نێچیرڤان بارزانی چی بۆ پەکەکە پێشنیار کرد!

‌ ئاسۆ حاجی


بە دوورکەوتنەوە لە سۆز و هەستی کوردایەتی وێنەی راستەقینەی رۆژئاوای کوردستان و ئەو کارەساتەی بەسەری هاتووە دەتوانین باشتر ببینین،رێک وەک ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لە دیبەیتەکەی مێری کردی.

ئەوەی بەسەر رۆژئاوای کوردستان هاتووە چاوەڕوان کراو بوو و پێشتر بۆ چەندین جار سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل لەو مەترسیانە ئاگادار کراونەتەوە.

لە ساڵی 2011 نێچیرڤان بارزانی چەند جارێک نوێنەر و شاندی رەوانەی قەندیل کردووە بۆ دانیشتن لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە و ئاگادار کردنەوەیان لەو مەترسیانەی چاوەڕوانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەگەر پەکەکە واز لە سیاسەتی بە پەکەکە کردنی رۆژئاوای کوردستان و هەڵکردنی ئاڵای پەکەکە و بڵندکردنی وێنەی ئۆجەلان نەهێنن.

نێچیرڤان بارزانی ئەو پێشنیارەی بۆ پەکەکە کردبوو کە ئەوان دەتوانن رۆژئاوا بەڕێوەببەن ئەگەر وێنەیەکی دیکە نیشان تورکیا و دنیا بدەن چونکە تەنها تورکیا نیە کە ناتوانێ هەبوونی پەکەکە لەسەر سنوورەکانی قبوڵ بکا بەڵکو ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایش لەو خاڵە لەگەڵ تورکیا یەکدەگرنەوە،دواتر ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپیش ئەوەیان بە راشکاوی بە دەسەڵاتدارانی پەیەدە گوتبووە.

نێچیرڤان بارزانی بە سەرکردەکانی قەندیلی گوتبوو هەموو شتێک لە رۆژئاوا با لە ژێر کۆنتڗۆلی ئێوەبێت و ئێوە بڕیاردەربن لە گەورە و گچکە تەنها رێگە بدەن با خەڵکانی دیکە لە واجیهە بن و رێگە بدەن لەو رووەوە هاوکاریتان بکەین،بەڵام وەڵامەکەیان ئەوەبووە کە وڵاتانی زلهێز مامەڵە و رێکەوتن لەگەڵ هێز و ئەمری واقع دەکەن و لە کۆتاییدا ناچاردەبن پەیوەندیمان لەگەڵ دروست بکەن و تورکیاش ناچار دەبێ ئەو ئەمری واقیعە قبوڵ بکات.

لە سەرەتای شۆڕشی سوریا کە رۆژئاوای کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی کورد و چاوەڕوان دەکرا هەموو لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوا بەشداربن لەو بەڕێوەبردنە و پرسی دیموکراتی و کرانەوە بەسەر دەرەوەی خۆیان کاری لە پێشینەیان بێت،ئەو کات تورکیا دژی هەبوونی کورد نەبوو لە رۆژئاوای کوردستان خۆیان بەڕێوەببەن بە پێچەوانەوە پەیوەندی توندی لەگەڵ پەیەدە هەبوو تا ئەو ڕادەیەی لەو سەردەمدا پەیوەندیەکانی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکیان هەندێک کێشەی تێکەوتبوو پەیەدە پێشنیاریان بۆ پارتی کردبوو ئەگەر بخوازن ئەوان دەتوانن نێوەندگیریان لەگەڵ تورکیا بۆ بکەن.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 بەهۆی کارەکەم لە تۆڕی میدیایی رووداو زۆر و زوو زوو بەڕێز سالح موسلیم کە ئەوکات هاوسەرۆکی پەیەدە بوو دەدیت و قسەمان دەربارەی زۆر پرس و ئەگەر دەکرد،جارێکیان لە مانگی تەمووز بوو لە رێگای فڕۆکەخانەی هەولێر دەچووە ئەنقەڕە و گوتی لەگەڵ دەزگای میت و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەتی تورکیا دانیشتنم هەیە،دوو رۆژ دواتر لە هەولێر بینیمەوە و پرسیاری دەرئەنجامی سەردانەکەیم لێکرد بە گەشبینی و دڵخۆشیەوە گوتی کە شتی زۆر گەورە لە رێگایە و کەمتر لە یەک هەفتەی دیکە هەموو دەروازەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان دەکرێنەوە و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر دەبێت، بە پێکەنینەوە گوتی لەمەودوا دەبێ ئێمە واستەتان لای ئەردۆغان بۆ بکەین،سالح موسلیم رۆژی دواتر چووە بەلجیکا و هەفتە و دوو هەفتە تێپەڕین هیچ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەک لە نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا رووینەدا بۆیە لەگەڵ دکتۆر عیزەدین تەمۆی خوارزای سالح موسلیم تەلەفۆنمان بۆ کرد و پرسیارم لێی کرد بۆچی هیچ رووینەدا! وەڵامەکەی ئەو چەند وشەیە بوو:"بڕۆ لە هەڤاڵانی قەندیل بپرسە با ئەوان وەڵامت بدەنەوە".

زۆر کەس لە وەڵامی ئەوەی پەکەکە هۆکاری سەرەکی ئەو کارەساتەیە کە بەسەر رۆژئاوا هاتووە دەڵێن ئەگەر کوردانی رۆژئاوا وێنەی ئەتاتورک و ئاڵای تورکیایان هەڵکردبا تورکیا هەر هێرشی دەکردنە سەرێ،رەنگە ئەوە راست بێ و تورکیا دژی هەر شتێک و هەموو شتێک بێت کە لە بەرژەوەندی کوردە.

بەڵام ئەو راستیە هیچ ئەگەرێکی پێویست نیە کە پەکەکە بەهانەی زۆری دایە دەست تورکیا و هیچ بەهانەیەکیشی نەدایە دەست هاوپەیمان و دۆستەکانی لە ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بکەن.

لە سەرتای ساڵی 2019 کۆشکی سپی بە فەرمی بە ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆکی مەسەدە(مجلس سوریا الدیمقراگی) راگەیاندووە کە ئەگەر پەیوەندی تەواو لەگەڵ قەندیل نەپچڕێنن و لایەنەکانی دیکە لە بەڕێوەبردنی رۆژئاوا بەشداری پێ نەکەن ئەوە تورکیا لە سەر سنوورە و ئێمە ناتوانین رێگری لە هێرشکردنەکەی بکەین.

ئێستاش ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان تەنها ئەو رێگایەی لەبەردەمە کە دەتوانێ لێیەوە جارێکی دیکە بگەڕؽتەوە ناو هاوکێشە و هەژماری دۆستەکانی بێگومان ئەو رێگایەش بە هەولێر دا دەڕوا نەک قەندیل. 


PM:02:16:07/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی