کورد بە رێگای بەغدا

‌ ئاسۆ حاجی


بەغدا هەرگیز و هەمیشە جگە لە دەردەسەری و نەهامەتی زیاتری بۆ کوردستانیان پێ نەبووە،مێژووی نزیکەی سەت ساڵی دەوڵەتی بەناو عێڕاق ئەوەی سەلماندووە،بەغدا لە سەت ساڵی رابردوو ناوەندی داگیرکاری و بەرهەمهێنانی بیری دژە کورد و هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەیە،بەغدا نە پایتەختی وەدیهێنانی خۆزگەکانی کوردستانیانە و نە رێگای گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانە،بەڵکو مەیدانێکە کورد نا بەڵکو داگیرکەر بۆ یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە هەڵیبژاردووە.

دیارترین بەرهەمی بەغدا لە رووی فکری و دەسەڵاتتدارتەوە سەدام حوسێنە کە نوێنەرایەتی راستەقینەی سەت ساڵی حوکمی عەقلیەتی زاڵی عەرەبی شۆڤینی دەکات لەو وڵاتە دروستکراوەدا،هەموو ئەوانەی حوکمی عێڕاقیان کردووە سەدامێک بوونە لە گۆڕ دۆخ و شیانی خۆیان بۆیەشە کەمتر لە دەساڵ لە دوای دروست کردنی دەوڵەتی بەناو عێڕاق پرۆسەی بەعەرەب کردنی کوردستان لە کەرکوک و گەرمەسێر و شنگال دەست پێدەکا و ئەمڕۆش بەهەمان ئامانج و نەفسیەت بەردەوامە ئەگەرچی زۆر ناو و نازناو لە ناوەندی بڕیاری بەغدا گۆڕان،ئەوەش سەلمێنەری یەک راستەقینەیە کە کێشەی کورد لەگەڵ عەقلیەیی زاڵی عەرەبی شۆڤینیە لە حوکمڕانی عێڕاقدا.

لەبەرامبەر ئەو عەقڵیەتە کورد و کوردستانیان بزاڤی رزگاریخوازیان دەست پێکرد و ئێستاش رێگایەکی دیکەیان نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا لە رێگای رزگار بوون لێیان،ئەو بزاڤەی چەندین جار لە مێژووی شەست ساڵی رابردوو چۆکی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا داهێناوە و بە مەجبوری ملیان بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستان داوە،ئەگەر ئەو ملدان و قبوڵکردنە کاتیش بووبێ و ئەوان وەک تاکتیک مامەڵەیان لەگەڵ کردبێ،تا خۆیان دەگرنەوە و هێز پەیدا دەکەنەوە ئینجا دووبارە بەرببنەوە گیانی کوردستانیان و دیسان گەڕانەوە بۆ هەمان رؽبازی جاران و درێژەدان بە عەقڵیەتی شۆڤینی و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی کورد،بەڵام ناتوانن راستەقینەیەک بزر بکەن و بیشارنەوە کە کوردستانیان هەر کاتێک یەکگرتوو و یەک هەڵوێست بووینە،ئەوە بەهێزبووینە و سەرکەوتوون،پێچەوانەکەشی راستە.

هەندێک بۆرە کورد لە بەغدا لە باوەشی داگیرکەران خۆیان گەرمۆڵە کردوە و لەسەر بەرژەوەندیە کەسیەکانیان ترەکینە،بووینە بڵندگۆی دوژمنان و بە هەموو هێزەوە هاوکاری داگیرکەرن کە هەمان وێنە و چوارچێوەی سەردەمی بەعس بۆ کوردستان و خەڵکەکەی دروست بکەنەوە کە نوێنەرایەیی کوردستانیان لە کۆمەڵێک جاش و کرێ گرتە کورت بکەنەوە و لە بەغدا سەردەمی تەها محیەدین مەعروف و تەها یاسین رەمەزان بژیێنەوە لە کوردستانیش سەردەمی تەنفیزی و تەشریعی.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٩  کاتێک دانووستانی نێوان شۆڕش و حکومەتی عێڕاقی دەستی پێکرد مەکتەبی سیاسی پارتی بە مستەفا بارزانیان گوت پێویستە شاندێکمان بچنە بەغدا و جەنابت دەستنیشانیان بکە ئەو کەسانە کێ بن،مەلا مستەفا گوتی هەر کێ دەبن با ببن تەنها ئەو کەسانە مەنێرن کە چاویان لەوەیە لە بەغدا پۆست وەرگرن،هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیان بەوەیە دەست بەو رێبازەوە بگرن و شوێن پێی مەزنێکی وەک مستەفا بارزانی بکەون تا بتوانن بەسەر دوژمن سەربکەون.

دوای سەت ساڵ لە ئەزموون لەگەڵ ئەو عەقڵیەتەی تەنها لەناوچوون بە شایەنی کورد دەبینێ،پێویستە کورد لەو راستەقینەوە تەماشای بەغدا بکا و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ ئەو عەقلیەتە بکات کە بەرهەمی سەت ساڵی بەزۆر و زۆردارەکی پێکەوە ژیانمان تەنها خوێن رشتن و ماڵوێرانی بووە بۆ خەڵکی کوردستان.
 
 


AM:10:38:27/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 4028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی