کەرکوک دەگەڕێتەوە یان ناگەڕێتەوە؟

‌ ئاسۆ حاجی

هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی ئیمزا و ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایێک بۆ دەرکردنی سەربازانی ئەمەریکا لە عێڕاق یان لایەنی کەم سنووردارکردنی ژمارەیان و جوولەیان،ژمارەیەک فراکسیۆنی شیعە خەریکی کۆکردنەوەی ئیمزان بۆ دەنگدان لە سەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پاشان لە ڕێی پڕۆژە یاسایەک کە رەنگە وای ناوبنێن (تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پاریزگاکان) دەسەڵاتی دانانی پارێزگار بۆ پارێزگاکان بدەنە دەست وەزیری ناوخۆ لە ئێستاوەش دیارە وەزارەتی ناوخۆ بۆ شیعەیە و لە ناو شیعەش شەڕە لە سەر ئەوەی کێ زیاتر پابەندی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئێرانە.

پڕۆژە یاسای یەکەم بە دڵنیایەوە بۆ دەرپەڕاندنی ئەمریکا لە پێناو یەکلایی کردنەوەی دەسەڵاتی رەهای شیعەیە بە سەر تەواوی جوگرافیای عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە،ئامانج لێی زیاتر پەرێشان کردنی سوننەی عەربە و هێشتنەوەی دەسەڵاتی شارەکانیانە بە دەست حەشدی شەعبیەوە.

پڕۆژە یاسای دووەمیش زیاتر شاری کەرکوک بە ئامانج وەرگیراوە بە تایبەتیش کە خەریکە پارتی و یەکێتی دەربارەی دانانەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەو شارە ڕێک دەکەون،هەروەها فشارێکی زۆر لە سەر حکومەتی عێڕاقی هەیە بۆ ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنەوە کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی کێشە لەسەر.

رەنگە ژمارەیەک پەڕلەمانتاری سوننە بەهۆی فاکتەری نەتەوەیی بچنە پاڵ ئەو هەوڵانەی شیعە،بە تایبەتی پەڕلەمانتارانی عەرەبی کەرکوک هەروەها رەنگە پەڕلەمانتارانی تورکمانیش ببنە بەشێک لەو پیلانە تەنها لە پێناو ڕێگری کردن لە دانانەوەی پارێزگارێکی کورد و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە.

پەرلەمانتارانی عەرەب کە خەریکی ئەو پیلانەن هەرگیز نزیک نابنەوە لە باسێکی وا بەڵکو بە ئاراستەی ئەوەی دەبەن کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وادەی یاسایی خۆی لای داوە و پێویستە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە،بێگومان ئەوەیان راستە بەڵام دۆزینەی چارەسەر بە هەڵوەشاندنەوەیان نادرێ هەروەها بە وەی کە دەسەڵات بدرێتە وەزیری ناوخۆ بۆ دانانی پارێزگارەکان،بەڵکو بە کارکردن بۆ دانانی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکرێ.

ئایا کورد دەتوانێ رێگری لەو پیلانە بکات ؟ ئەگەر کار بکەوێتە دەنگ دان و زۆرینە و کەمینە بێگومان کورد ناتوانێ ئەو پیلانە بوەستێنێ،ئەوە ئەگەر کورد هەموو یەک گرتوو و یەک هەڵوێست بن کە ئێستا وا نین، فراکسیۆنی نەوەی نوێ خۆیان لە بەرژەوەندی حەیدەر عەبادی و بەرەی ئیسلاح یەکلا کردۆتەوە، سەرۆک کۆماریش کە ئەرکی سەرەکی پارێزگاری کردنە لە دەستوورە بەگوێرەی گووتار و لێدوانەکانی زیاتر بەلای بەغدای دادەکێشێ هەتا کوردستان، لە کاتێکدا ئەو دەتوانێ رێگری لەو جۆرە پیلان و بڕیارانە بگرێ بە تایبەتی دەربارەی پرسی کەرکوک کە بەگوێرەی دەستووری عیراق رێوشوێنی تایبەتی بۆ داندراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکەی.


AM:09:28:10/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 1552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی