‌ئەردۆغانی دووەم
AM:10:37:12/11/2019
ئاسۆ حاجی

مێژووی ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەر دوو قۆناغ دابەش دەکرێ: قۆناغی یەکەم، ئەردۆغان وەک ئیسلامیەکی میانڕەو و خاوەن بیر و دیدەگا بۆ کاری سیاسی و هێنانەدی مۆدێلێکی نوێی کاری ئیسلامی سیاسی کە لە تەنیشت باوەڕە جێگیرەکانی ئیسلام (ثوابت) جێگە بۆ بنەما دیموکراتیەکان و بەهاکانی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ بکاتەوە و پێکەوە ژیان و گرتنەبەری رێگای ئاشتیانە بۆ چارەسەری پرسەکان بکاتە پڕەنسیپی حوکمڕانی خۆی،ئەردۆغان لەو قۆناغەدا سوودی زۆری بە تورکیا گەیاند لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.

قۆناغی دووەم، ئەردۆغان وەک تورکێکی رەگەزپەرست وەدیار دەکەوێ و هەوڵدەدات ئەوەی وەک سوڵتان بۆی نەچووە سەر وەک سەربازێک هەوڵی بۆبدا و شانازیەکی مێژووی بۆخۆی تۆمار بکات،لە دژایەتی کردنی پرسی کورد و هەوڵدان بۆ لەناوبردنی.

ئەردۆغان لە ساڵی 2017 دا هاندەر و پاڵپشت بوو بۆ زیاتر پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، ئەو کات ئەو هەبوونی پەیوەندی هەرێمی کوردستانی بە رۆژئاوای کوردستان و هاوکاریکردنی تا بە فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای کوردستان لە رێگای هەرێمی کوردستانەوە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا نەدەزانی، تەنانەت تورکیا لەو ساڵەدا بەوە رازی بوو کە هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە سەر سنوورەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان بڵاوەیان پێبکرێت و ئەو رێکەوتنە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئەمەریکا بوو بەڵام دواتر پەیەدە لە دژی وەستایەوە و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر یەک پێشمەرگەی رۆژئاوا(لەشکری رۆژ)پێ بنێتەوە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان ئەوە بە چەک رووبەڕوویان دەبنەوە ئەو هەڕەشەیە لە سەر زاری ئاڵدار خەلیل سەرکردە لە پەیەدە راگەیاندرا.

ئەردۆغان لە ژێر هەڕەشەی نەیارانی ناوخۆیی لە تورکیادا و تێکچوونەوەی باری ئابوری تورکیا و زۆر بوونی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دونیا بە تایبەتیش کە هەدەپە بە هەموو هێزەوە لە دژی ئەردۆغان بووە بەشێک لە ئەجێندای جەهەپە و پەکەکەش لە قەندیل هەڤاڵبەندیەکی لەگەڵ نۆ پارتی چەکداری کۆمۆنیست و چەپی تورکیا راگەیاند،ئەوانە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەرفراوان بوونی تەنگەژەی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و گروپی فەتحوللا گولەن کە هاوپەیمان و پشت و پەنای هەرە گەورەی ئەردۆغان بوون تا گەیشتە دەسەڵات هەروەها دوورکەوتنەوەی سەرکردە کاریگەرەکانی ئەکەپە لە ئەردۆغان هەموویان بوونە هۆکاری ئەوەی کە ئەردۆغان رێگایەکی دیکە بگرێتە بەر بۆ گرێنتی کردنی درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو کلتورە زال و باوی کە دەوڵەتی تورکیای لەسەر بنیاتنراوە.

ئەوەندە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کورد هەڵگەڕایەوە تا ئەو رادەیەی لە سەروبەندی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان ئەردۆغان تا رادەی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازی لە دژی باشوری کوردستان چووە سەنگەری بەغدا و تاران، بە هەموو شێوازێک دژایەتی هەرێمی کوردستان و خواست و ئیرادەی گەلەکەی کرد، تەنها ئەوەی لە بەغدا و تاران جیای کردەوە دەروازە سنووریەکانی دانەخست و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان نەگرت ئەوەش لەبەر دوو هۆکار بوو: - لە ترسی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و کاریگەری خراپی بۆ سەر ئابوری تورکیا بوو.

نەبوونی باوەڕی تەواوی بە ئێران و بەغدا کە ئەو بەڵێنانەی لە بەرامبەر دژایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پێیان داوە جێبەجێی دەکەن. ئەو دوو نموونە بە روونی مێژووی ئەردۆغان وەک سەرۆکێک و وەک ئیسلامیەکی میانڕە و دواتریش وەک تورکێکی رەگەزپەرست نیشان دەدات.

شکستی پاڵێوراوی ئەردۆغان (بیناڵی یەڵدرم) لە هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆل و لە دەستدانی گەورە شارەوانیەکانی زۆرینەی شارە گەورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان ئەردۆغانی لە پیاوی کردار جارێکی دیکە کردەوە پیاوی پەرچەکردار و سیاسیەکی بەرچاوتەنگ و کورتبین.

بەر لە مامەڵەکردنی ئەردۆغان بەو شێوەیە لەگەڵ پرسی رۆژئاوای کوردستان هەمان هەڵەی لە بەرامبەر باشوری کوردستان کرد و شانازیەکی مێژووی لە دەستە خۆی و سوودێکی زۆری ئابووری لە دەست تورکیا دا، کاتێک گەلی باشوری کوردستان بڕیاری ریفراندۆمی دا بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان، ئەردۆغان کەوتە خانەی پەرچەکردار و کەوتەوە ژێر کاریگەری گوتاری رەگەزپەرستی تورک لە سەرچاوەکەی بیری کەمالیزمیە.

چەند رۆژێک دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر کە ئەردۆغان پاڵپشتی لە سوپای داگیرکاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانی کرد لە داگیرکردنەوەی کەرکوک گوتارێکم بەناونیشانی (ئەردۆغان سوڵتانەتیەکەی چۆن دۆڕان) ئەو لایەنانەی کەسایەتی ئەردۆغانم تێدا باس کردووە:" ئەردۆغان لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەوەی سەڵماند کە سیاسیێکی عیناد و کورت بینە و ئەو کەسە نیە کە بتوانێ سەروەریەکانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە چونکە لەیەکەمین ڕوبەڕوبوونەوەی فیعلی لەگەڵ میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی لە کەرکوک شکستی هێنا و لە شەڕەکە دۆڕا"

هەر لەو گوتارە ئاماژەم بەوە کردووە کە ریفراندۆم چ دەرفەتێکی بە ئەردۆغان و تورکیا دەدا بۆ گەڕاندنەوەی شانازیر مێژوویە لە دەست چووەکانیان بەڵام بیری رەگەزپەرستی بەرچاوی تاریک کردبوون و نەیانتوانی بڕیارێکی دروست بدەن:"هاتنە پێشی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان زیاتر لە بژاردەیێکی خستە پێش ئەردۆغان وەک چۆن خستیە بەردەم ئەزمونێکی گەورە،بەڵام ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندیان لەهیچیان سەرکەوتوو نەبوو، ئەردۆغان سەلماندی کە زیاتر دەیەوێ ئەتاتۆرکێکی دیکە بێ نەک خەلیفەیەکی عوسمانی، بەوەی کە هەموو توانا و قسە و کرداری لە دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد کورت کردەوە و تەواو ئیڕادە و عەقڵی خۆی تەسلیمی نەتەوە پەرستەکانی تورک کرد و زیاتر وەک دەروێشێکی باخچەلی دەدوا و بڕیاری دەدا نەک وەک میراتگرێکی سوڵتان سولەیمان قانونی و محەمەد فاتیح و سوڵتان سەلیم".


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.