نێچیرڤان و مەسرور بارزانی بۆ دەچنە تورکیا و قەتەڕ؟

‌ ئاسۆ حاجی


نێچیرڤان بارزانی و قەتەڕ:

هەواڵی چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ قەتەڕ و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی قەتەڕ لە پالپشتیکردنی تورکیا دوو بابەتی جیاوازن و پەیوەندیان بەیەکەوە نیە.
نێچیرڤان بارزانی لە قەتەڕ وەک دەیان سەرۆک وەزیری وڵاتانی دیکە بانگهێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئامادەکاری و داڕشتنی کارنامەی کۆنگرەی ساڵانی میونشن دەربارەی ئاسایشی جیهان.

ئەو بەشداریە پێگە و هێز و گرنگی هەرێمی کوردستان نیشان دەدا لە نێو تۆڕی جیهانی ئەو وڵاتانەی رؤڵیان هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی،کە لەو رووەوە هەرێمی کوردستان لە بەرەی پێشەوەی وڵاتانە لە شەڕی تیرۆر و لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە سەر خاکی کوردستان ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا،واتا نێچیرڤان بارزانی نوؽنەرایەتی ئەو هؽزە دەکا کە لە جیاتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان کردوە.

کار و بزاڤەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی رابردوو ئەوەی نیشانداوە کە بەردەوام پۆزەتیڤانە رەنگدانەوەیلە سەر رەوش و پرسی پارچەکانی دیکەی کوردستانی هەبووە،بە هەوڵی ئەو بوو زیاتر لە شەش ساڵ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان لە ئارادابوو و کورد توانی باشترین دەرفەتی لێوەرگرێت و بەو هۆیەوە باکوری کوردستان لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەستی کوردایەتی بوژایەوە و لە دەرئەنجامدا هەدەپە توانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2015 هەشتا و یەک کورسی پەڕلەمانی بباتەوە کە گەورەترین دەسکەوتی سیاسی کورد بووە لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
هەروەها بە هەوڵ و هاوکاری نێچیرڤان بارزانی رۆژئاوای کوردستان توانی بۆ ماوەیەکی زۆر نەوتەکەی بفرۆشێ و خۆی پێبگرێتەوە و گەشەبکات،لە رووی سیاسی و دبلۆماسیشەوە زۆر دەرگای ناوەندە جیهانیەکانی بۆ کردنەوە.

مەسرور بارزانی و تورکیا:

ئایا مەسرور بارزانی لەو بارودۆخە بۆ دەچێتە تورکیا؟
ئەوە پرسیاری کۆمەڵێک نووسەر و دەزگای میدیاییە کە هەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک لە سەر رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لابدەن لە پێشوازیکردنی لە هەزاران ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان و پێڕاگەیشتن بە دابین کردنی پێداویستیەکانیان،هەروەها گەیاندنی هاوکاری بە رۆژئاوای کوردستان و وەگەڕخستنی هەوڵە دبلۆماتیەکانی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئاڵۆزییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.
داوەتکردنی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا وەک دەیان داوەتنامەی دیکەیە کە لە وڵاتان پێیگەیشتووە لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان،دەبوایە بەشێک لەو سەردانانە ئەنجامدرابان بەڵام بەهۆی سەرقاڵی بە رێکخستنەوە و پێداچوونەوەی کاری دامەزراوەکان و باشترکردنی کارەکان دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەختی ئابوری و سیاسی کە بەهۆی سیاسەتی زاڵمانەی بەغدا بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتبوو هەروەها کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تا ئێستا ئەو سەردانە ئەنجامنەدراوە.

لەوە تێدەگەین میدیای تورکیا بۆچی لە پرێس کۆنفراسێک ئەو هەواڵە کۆنە گەرم دەکەنەوە و دەیکەنە پرسیار و روبەروی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای دەکەنەوە لەو کاتەدا،بەڵام دەزگا میدیایەکانی کوردستان و نووسەرەکان بەبێ تەئکیدکردنەوە و بەدواداچوون لە پێناو چی دەیکەنە کەرەستەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەوە جێگای پرسیارە.
لە کاتێکدا گەشتی دەرەوەو بە تایبەتی سەردانیکردنی تورکیا لە کارنامەی سەرۆک وەزیران دانیە و ئەگەر لە ئایندەشدا ئەو سەردانە بکرێ ئەوە سەرۆک وەزیران کاتەکەی دیاری دەکات،قازانچی چ کەس و لایەنێکی تێدایە کە ئازارەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ئەو کارەساتە گەورەی لەوێ روودەدا گچکەی بکەنەوە و بیکەنە کەرستەیەکی رک و تۆڵە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بێگومان ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێ بەشێکە لە رێکەوتنی نێوان زلهێزەکان و وڵاتانی ئیقلیمی کە مەبەست لێی لێدانە لە پرسی کورد و لەناوبردنی دەسکەوتەکانە،ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستانیش بە هەمان ئاراستە کاربکات و هانی زیاتر لێکترازانی هێزە کوردستانیەکان و پارچەکانی کوردستان بدا دەچێتە هەمان خانە و هەمان بەرە.


سەردانیەکان و پرسی رۆژئاوا:

لە سەرەتای سەرهەڵدانی بەناو شۆڕشی سوریا لە سالی 2011 و رادەستکردنی رۆژئاوای کوردستان بە پەیەدە تا ئێستا هەر شتێک هەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداری رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا بە فەرمی لەلایەن پەیەدەوە ناوی کراوەتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا گوتبێتی ئەوان پێچەوانەکەیان کردووە،لە سەرتا پێیان گوتراوە خۆبەستانەوە بە پەکەکە و قەندیل زیانتان پێدەگەینێ و دوارۆژتان تاریک دەکات،پێیان گوتراوە هەڵکردنی ئاڵای پەکەکە و بلندکردنی وێنەی ئۆجەلان و ناچارکردنی منداڵان لە قۆناغی سەرەتایی بە خوێندنی ئایدۆلۆژیای پەکەکە مەترسی لەناوچوونتان زیاتر دەکا و نزیک دەکات،گوێیان نەگرت و پێچەوانەکەیان کرد،دواتر دۆستانی ئەوروپی و ئەمریکی هەمان ئامۆژگاریان کردن بەڵام پێچەوانەکەیان هەڵبژارد،دواجار لە سەرتای ئەو ساڵە حکومەتی ئەمەریکی لە واشنتۆن بە راشکاوی بە ئیلهام ئەحمەدی گوت ئەگەر ئەو کارانە دەکەن ئەگەرنا چیتر ناتوانین تورکیا رابگرین.

زۆر کەس دەڵێن ئەگەر لە جێگای ئۆجەلان وێنەی ئەتاتۆرک بڵند کرابا تورکیا هەر هێرشی دەکرد، ئەوەیان تەنها لایەکی راستیەکەیە بەڵام لایەکەی دیکە پێچەوانەکەیەتی، تورکیا وەک خۆیان نایشارنەوە و وەک بەڕێز ئۆسمان بایدەمیر گوتی ئەگەر کوردستانێک لەسەر مەریخ هەبێت تورکیا هەوڵدەدا لەناوی ببا،بەڵام دەکرا ئەو هەموو بەهانەیە نەدرؽتە دەست تورکیا بەڵکو پێچەوانەکەی کرابا بە پێدانی بەهانە بە دۆستەکانمان تا بیانتوانیبا رێگە لە تورکیا بگرن.

ئەگەر پەیەدە رێزی لە رێکەوتنەکانی هەولێر و دهۆک گرتبا و لە جیاتی پڕکردنی زیندانەکانیان لە چاڵاکی سیاسی و مەدەنی و نووسەر و رۆشنبیر ئازادی و دیموکراتیان فەراهەم کردبا،ئەگەر دەسەڵاتیان پاوان نەکردبا و رکابەرەکانیان ناچاری بەجێهێشتنی رۆژئاوا نەکردبا روبەروی ئەو دۆخەی ئێستا نەدەبوونەوە کە پەکەکە رۆژئاوای کوردستانی کردە قوربانی سیاسەتە هەلەکانی خۆی لەباکور و پاشانیش بەتەنیای بەجێهێشتن بۆ میلیشیا توندئاژۆکانی سەر بە تورکیا و سوپای تورکیای داگیرکەر.

ئەگەر بە قسەی هەرێمی کوردستانیان کردبا سێ ساڵ پێش ئێستا سنوورەکانیان بە هێزێکی خۆماڵی کوردی (لەشکری رۆژ - پێشمەرگەی رۆژئاوا) دەپارێزراو و فەرماندەیی ئەو هێزەش هەر لە دەستی خۆیاندا دەبوو،ئێستا ناچار نەدەبوون پەنا بۆ سوپای عەرەبی سوری ببەن و داوایان لێبکەن بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و رادەستیان بکەنەوە.

ئێستاش کە رۆژئاوا روبەڕوی داگیرکاری و جینۆساید دەبؽتەوە،سەرکردایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە خۆی دەکاتە بەشێک لەو هەولانەی کە کار بۆ راگرتنی هێرشەکە دەکەن و بەهانای خوشک و برایانیان دەچن.

ئێستاش تاکە چارە و رێگا بۆ پاراستنی ئەوەی ماوە گەڕانەوەیە بۆ ئەو ئامۆژگاریانەی هەرێمی کوردستان بە گیانێکی کوردانە پێشکەشی کردوون و ئەو رێکەوتنانەی کە لە سەردەستی سەرۆک بارزانی هەموو لایەنەکانی رۆژئاوا واژوویان لەسەر کردبوو.


PM:04:37:29/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی