بارزانی و ماکڕۆن و رۆژهەڵاتی نوێ

‌ ئاسۆ حاجی


پڕۆژەی رۆهەڵاتی گەورە بەرهەمی کۆشکی سپی بوو و شکستی هێنا و رەنگە پڕۆژەی رۆژهەڵاتی نوێ کە لە ئەلیزێوە کاری لەسەر دەکرێ جێگای بگرێتەوە،ئەو پڕۆژەیە کار بۆ راستکردنەوەی هەڵە مێژوویەکان دەکا کە فەڕەنسا تێیاندا هاوبەش و خاوەن بریار بووە بە تایبەتیش لە دابەشکردنی خاک و خەڵکی کوردستان بە سەر چوار دەوڵەت بەبێ ئیرادە و ویستی خۆیان.

بانگهێشت کردنی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆشکی ئەلیزێ و کۆبوونەوەی لەگەڵ مانوێل ماکڕۆنی سەرۆک کۆماری فەڕەنسا پەیوەندی بەو پڕۆژەیە هەیە کە فەڕەنسا کاری لە سەر دەکات ئەویش دۆزینەوەی چارەسەریە بۆ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەر لە چوارچێوەی یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستانی گەورەش نەبێ لایەنی کەم پاراستنی مافی نەتەوەیی نیشتمانی گەلی کوردستان بێت لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەر دابەش کراوە.
نێجیرڤان بارزانی کە لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا زیاتر وەک کەسایەتیەکی جیهانی کاریگەر دەردەکەوێت لە هەمان کاتدا وەک کەسێکی میحوەری لە دۆزینەوەی رێگای چارەسەری بۆ ئەو گرفتانە رۆڵ دەبینێت.

لە ئەلیزێ سەرۆک ماکڕۆن لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆچوون و سەرنجیان گۆڕیەوە دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە لە نێوان پەیەدە و ئەنەکەسە چەقی بەستووە و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و ئەمەریکاش بەوە خۆشحاڵ نین،هەروەها ماکڕۆن جدیەتی نیەتی فەرەنسای لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند و بۆچوونی ئەوی دەربارەی ئەو پرسە بە گرنگ و پێویست زانی چونکە بارزانی لە ساڵانی رابردوو سەرکەوتو بوو لەوەی بۆیەکەمین جار لە مێژووی کۆماری تورکیا حکومەتی تورکیا و نوێنەرانی کورد لە سەر مێزی گفتوگۆ بەیەک بگەینێ و پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکات.

چۆنیەتی دەربازکردنی عێڕاق لە ژێر هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی و دوورخستنەوەی مەترسی کۆنتڕۆڵکردنی وڵات لەلایەن مەزهەبێک و پەراوێزخستنی ئەوانەی دیکە ئەو مەترسی و نیگەرانیانە بوون کە ماکڕۆن لەگەڵ بارزانی باسی لێوەکردوون و گوێی لە بۆچوونەکانی گرتووە لە پێناو چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە کە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گرێیەکە دەکرێتەوە و عێڕاق وەک وڵاتێک کە رێز لە دەستوورەکەی دەگرێ دەتوانێ بکەوێتەوە سەر پێی خۆی و ببێتەوە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ.

وێڕای ئەو پرسانە ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری شنگال و دەشتی نەینەوا جێگەی بایەخ و گرنگیدان سەرۆک ماکڕۆن و حکومەتی فەڕەنسا بوون کە هەموو جۆرە هاوکاریەکیان بۆ ئەو مەبەستە بە نێچیرڤان بارزانی راگەیاند و قسەیان دەربارەی دۆزینەوەی سیغەیەکی گونجاو کرد لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی هاوکار و بەشداربن لە ئاوەدان کردنەوەی ئەو دەڤەرانە هەروەها بەڕێوەبردن و پاراستنیان.

هەرێمی کوردستان کە خەریکە دەگەڕێتەوە پێگەی بەهێزی جارانی و وەک بەشێکی گرنگ لە چارەسەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ نەک وەک لایەنێکی گرفت دروست کەر،ئەوە بە هەموو لێکدانەوە و وردکردنەوەیەک قۆناغێکی نوێیە بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کە پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەی شەڕ و وێرانیە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە کە ناونیشانەکەی لێک تێگەیشتن و چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکانە کە بە ئیرادەیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دیاری کراوە هەر هێزێکیش لە دەرەوەی ئەو دەرفەتە نوێیە بزاڤ بکات رەنگە روبەڕوی چارەنووسێکی نەخوازراو ببنەوە.

هەرێمی کوردستان جەمسەرێکی ئەو هاوکێشە نوێیەیە و نێچیرڤان بارزانی چەقی بزاڤگەلێک دەبێ کە لەو هاوکێشە نوێیە وەبەردێن.


PM:02:17:11/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی