کابینەی تۆڵەکردنەوە لە کورد

‌ ئاسۆ حاجی

بزاڤەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق تەنها یەک ناونیشانی هەیە ئەویش"زیاتر چەسپاندنی حکومی زۆرینەی شیعە و بەهێزتر بوونی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی" ئەو ئامانجە زادەی چەند مانگێک نیە یان وەک پەرچە کردارێک بێت لە بەرامبەر کوشتنی جەنەرال قاسم سولەیمانی،بەڵکو دەرئەنجامی پلان و کارکردنێکی درێژخایەنە کە سەرەتای ئادگارەکانی لە ساڵی 2012 لە سەردەمی نوری مالیکی بە تەواوەتی وەدیارکەوتن،ئەوەش بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونێکمان دەگەڕێنێتەوە کە هەر کەسێک و بە هەرناو و پاشناوێک لە سەرۆکایەتی حکومەتی عێڕاق دابندرێ بۆ ئێران جیاوازی نیە،چونکە کەسیان ناتوانن لە بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران(شیعە)بچنە دەرەوە.

ئێران لە پێکهێنانی ئەو کابینەیە دەیەوێ دەرسێکی نوێ بە کورد و سوننە بدا،تۆڵەی بێهەلوێستیان لە بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی لێ بکاتەوە کە لە یەکریزی نیشتیمانی دەرچوون لەو رۆژەی لە دانیشتنی پەڕلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا ئامادەنەبوون،ئەو دەرسە ئەوەیە کە لەمەودوا هەڵوێستی شیعە درێژکراوەی هەڵوێستی ئەو رۆژە دەبێت کە بۆ هەر کار و بڕیارێک پێویست بکا ئەوە شیعە دەتوانێ بە زۆرینە یاسا و بڕیارەکان تێبپەڕێنێ و بۆ متمانەدانیش بە کابینەی عەلاوی ئەوە ئەگەرێکی کراوەیە.

تۆڵەکردنەوە لە سوننە و کورد بەشێکە لە کارنامەی ئێران لە رێگای حکومەتەکەی عەلاوی کە لە شاری قومی ئێرانی و بە رێکەوتنی سەدر و عامری و مالیکی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حەشدی شەعبی و حیزبوللای لوبنانی بڕیاری لەسەردراوە،تۆلەکردنەوە لە کورد ئادگار (ملامح)ەکانی وەدیار کەوتوون و یەکەمین قوربانی بەرهەم سالحی سەرۆک کۆماری عێراقە کە دوای هەڵوێست وەرگرتن بە رانەسپاردنی کەسێکی بژاری حەشدی شەعبی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ئەوە ئێران بە ناردنی شاندێک بۆ سلێمانی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بێبەش کرد کە دەتوانین بڵێین بۆ ئەو یەکلایی ببۆوە،ئەگەرێکی بەهێزیش هەیە کە لە سەرۆکایەتی کۆماریش لا بدرێ و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئێران لەلایەن سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بۆ ئەو شوێنە دیاری بکرێ کە شانسی ئاراس شێخ جەنگی و ئاڵا تالەبانی زۆرە،هەروەها ئێران هەوڵدەدا تۆڵە لە تێکڕای گەلی هەرێمی کوردستان بکاتەوە:

- بە سەرلەنوێ هەوڵدان بۆ لێکترازاندنی ناوماڵی کوردستانی و گرفت دروست کردن لە نێوان هەولێر و سلێمانی.

- بەشداری کورد لە کابینەی نوێ لە رێگای هێزە سیاسیە کاریگەرەکان نەبێت،بەڵکو کەسانێکی نزیک لە خۆیان لە بەشە پۆستی کورد دابندرێن،سەرەتاش بەوە دەست پێدەکەن کە یەکێتی و رەنگە گۆڕانیش رایبگەیەنن کە ئەوان لە بەشی خۆیان(وەک حیزب)خۆشدەبن و رێگا بۆ کەسانی سەربەخۆ و تەکنۆکرات خۆش دەکەن تا بەشداری حکومەت بکەن،بەو هەڵوێستەیان دەیانەوێ دەستی پارتی ببەستن تا دەستی بە بەرکەوتە شایستەکانی خۆی نەگات،کە ئێران ئامانجیەتی پارتی لاواز بکات.

- ئەگەر بڕینی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران زۆر بەهێزە و دوور نیە مەگەر هەڕەشەی ئەمریکا بە سەپاندنی ئابلوقەی دارایی و سزادانی حکومەتی عێڕاق بە لێدان لە توانا ئابووری و سەربازیەکەی ئێران وا لێبکات کە دەست بۆ ئەو کارتە نەبات،بە تایبەتیش کە ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە عێراق دەبەستێ بۆ دەسکەوتنی (دراوی قوڕس) لە دۆلار و یۆرۆ هەروەها عێڕاق گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی کالای ئێرانیە و بەشێکیش لە نەوتەکەی هەر لە رێگای عێراقەوە دەفرۆشێت.

لە بەرامبەر سوننە زیاتر سیاسەتی زەوی سوتاو و زیاتر لەبەریەکهەڵوەشانەوەی هێزە سیاسیەکانیان بەشێک دەبێت لە کارنامەی شیعە بە تایبەتیش کە لە رابردوو ئەو سیاسەتەیان بەرهەمدار بووە و ژمارەیەکی زۆری کەسایەتی و هێزی سیاسی سوننەیان لە بەرژەوەندی ئێران یەکلایی کردۆتەوە.

ئەوەی لە بەرامبەر ئەو بزاڤانە چاوەڕوان دەکرێ سیاسەتی ئەمریکایە کە بە چ شێوە و شێوازێک بزاڤ دەکات بۆ رێگریکردن لە زیاتر بەهێزبوونی ئێران و لاوازبوونی ئەمەریکا لە بەرامبەریدا.

دوای سەرهەلدانی خۆنیشاندانەکانی بەغدا و شارە شیعەنشینەکان بەشێک لە چاودێران و تەنانەت سەرکردە سیاسیەکانیش وای بۆ دەچوون کە رۆژی ئێران لە عێراق لە ئاوابوونە،بە کوشتنی قاسم سولەیمانی هەندەی دیکە ئەو بۆچوونەیان تەئکید دەکردەوە،بەڵام لە هەڵگەڕانەوەی سەدر لە خۆپیشاندەران و بزاڤەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەوە دەسەلمێنن کە ئێران لە جاران بەهێزتر ئامادەیی هەیە،بزاڤەکانی ئەمریکاش ئەوەمان پێدەڵێن کە ئیدارەی تڕەمپ لە کوشتنی سولەیمانی و زیاتر توندکردنی گوشاری ئابوری لە سەر ئێران ئامانج مانەوەی تڕەمپە لە پۆستی سەرۆکایەتی نەک گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران،ئەو لێکدانەوەیەش هاندەرێکی دیکە دەبێت بۆ ئێران کە مکوڕتر و توندتر کار لەسەر پاوان کردنی عێراق بکات،بە تایبەتیش کە دەبینێ لە سوریا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پاشەکشێدان و روسیا و رژێمی سوریا لە پێشڤەچووندان.

هەرێمی کوردستان کە دیسان بۆتەوە جێی سەرنج و بایەخی دونیا بە تایبەتی وڵاتانی زلهێز و کاریگەر تاکە شانس و کارتی بەهێزی یەک هەڵوێستی و یەک گوتاریە لە بەغدا کە ئەگەری دروست بوونی لاوازە و زیاتر هێزە کوردستانیەکان لە بەغدا خەریکە دەگەرێنەوە دۆخی سەردەمی مالیکی و عەبادی کە بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان ببنە کەرستەی جێبەجێکردنی کارنامەی شیعە و زیاتر بەهێزبوونیان لە سەرحیسابی زیاتر بێهێزبوونی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.


AM:10:50:18/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی