‌يەکێتی نەدەبوا هەڵوێستی وابا
PM:12:04:18/03/2020
ئاسۆ حاجی


زوو راگەیاندنی هەڵوێست و دەرچوون لە کۆدەنگی و یەکگرتووی هەڵوێست و گووتاری کوردستانی لە پێشوازیکردن لە پرسی راسپاردنی عەدنان زورفی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە کارێکی دروست و بەجێ نەبوو،نەک لەبەر ئەوەی پاڵپشتیان راگەیاند و بەڵکو نەدەبوا لە دەرەوەی ماڵی کوردستانی خۆیان یەکلابکەنەوە.
ئەو هەڵوێستەی یەکێتی هەندێک تێبینیان لێوەبەر دێ:
- بۆ ئەوان تەنها ئەو کاتە دروشمی یەک هەڵوێستی و یەکگرتوویی پەسندە کە لەگەڵ بەرژەوەندیە حیزبی و کەسیەکانیان بێتەوە،بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی ئەو ماڵە و ئەو گوتارە بەرژەوەندیەکانیان باشتر بڕ بکەن ئەوە بێ دوودڵی نێوماڵەکە پارچە دەکەن و دەچنە پاڵ هێزگەلێکی دیکە کە کار بۆ نەهێشتنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن وەک ئەوەی لە ١٦ ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتر کردیان.
- یەکێتی زۆربەی جار نەیتوانیوە گوزارشت لە خواستە نیشتیمانی و نەتەوەیەکانی گەلی کوردستان بکات،چونکە پێگیریەکی گەورەتری هەیە و ناتوانێ لێی دەرچێ کە گوزارشت کردنە لە خواستی هەندێک هێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی،بۆیە هەرکاتێک بەرژەوەندی خەلکی کوردستان و ئەو هێزانە یەکنەگرێتەوە،ئەوە بە ئاسانی یەکێتی بەرژەوەندی هێزگەلە دەرەکیەکە هەڵدەبژێرێ بەو ئومێدەی لەناو خۆی کوردستان بەهێزتری بکات بەڵام هەموو جار لەو لێکدانەوەیان کورت دەهێنن.
- خۆ هاوێرکردن و حیساب نەکردن بۆ هێز و پێگەی کوردستان کە سەرچاوەکەی یەکگرتووی خەڵکەکەی و یەک هەڵوێستی هێزە سیاسیەکانیەتی،کارکردنە بە ئاراستەی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە بەغدا هەروەها لە قۆناغی داهاتوودا کە پێشبینی دەکرێ ساڵێک یان زیاتر بخایەنێ کە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێ.
- مەترسی گەورەی ئەو هەڵوێستەی یەکێتی لەوە سەرچاوە دەگرێ کە زورفی بەشێکە لە ئیئتلافەکەی حەیدەر عەبادی و لە لێدوان و هەڵوێستەکانی پێشوتریشی بەتایبەتی لە پرسی ریفراندۆم و داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان هاوڕا و هاوهەڵوێستی عەبادی بووە،خەڵکی کوردستان لەوە دەترسێن و نیگەرانن کە ئەو کارەی یەکێتی درێژکردنەوەی هەمان سیاسەت و رێکەوتن بێت.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.