عێڕاق لە بۆشایی عەقڵەوە

‌ ئاسۆ حاجی


بۆشایی یاسایی و دەستووری کە عێڕاق تێی کەوتووە زادەی هەمان ئەو بۆشاییەیە کە لە عەقڵیەتی زاڵی عەرەب هەیە و سەت ساڵە دەوڵەتی بەزۆر پێکەوە لێکندراوی عێڕاقی پێ بەڕێوەدەبەن.

ئەو دەسەڵاتەی کە زادەی ئەو عەقڵیەتەیە مەترسیەکەی لەوە سەرچاوە دەگرێ کە بە درێژکراوەی دەسەڵاتی پیرۆز دادەنێنن و بەناوی پیرۆزیە ئاینیەکان و پاراستنیان ئامادەنین دەستبەرداری بەشێک یان لایەنێکی ئەو دەسەڵاتەیان بن،بۆیەشە لە هەر هەوڵێک لەلایەن ئەوانەی دیکە کە دەیانەوێ ببنە بەشێک لەو دەسەڵاتە یان بەشێک بۆخۆیان ببەن بە توندترین و دڕندەترین شێوە ڕوبەڕویان دەبنەوە تا ڕادەی لەناوبردن و سڕینەوەیان.

مێژووی ساختەی عێڕاق وەک دەوڵەت و وەک کۆمەڵگا گەواهیدەری ئەوەن کە هەموو شتەکان،هەموو وشە و دەستەواژەکان زیاتر لە لێکدانەوە و پێناسەیان بۆ دەکرێ،لێکدانەوە و پێناسەی عەرەب وەک میللەتی سەردەستە زۆر جیاوازترە لە لێکدانەوە و پێناسەی کورد هەر لە ناوی عێراقەوە بگرە هەتا دەستوور و فەلسەفەی حوکمڕانی.
لای عەرەب عێڕاق بەشێکی خاکی عەرەبە و غەیرە عەرەبەکان بە کۆچەری هاتوونەتە سەر خاکی ئەوان و ئەگەر بیانەوێ لە ناو عێراقدا بمێنەوە دەبێ ئەوە قبوڵبکەن کە عەرەب خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو عێڕاقەیە و بە بەزەیی خۆیان و لە پێناو خودا ڕێگە دەدەن ئەوانەی دیکە لە ژێر سێبەریان بمێنەوە.

بەرهەمی سەت ساڵەی ژێر سێبەری عەرەب کوشتن و وێرانکردن بووە،هەموو ئەو میللەتانەی چارەنووسیان بە عەرەبەوە گرێدراوە نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە هەموو ئەو وڵاتانەی عەرەب حوکمیان دەکات هەمان چارەنووسیان هەبووە،لە مۆڕاکۆوە بگرە کە کەمینەیەکی عەرەب تێیدا فەرمانڕەوان تەنانەت ناوەکەشیان گۆڕیوە بۆ مەغریبی عەرەبی،ئەوجا ئەلگیریای ئەمازیغەکانیان کردۆتە جەزائیر تا بە لوبنان و فەلەستین و مسڕ دەگات تا دەگاتەوە سوریا و عێڕاق،لە هەموو ئەو وڵاتانە خاوەنە ڕەسەنەکانی خاکەکە لە مافەکانیان بێبەش کراون،ئەمازیغەکان کە گەلێکی ئاری میدینە و خاوەنی باکوری ئەفریقان عەرەب تەنانەت لە ناوی ڕەسەنی خۆیانی بێبەش کردوون،قیپتیەکان کە شارستانیەتی میسر(ئیگپت) موڵکی ئەوانە ئێستا لەلایەن عەرەب لە ژێر هەڕەشەی دەرکردن و پاکتاوی نەژادین،لە سوریا و عێراق و لوبنان کرستیانەکان بە هەموو نەتەوەکانیانەوە هەروەها کورد و تورکمان و دروز و ئیسماعیلی و بەهایی وێڕای ئەوەی ناسنامەیان پێڕەوا نابیندرێ ئەوە هەڕەشەی لەناوبردنیشیان لێ دەکرێ بەهۆی جیاوازی ئاینیان یان نەتەوەییان لەگەڵ عەرەب.

ئەو عەقڵیەتەی کە جەوهەرەکەی سڕینەوەی جیاوازیە لە جیاتی قبوڵکردنی،فەلسەفەکەی تۆڵەکردنەوەیە لە هەموو ئەوانەی هاوڕای ئەو نین نەک هەوڵدان بۆ فراوانکردنی پێکەوە ژیان،چۆن دەتوانێ دەوڵەتێک دروست بکا کە مرۆڤ تێیدا بەهایەکی هەبێ،لە عێڕاقدا زیاتر لە هەشتا ساڵە پەڕلەمان و پاشا و سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران هەیە کامەیان توانیوویانە کارێکی باش بکەن؟ کامەیان جورئەتی ئەوەی هەبووە یان عەقڵی ئەوەندە بڕی کردووە کە دەست لە سەر گرفتە بنەڕەتیەکان دابنێ و هەوڵی چارەسەریان بدا؟

لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقەوە لەلایەن ئینگلیزی و فەڕەنسیەکانەوە مەرجێک داندراوە کە ئەو دەوڵەتە بۆ عەرەب و کوردە، لە یەکەمین دەستوریش ئاماژەی پێکراوە لە دوای ڕوخانی پاشایەتی و لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم دیسان ئەوە نووسراویەوە کە کورد و عەرەب لەو وڵاتە شەریکن، لە دوو هەزار و پێنجیش ئەو شەڕاکەتە لە شێوەی سیستەمێکی فیدڕالی دیاریکرا،بەڵام هەموویان و بەدرێژایی زیاتر لە هەشتا ساڵ تەنها دەرئەنجامێکی هەبوو کە هەرکاتێک عەرەب دەستی خۆی دیت و بە‌هێز بوو ئەوە لە ڕوانگەی مەنتقی هێزەوە مامەڵەی لەگەڵ غەیرە عەرەب کردوە،هەر کاتێکیش بێهێز بوو ئوە باسی برایەتی و پێکەوە ژیانی کردووە،ڕێک وەک ئەو گووتە بەناوبانگەی لە وەسفی عەرەب دەگووترێ:" عەرەب دەستێکیان شمشێرە و دەستێکیان قورئانە،کاتێک بەهێز بن بە شمشێر سەرت پەل دەدەن،کە بێهێزیش بوون قورئانت دێنە رەجایێ".


PM:04:27:01/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 2123 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی