ئەو رووداوەی لە سلێمانی نەبووە هەواڵ

‌ ئاسۆ حاجی


چەند رۆژێک پێش ئێستا نوێنەری شاری مەشهەد لە پەڕلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو،زیاتر لە 36 ملیار دۆلار و 80 تۆن زێڕ بردراوەتە شاری سلێمانی لە عێڕاق،ئەو زانیاریە کە لە ناو پەڕلەمانی ئێران ئاشکرا کرا کە دواتر ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوی کردەوە جەواد قودسی ئاشکرای کردووە کە  دوابەدوای دابەزینی نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلار،بە بڕیاری حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، وەزارەتی ئیتڵاعات، سوپای پاسداران و وەزارەتی ئابوری بەڕێوەچوە (گوتی کە ڤیدیۆی ئەو دانیشتنەشی لەبەر دەستدایە)لەوێ بڕیاردراوە کە ئەو بڕە پارەیە بنێردرێ و لە رێگای سێ گروپی قاچاغچی ئەو زێڕ و پارەیە گەیەندراوەتە شاری سلێمانی.

ئەو هەواڵە کە پەیوەندی بە سەروەری عێڕاقەوە هەیە وەک دەوڵەت و بە خەڵکی کوردستانەوەش وەک هەرێمێکی فیدڕال،لەوانەش زیاتر و تایبەتر پەیوەندی بە دانیشتوانی پارێزگای سلێمانیەوە هەیە پێویستە دەربارەی ئەو هەموو زێڕ و پارەیە بزانن بۆ چ مەبەستێک رەوانە کراوە؟ ئەو لایەنەی پارەکەی وەرگرتووە کێیە؟ئەو سێ گروپە قاچاغچیە کێن و لەگەڵ کێ کاردەکەن؟

ئاشکرا کردنی ئەو زانیاریانە لەناو پەڕلەمانی ئێران بە ململانێی نێوان رەوتی محافزکاران و رەوتی ئیسلاح تەلەبەکانی ئێران دادەندرێ کە حەسەن روحانی لەسەر ریفۆرمخوازەکان هەژمار دەکرێ و جواد کەریمی قودسیش یەکێکە لە محافزکارە توندڕەوەکان،رەنگە ئەو لێکدانەوەیە بۆ ئێرانیەکان و ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەس بێ بۆ ئەوەی زیاتری لە سەر نەڕۆن و نەڵێن،بەڵام ئایا بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتەکەی و خەڵکی عێڕاق و حکومەتەکەی هەمان لێکدانەوە و هەمان بڕیار دروستە؟

رەوانەکردنی ئەو بڕە زۆرەی زێڕ و پارە لە ماوەی سێ ساڵی رابردووەدا بۆ شاری سلێمانی،لەبەردەم پرسیارێکمان دادەنێ ئایا بۆچی ئەو رووداوە گرنگە نەبووە رۆژەڤی خەڵکی سلێمانی!بۆچی میدیاکانی ئەو شارە نە وەک هەواڵ بڵاویان کردەوە و نە بەدواداچوونیان بۆ کرد! بەتایبەتیش بڵاوبوونەوەی ئەو زانیاریانە لە کاتێکدایە لەو شارە ئاراستەیەک هەیە کە خەڵک لە دژی بڕیار و رێنماییەکانی حکومەت بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاندەدەن بە بەهانەی نەدانی موچە و خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک،بەو کارەشیان ئەوانەی سەرکردایەتی هاندان و وروژاندنی خەڵک بەو ئاراستەیە دەکەن لە یەک کاتدا دوو ئامانج دەپێکن:

- دروست کردنی بێ متمانەیی لە نێوان خەڵک و حکومەت،هەروەها مەترسی جدی دروست کردن لە سەر ژیان و گیانی خەڵک بە توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا،کە لە هەمان کاتدا باری حکومەت لە رووی دارایی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی قوڕستر دەکات،رەنگە هەر بۆ ئەو مەبەستەش بێت و هەر بە بڕیاری ئەو کەسانەش بووبێت کە تیمە پزیشکیەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان نەماوون و لە رۆژانی جەژنیش بەبێ پشکنین رێگەدراوە دانیشتوانی شارەکانی ناوەراست و باشوری عێڕاق بچنە ناو شاری سلێمانی و سەیرانگەکانی.

- بە دروست کردنی پشێوی و سەرقاڵکردنی خەڵک بە دژایەتی کردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی هەولی لادانی سەرنجی خەڵک لە سەر ئەو زانیاریانە بدەن،لە جیاتی سەرنجیان بۆ سەر تەهران و پیلانەکانی بچێ،ئەوان سەرنجەکان بۆ سەر هەولێر ئاراستە دەکەن تا رادەی هاندانی خەڵک و ئامادەکردنیان لە رووی نەفسیەوە بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ و بەکارهێنانی چەک لە دژی دامەزراوەکانی حکومەت.

بە بۆچوونی من ناکرێ ئەو رووداوە وا بە سوک و سانایی تێبپەڕێ،بەر لە هەموو شتێک پێویستە: - پەڕلەمانتاران لە بەغدا کار لەسەر ئەو پرسە بکەن و لە رێگای حکومەتی عێڕاق داوای روونکردنەوە و زانیاری زیاتر لە حکومەتی ئێران بکرێ.

- یەکەم دانیشتنەوەی پەڕلەمانی کوردستان تایبەت بکرێ بەو مەسەلەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە بەدواداچوونی بۆ بکات و بزانێ ئەو پارەیە بۆ هاتووە و چی پێکراوە ؟

- پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەردەم پرسیار و ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی مەزندان و پێویستە لە سەریان وەڵامی خەڵکی خۆیان بدەنەوە و زنیاری دروستیان دەربارەی ئەو بڕە زێڕ و پارەیە پێ بدەن.

- میدیاکان و رۆژنامەوانان و چالاکانی سلێمانی و کوردستان بە گشتی پێویستە بە ئەرکی پیشەیی خۆیان هەستن و بەدواداچوون بۆ ئەو زانیاریانە بکەن کە پەڕلەمانتارێکی ئێران لە ناو پەڕلەمانی وڵاتەکەی ئەو زانیاریانەی ئاشکرا کرد و گوتی بەڵگەیی ڤیدیۆیشی لەبەر دەست دا هەیە.

- نوێنەرایەتی وڵاتان بەتایبەتی ئەمریکا لە سەریەتی بەدواداچوون بۆ پرسی ئەو زێڕ و پارەیە بکات بە تایبەتی کە ئەوان سزای ئابوری و داراییان لەسەر ئێران داناوە.


PM:01:13:05/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی