کابینەکەی مەسرور بارزانی و گرفتەکانی یەکێتی

‌ ئاسۆ حاجی


باسکردنی ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان چەند و چۆن دەسەڵاتی هەیە،پەیوەندی بە کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی و شەڕی باڵەکانی هەیە بە تایبەتیش وروژاندنی ئەو پرسە لەو دەمەدا کە یەکێتی بڕیارە کۆنگرە ببەستێ و تێیدا چارەنووسی یەکێتی و سەرکردایەتیەکەی یەکلایی بکەنەوە،تا لە سازدانی کۆنگرە نزیک ببینەوە کە چاوەڕوان دەکرێ بەر لە کۆتاییهاتنی ئەوساڵ ببەسرتێ ئەوە شەڕی باڵەکان و لە ناو باڵەکانیش شەڕی کارەکتەرەکان توندتر دەبێ تا رادەی شکاندنی ئێسکی یەکتر.

بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمایەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو جۆرێک مامەڵەی تایبەتی نێوان پارتی و یەکێتی پێویست بوو لە راگرتنی دڵی یەکدی و راگرتنی هاوسەنگی لە دەسەڵاتدا هەبوو،بەڵام قۆناغی ئێستا پیویستی بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی پەیوەندیەکان و شێوازی بەشداری و هاوبەشی لە حوکمڕانیدا دیاری بکرێتەوە،ئەوەشیان بۆ دوورکەوتنەوە لە یەکتری نا یان هەوڵدان بۆ قۆڵبادانی یەکدی و تۆڵەکردنەوە کە هۆکارەکەی عیناد سیاسی و بەرچاوتەنگی حیزبی بێت،بەڵکو بۆ راستەڕێ کردنی پڕۆسەی حوکمڕانی و قوڵکردنەوەی دیموکراسیەت بێت و لە هەمووشیان گرنگتر هەر کەسە و کاری خۆی بکات.

ئەو میدیا و کەسانەی کە پەیوەندی نێوان سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی بە ناجێگیر و گرژ وەسف دەکەن زیاتر سەر بە ئامۆزاکەی جێگری سەرۆک وەزیرانن و ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ قوڵتربوونەوەی شەڕی کۆنگرە و جێگرتنەوەی رەوانشاد مام جەلال لە نێوان کوڕەکانی و برازاکانیدا،هەروەها هەوڵدانی ئامۆزاکانی کاک قوبادیش نیشان دەدا لە موخاتەبە کردنی عاتیفەی یەکێتیەکان و هەوڵدان بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ئەو یادەوەریە مێژوویە ناشیرنان کە بەرهەمەکەیان شەڕی ناوخۆ و لێکترازاندنی ناو ماڵی کورد بووە،تەنها بۆ ئەوەی خۆیان وەک نەیاری سەرسەختی پارتی نیشان بدەن و ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەوانن جێگرەوەی راستەقینەی تاڵەبانی.

ئەو نووسەرانەی لەو بارەیەوە دەنووسن و ئەو دەزگایانەش کە نووسینەکان بڵاو دەکەنەوە لە ئێمە مانان باشتر دەزانن پۆستی سەرۆک وەزیران و پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران جیاوازیان هەیە ئەوەش بە یاسا ریکخراوە،هەردوو پۆستەکە تەواوکەری یەکترن و پێکەوە بوونیان لە بڕیاردان و حوکمڕانی پێویست و گرنگە؟ بە دڵنیایەوە وەڵامەکەی بەڵێیە بە تایبەتیش بۆ واقیعی هەرێمی ئێمە،بەڵام ئەوەیان هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە جێگری سەرۆک وەزیران دەتوانێ ئەو سەڵاتانە موماڕەسە بکات کە سەرۆک وەزیران دەیداتێ،ئەوەش نە کەمکردنەوەی لە کەسایەتی و پێگەکەی نە دژایەتی کردنیەتی بەڵکو کارێکی هەرە ئاسایی و یاساییە و پێویستە لەمەودوا لەگەڵی رابێین.

لە هەرێمی کوردستان نا بەڵکو لە ناوخۆی بەریتانیا چەند کەس ناوی جێگری سەرۆک وەزیران دەزانن،یان هەر وڵاتێکی دیکە،بۆ دەبێ لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ناوی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی بەیەکەوە بێ؟ یان دەسەڵات لە نێوانیاندا دابەش دوو بکرێ و هەرێمی کوردستانیش هەر بە دوو بەشی بمێنێتەوە!

باشە چەندین ساڵە هەموومان باسی دەردی کوشندەی دووئیدارەیی و لێکەوتە خراپەکانی ناکەین،باسی جیاوازی هەبوونی خزمەتگوزاری لە نێوان هەولێر و سڵێمانی و زۆنی کەسک و زەرد ناکەین، ئەگەر وایە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دابەشکاریە خراپە و ئەو ناعەدالەتیەی لە نێوان شارەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان هەیە دەبێ لە دژی بووەستینەوە،ئەوەش بە کردار دەکرێ نەک بە دروشم و لێدوان بۆ میدیا.


PM:12:15:06/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی