کابینەی نوێ پێک دێت؟

‌ ئاسۆ حاجی


بەرهەم سالح رۆژێک دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی عەدنان زەرفی بۆ پێکهێنانی کابیبەی نوێی حکومەت راسپارد بە نووسراوێک کە مێژووی دوێنێ ٣/١٦ لەسەر داندراوە.

بەرهەم ساڵح دووجار نا یاسایی و نا دەستووری کردوە! بە دڵنیایەوە لە پێناو ئامانجێک ئەوەی کردوە،زیاتر شیمانەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەڵێنی دانانی چەند کەسێکیان وەک وەزیر پێدابێت.

بەرهەم سالح لەوەتەی لە ناو یەکێتی پەراوێز خراوە و نەکرا بە سەرۆکی یەکێتی هەموو هەوڵ و کارێک دەکات بۆ ئەوەی لە بەغدا شوێن پێی قایمتربێت و شیعە پاڵپشتی لێبکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرکۆمار.

لە پێناو ئەو ئامانجەی پاڵپشتی لە سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینەی سیاسی شیعە دەکات لە سەر حیسابی پاشەکشێ پێکردنی مافە دەستووریەکانی گەلی هەرێمی کوردستان هەروەها پێکهاتەی سوننە،لە ژێر ناونیشان و بانگەشەی دەرباز بوون لە پشکپشکێنە و کەمکردنەوەی رۆڵ و کاریگەری هێزە سیاسیەکان لە دیاریکردنی وەزیرەکان و دانی ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو.

عەدنان زەرفی کە سەرۆکی رەوتێکی سیاسی شیعەیە (ئیئتیلافی وەفا) و لەسەر لیستی ئیئتیلافی نەسری حەیدەر عەبادی پەڕلەمانتارە و رەنگە پاڵپشتیکردنی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە هەر درێژکراوەی ئەو رێکەوتنە بێت کە لە دوای داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسدارانی و حیزب اللەی لوبنانی بۆ رادەستکردنەوەی هەموو کوردستان بەو هێزانە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان داوای دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی دەکرد و سەرۆکایەتی ئەو شاندەی دەکرد کە سەردانی بەغدایان کرد و داوایان لە عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کات دەکرد کە ئەگەر چەند مانگێکی دیکە موچەی فەرمانبەرانی کوردستان نەنێرێ ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوخێنن.

دواتریش هەر بە راسپاردە و پاڵپشتی ئەو کەسانەی سەرکردایەتی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریان دەکرد یەک دەنگی کوردستانی تێکدا و بووە سەرۆک کۆماری عێڕاق.

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە عەدنان زەرفی هەمان چارەنووسی محەمەد عەلاوی دەبێت و شکست دێنێ و گۆڕەپانەکە هەر بۆ عادل عەبدولمەهدی دەمێنێتەوە،بەوەش بەرهەم ساڵح ژمارەی شکستەکانی زیاتر دەکات و شانسی بوونەوەش بە سەرۆک کۆمار کەمتر. 


PM:06:41:17/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 1936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی