عێراقی دوای بەسڕا؟

‌ ئاسۆ حاجی

ڕووداوەکانی بەسڕە چاوەڕوان کراو بوون و ئێران یاریەکی زیرەکانەی کرد، بە سووتاندنی بارەگای میلیشیاکانی سەربەخۆی و کۆنسلخانەکەی دواین کارتی حەیدەر عەبادی سوووتاند بۆ بوونەوە بە سەرۆک وەزیران، هەروەها ئەمریکاشی خستە بەردەم شەڕ و ئەگەری کراوە کە لە هەر کاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە بکات هەمان کاری لە بەغدا بەرامبەر بکرێت کە ئەوەیان مانای هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیە.

ئێران بە دواخستنی دانیشتنی پەڕلەمان یەک ئامنجی هەبوو ئەویش کۆکردنەوەی هەموو ئەو لایەنانەیە کە پەروەردەی خۆینی و دژی ئەمریکان،ئێستاش خەریکە ئەو هەوڵەی سەردەگرێ بە لە یەک نزیک کردنەوەی سەدڕ و هادی ئەڵعامڕی، کە ئەوە مەبەستی ئێرانە،چوونکە بەو کارەی حکومەتێکی بەهێز دروست دەبێ کە دەتوانێ کۆنتڕۆلی سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بکات لە یەک کاتدا و بە گوێرەی بەرژەوەندی ئێران بە کاریان بێنێ.

ڕووداوەکانی بەسڕا هاندان بوون بۆ موقتەدا سەدڕ وەک خەمخۆری خەڵکی جارێکی دیکە خۆی نمایش بکاتەوە و بیکاتە بەهانە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست لە دژی عەبادی تا ڕادەی داواکردن بە دەست لە کارکێشانەوەی،هەروەها پێدانی دەرفەتێک بوو بە مەرجەعیەتی شیعە کە بەهێزەوە بێنە سەر خەت و دارێک لە روحی عەبادی و خەونەکانی ئەمریکا و سعودیا بدەن بەوەی ناوی عەبادی بخەنە ناو ئەو لیستی ئەو کەسانەی کە ناکرێ ببنەوە سەرۆک وەزیران،هەموو ئەو دیمەنانەیان وا نیشانی خەڵک دا کە گوایە ئەوانە لە خەمی خەڵک و عێڕاق ئەو بڕیارانە دەدەن بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بەرنامە و پلانێکی زیرەکانەی ئێرانە و ئەوانە تەنها جێبەجێکارێکی باشن.

بەو بڕیارەی سیستانی وهەڵوێستەی سەدڕ لە بەردەم ئەمریکا تەنها دوو ئەگەری لە بەردەم ماوەتەوە،یەکەمیان پەکخستنی پرۆسەی سیاسیە لە پێناو چوون بەرەوە ڕاگەیاندنی حکومەتی تەواری،دووەم خۆ ئامادەکردنە بۆ شەڕی ناوخۆ.

ئێران کە لە هەڵوێستی کورد دڵنایەیە کە لەگەڵ ئەو لایەنە دەڕۆن کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بکات بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی جێ ناکۆک هەروەها چەسپاندنەوەی ڕێژەی %17 لە بودجەی عێڕاق،واتا بۆ کورد دوو پرسی گرنگ لەگەڵ بەغدا هەیە،پرسی خاک و پرسی دارایی، ئەو دوو پرسەش بۆ ئێران زەحمەت نین تا فشار بخاتە سەر حکومەتی نوێ بۆ جێبەجێکردنی بەلایەنی کەم تا کورد دەچنە ئەو بەرەیە.

سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەیان بە ڕاشکاوی بە ئەمریکا گووتوە کە ئەوان داواکاریەکانیان لە سەر مێزێک دادەنێن و هەر لایەنێک داواکاریەکانیان هەڵگرێ ئەوان لەگەڵی دەڕۆن.


AM:11:43:10/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 1102 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی