروژێنراوە، بە بۆچونی من پێویستی بە جۆرێک لە پێناسەکردنی دەستەواژەکان هەیە، لەوانە رۆشنبیری، دەسەڵات.
دەستەواژەی ڕونشنبیری ئۆرگانی بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە لایەن بیرمەندی چەپی ئیتالیانی "ئەنتۆنیۆ گرامشی"یەوە بەکار هێنراوە. گرامشی پێی وایە ئەوانەی ئەرکی فیکری لە کۆمەلگادا ئەنجام دەدەن، دوو بەشن. بەشی یەکەمیان ئەو ڕوناکبیرە تەقلیدیانەن کە سەر لەنوێ بەهاکان بەرهەم دەهێننەوە، نمونەی ئەمانەش پیاوانی ئاینی ومامۆستایانی فەرمی دەوڵەت، وبەرپرسە ئیدارییەکانن. ئەم جۆرە ڕوناکبیرانە، نەوە لە دوای نەوە هەمان ئەرک وکار
ئەنجام دەدەن. بەشی دووەمیان ئەو ڕوناکبیرە ئۆرگانییانەن کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەو چین ودامزراوە بازرگانییانەوە وابەستن کە بۆ ڕێکخستنی بەرژەوەندیەکانیان، ووەدەسهێنانی وزەی زیاتر وتوانای کۆنتڕوڵ کردنیان بەجۆرێکی نوێ بەکاریان دەهێنن.

کاتێک سەرمایەداری لە شوێنێکی دیاریکراودا کارەکانی خۆی ڕێک دەخات وچالاکییەکانی سازدەدات، پێویستی بە شارەزایانی بواری پیشەسازی، ووەبەرهێنان، وپسپۆری بواری ئابوری سیاسی هەیە. ئا لەو کاتەدا پێویستیشی بە دامەزراندی ڕۆشنبیرییەکی نوێ وسستمێکی یاسایی نوێ هەیە. لەم حاڵتەدا پرۆسەی بەرهەمهێنانی "معرفە"یەکی نوێ وبڵاوکردنەوەی
دروست دەبێ. لەم ڕوانگەیەوە گرامشی پێی وابووە کە هەر کەسێک لە بوارێک لە
بوارەکانی بەرهامهێنانی "معرفە"دا کار بکات، ئەوە ڕوناکبیرە.

هەڵبەتە ئەم بەرهەمهێنانە نوێیە لە سایەی سەرمایەداریدا یەک جەمسەری نابێ. واتە دەستەواژەی ڕوناکبیری سنوری پەرژەوەندییەکانی سەرمایەدارنیش دەبەزێنێن کاتێک ئەو ڕوناکبیرە هاوپەیمانی هێزەکانی پەرەسەندن وگۆرانکاری دەبێ، وبایەخ بەو زیانانەش نادا کە دوچاری دەبنەوە لە ئاکامی ئەم هەڵوێستەیدا، و ئەو ڕوناکبیرانەش کە لە قۆناغێکی دیاریکراو ئۆرگانی سەرمایەداریی گەشەسەندووبوون، دەگەڕێنەوە بازنەیەکی تەقلیدی وسیفەتی
ڕوناکبیری ئۆرگانی خۆیان لە دەس دەدەن، دەکەونە خانەی مامەڵەکردن لە گەڵ زانیارییەکان وتیئۆری "معرفە" لە ڕوانگەی بەهاکانی بازاڕ ویاساکانی خستنە ڕوو وداواکردنەوە.

لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە هەردەم ڕوناکبیر بێ شیکردنەوە، بۆ ئەوەی مۆرکی ئۆرگانی خۆی بپارێزی، دەبێ هەموو وزەی داهێنانی خۆی بۆ دژایەتی کردنی دەسەڵات تەرخان بکات. پێم وایە گرنگ ئەوەیە بە چ میتۆدێک لە گەڵ یاساکانی پەرەسەندن وگۆرانکاری مامەڵە دەکات، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش شوێنەواری خۆی لە پرۆژەی گورانکاری کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات. ئەلێرەدا گرنگ ئەوەیە تا چ ڕادەیەک خاوەن عەقلیەت وبیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە دوور لە سنوری عەقلیەتی باوی دەسەڵات، وبەجۆرێک دوور لە بیانوو هێنانەوە، ڕاست وهەڵە، بە پێی میتۆدی گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان وبەها مرۆییەکان، دەست نیشان بکات، ئەو بەها ونەریتە مرۆییانە پێوەری هەڵسەنگاندنی بێ.

ئەگەر بمانەوێ دوور لە میتۆدیکی تجریدی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە وڕەهەندەکانی بکەین، وبە جۆرێک ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە گۆمەلگای خۆمانەوە بێ. پێویستە لایەنی بەرامبەری ڕوانکبیر، کە دەسەڵاتە، بە جۆرێک دەستنیشان بکەین کە پێناسەکەی لە سنوری تەسکی دەزگا سەرخانەکان حکومەتدا نەمێنێتەوە. لەو هاوکێشەیەی کە پەیوەندی نێوان دەسەڵات وڕوانکبیر دەستنیشان دەکات، مەبەستم لە دەسەڵات هەموو ئەو پەیوەندییانەیە کە هیمایەکن بۆ خۆداسەپاندن وسەروەری وبریار فەرز کردن بە سەر چارەنووسی تاکەکەس دوور لە ئارەزووی خۆی، وکۆنتڕۆڵکردنی عەقلی بەرامبەر، دوور لە بەهاکانی
ئازادی ونەریتە مرۆییەکان.

دەسەڵات بەم مانا فراوانەی ئەرکی خۆی بە شێوەیەکی نادیار یان تەنها لە ڕێگای بەکارهێنانی دامودەزگا داپڵوسێنەرەکانیەوە نابینێ، بەڵکۆ کۆمەڵێک ڕوناکبیری تەقلیدی کە خۆیان بە پارێزەری بەها کۆمەڵایەتی وئاینیی "وبەرژەوەندییە گشتییەکانەوە" پێناسە دەکەن، ئەم ئەرکە بەجێدەگەیەنن. بە بۆچوونی من بوونی ڕوناکبیرە تەقلیدییەکان گرفتێکی
مێژووییە، وهۆکاری سەرەکیی وون بوونی هۆشمەندی وگەڕانەوەیە بۆ سەلەفییەت بە مانا فراوانەکەی ئەم وشەیە، واتە نەک تەنها لە بواری فیکری ئاینیدا بەڵکۆ لە فیکری چەپ ومارکسیەتدا زەمینەی ئەم سەلەفیەتە لە ئارادا دەبێ کاتێک پێوەرەکان بۆ شیکردنەوە وحاڵیبوون لە دیاردە نوێکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کە هەردەم لە وەرچەرخان وگۆرانکاریدان ـ هەمان پێوەرە تەقلیدییەکان بن.

ئەم حاڵەتە تێکرای بوارەکای ڕوناکبیری دەگرێتەوە، وکاتێک دەبێتە میتۆدێێکی بیرکردنەوە، چارەسەرەکان، ودەربازبوون لە قەیرانەکان لە ژیان لە نێو دەقە پیڕۆزەکاندا دوور لە هەردوو چەمکی کات وشوێن،خۆی دەبینێتەوە. ئەو کاتە گەڕانەوە بۆ نەریتەکانی ئەبو هریرە وئیبن
القیم، یان چاوەڕوانی هاتنی ئیمامی مەهدی، ویان خەونبینین بە سەردەمی ستالینەوە، ڕێگای چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەبێ.

لە سایەی ڕوناکبیری تەقلیدیدا مێژوو داخراوە. گۆرانییە خۆش وپڕسۆزەکان تەنها گۆرانییە کۆنەکانن.. تەنها ڕۆمانە کۆنەکان شایەنی خوێندنەوەن.. تەنها شانۆی جاران شانۆ بووە. بلیمەت وزاناگەورەکان تەنها لە سەردەمی خلافەتدا بوون... تەنها تێکۆشەرە دێرینەکان تێکۆشەربوون.

ئەم جۆرە دەسەڵات لە ڕێگای ئەم ڕوناکبیرە تەقلیدیەوە کۆمەڵگا ومرۆڤایەتی بەرەو نەزۆکی دەبات.
بەرهەمهێنانەوەی ئەم جۆرە ڕوناکبیرییە، مانای پەراوێز خستنی ڕۆڵی ڕوشنبیری ئۆرگانییە، وسنور دانانە بۆ ڕۆڵی تیئۆری "معرفە" وەک پێوەرێکی ڕوناکبیری بۆ زانینی ڕاستی مەسەلەکان، وڕەنگدانەوی واقیع لە فیکردا لە سایەی بنەما ویاساکانی دیالکتیکدا، بە مەبەستی وەبەرهێنانی گۆرانکارییە سروشتی وکۆمەڵایەتی وفیکرییەکان بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ.

سیاسەتی دەستەمۆکردنی ڕوناکبیران یەکێکە لە ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی سیاسی، بەو مەبەستەی ڕوناکبیر وەک پێداویستیەکانی دەسەڵات بیر بکاتەوە. هەندێ لە ڕوناکبیران بێ ئەوەی دەسڵاتیش ڕاستەخۆ داوای ئەوەیان لێ بکات، بیرکردنەوەی دەسەڵات وعەقڵی دەسەڵاتداران دەخوێننەوە، وئەم ئەرکە جێبەجێ دەکەن، هەندێکی دیکەیان بە ناچاری ولە ڕێگای فشاری جۆراوجۆرەوە وابەستی خۆیان ڕادەگەیەنن. بەشێکیش لە ڕوناکبیران ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتەی دەسەڵات، لە ڕێگای خۆ پەراوێز خستن، دەبنەوە.

پێم وایە هەلومەرجی ئەمڕومان، وخەمخۆری ڕوانکبیر بۆ دواڕۆژێکی گەشەدار بۆ نەوەکانی داهاتوو، پێویستی بە باس کردنی مەسەلەکان هەیە، وەک خۆی کە ھەن، وبە جۆرێک خاڵەکان لە سەر پێتەکان دا بنرێ.
لە فۆلکلۆری گەلاندا دەگێڕنەوە کە تیمورلنگ لە سەردەمی حوکمرانییدا، کرمانی کە شاعیری
سەمەرقند بووە بانگ دەکات، ولێیدەپرسێ: بە چەند دەمکرێ؟ ئەویش پێی دەڵێ بە بیست وپێنج هەزار دینار. تیمورلنگ پێی دەڵی: لەوە دەچێ کابرایەکی گەوج بی. من تەنها ئەو خشڵی پێمەوەیە نرخی ئەوندەیە. کرمانی پێی دەڵی:
منیش هەر پارەی خشڵەکەم وتووە، چونکە خۆت هێچ نرخێکت نییە!


PM:12:27:12/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 5191 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی