ئەردۆغان و پرسی کورد لە دوای هەڵبژاردن

‌ ئاسۆ حاجی

-    یەک تورکیا و دوو پرس:
پرسی کورد لە تورکیا و پرسی ئابوری دوو مەزنترین کۆسپن لە بەردەم زیاتر پێشڤەچوونی وڵاتی تورکیا لە سەر ئاستی ناوخۆ و لە سەر ئاستی دەرەوەش،چونکە هەردوو پرسەکە بەیەکەوە گرێدراون و بە چارەسەرکردنی پرسی سیاسی کورد ئەوە کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەهێزی لە سەر چارەسەر بوونی پرسی ئابوری تورکیا دەبێ،شەش ساڵی پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی و دواتر پرۆسەی ئاشتی ئەوەی سەلماند.

ئەردۆغان سیاسەتی هەلەی پەکەکەی لە باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان قۆستەوە بۆ خۆ بەهێزکردن،بە تایبەتی کە لە هەڵبژاردنەکانی 7/6/2015 لە ئەوپەڕی بێهێزی دابوو و هەدەپە لە ڕێگای سەرکردە ناوخۆیەکانی کورد لە باکور(سەلاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵانی)گەورەترین سەرکەوتنیان وەدەست هێنا بە بردنەوەی هەشتا و یەک کورسی پەڕلەمان،ئەردۆغان و سەرۆک وەزیرانەکەی ئەو کات داودئۆغلو سوپاسگوزاری هەدەپە بوون حکومەتیان لەگەڵ پێکبهێنێ بۆ ئەوەی بەرامبەر جەهەپە و مەهەپە نەشکێن،لە بەرامبەر ئەوەدا ئەرۆدغان و ئەکەپە ئامادە بوون مادەی یەکەمی دەستووری تورکیا کە باسی یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک وڵات دەکات هەمواربکەنەوە،بەڵام هەدەپە بە فەرمانی قەندیل ئەو دەرفەتەی لە دەست دا و لە جیاتی وەبەرهێنان لەو سەرکەوتنەی بکا پێچەوانەکەی هەڵبژارد و شەڕی بردەوە ناو شارەکانی باکور و ناو ماڵی کوردانی باکور ئەردۆغانیشیان ناچارکرد پەنا بۆ مەهەپە و ڕەگەزپەرستانی تورک ببا هەروەها لەگەڵ ئەڕگەنەکۆن ڕێکەوتنی نهێنی بکا و جارێکی دیکە سوپا بداتەوە دەست ئەو جەنەڕالانەی بە تۆمەتی ئەڕگەنەکۆنی دەستگیری کردبوون.
-    سەرکەوتنێکی نیوەچل:

ئێستا کە ئەردۆغان توانی لە گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی هەروەها خۆی لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سەرکەوتوو بوو،هەروەها لە وەدەرنانی پەکەکە لە باکوری کوردستان بۆ چیا سەختەکانی باشور هەروەها ئیفلیج کردنی پەکەکە لە ئۆپڕاسیۆنەکەی بۆ سەر قەندیل،بەر لەوەش لە داگیرکردنی عەفرین و منبج لە ڕووی سەربازیەوە سەرکەوتوو هەژماردەکرێ بەڵام لە بەرامبەردا ئابوری تورکیا لە خراپترین دۆخیدا گوزەردەکا کە مەترسی ئەوەی لێدەکرێ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بیکەنە کارتی هاندانی خەڵک و مانگرتنی سەرتاسەری گەورە ئەنجامبدرێن.

ئەردۆگان لە یەکەمین گەڕی سەرۆکایەتیدا پێویستی بە پێنج ساڵی پڕ لە دەسکەوت هەیە لە هەمووشیان گرنگتر بوژانەوەی ئابوری و هەستاندنەوەی بەهای لیرەی تورکیە کە بەبێ هێورکردنەوەی باری ناوخۆیی و پاشەکشەکردن لەو خەرجیە زەبەلاحەی کە لە بواری سەربازی و شەڕدا سەرفی دەکا،ئەوەشیان بەبێ هەنگاونان بۆ چارەسەری پرسی کورد وەدەست نایێ.

بۆ چوونەوە سەر ڕاستەڕێی ئاشتی و هەوڵدان بۆ بوژانەوەی ئابوری پێویستە ئەردۆغان لە باخچەلی و تورکە کەمالیستە ڕەگەزپەرستەکان دووربخرێتەوە و بگەڕێندرێتەوە دۆخی بەر لە حەفتی حوزەیرانی ساڵی 2015 کە ئەردۆغان ئامانجی گەورەی ئەوە بوو فکر و کلتوری کەمالیستی لە تورکیا بسڕێتەوە بۆ ئەوەی ئایدۆلۆژیایی ئاینی حیزبەکەی خۆی جێگای بگرێتەوە بەوەشیان تورکیا بە ئاراستەی وەدەستهێنانەوەی شانازیەکانی دەوڵەتی ئۆسمانی ببات،لەوەیاندا ئەردۆغان چاوی لەوە بوو کوردانی تورکیا هاوکاری بن چونکە خاڵی هاوبەشیان زۆرترە لە خاڵی ناکۆک و دیارترین و گرنگترین خاڵی هاوبەش مەزلومیەتی کورد و ئیسلامیەکان بوو بە دەستی فکری کەمالیستی،بەڵام پەکەکە کە ئەو کات لە ڕێگای هەدەپە بەهێز ببوو پێچەوانەی کرد و چووە پاڵ بەرەی چەپەکانی تورک کە تەنها چەپایەتیان لە تورکە ڕەگەزپەرستە ڕاستڕەوەکان جیایان دەکاتەوە، ئەردۆغان تا ئەو کارە نەکات لەلایەن لایەنگرانی نابێتە ئەو کەسەی کە ئۆمێدیان لەسەر هەڵچنی بوو،خۆشی نابێتە ئەو کەسەی کە خۆی وەک دروست کەرەوەی تورکیای نوێ دەناساند.

-    ئەردۆغان و بڕیار:
مێژووی تورکیا ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەردۆغان یەکەمین سیاسی تورک بووە لە کرد بێتە پێش و بە فەرمی باسی لە هەبوونی پرسی کورد کردبێ و هەوڵی چارەسەرکردنی دابێ،لە ساڵی دوو هەزار و هەشت و نۆ کە تازە ئەکەپە دەیویست دەست بۆ دۆسیەی پرسی کورد ببات ئەردۆغان بەدوای لایەنێک دەگەڕا وەک موخاتب بەڵام بەهۆی زاڵبوونی پەکەکە لە باکوری کوردستان و ترسی خەڵک لە هێزی پەکەکە نە ئەکادیمیەکانی کورد و نە حیزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەیانتوانی ببنە ئەو لایەنە کە نوێنەرایەتی داخوازیەکانی کورد بکەن و ببنە ئەو لایەنە کە دەوڵەت وەک موخاتب وەریانگرێ.

دواتر کە پڕۆسەی کرانەوەی دیموکراس دەستی پێکرد دەوڵەتی تورکیا بەهۆی باشبوونی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەهۆی نێوەندگیری بارزانی ئەردۆغان رازی بوو کە پەکەکە وعەبدوللا ئۆجەلان وەک موخاتب قبوڵبکا بەو بڕیارەشی پڕۆسەی ئاشتی دەستی پێکرد و هەنگاوی باش و گەورەی بڕی،ئەگەر قەندیل سەرپێچی بڕیار و ڕێنمایەکانی ئۆجەلانیان نەکردبا ئێستا هەموو شتەکان لە دۆخ و چوارچێوەیەکی دیکە دابوون،چونکە پڕۆسەکە گەیشتبووە قۆناغەکانی کۆتایی و ئۆجەلان داوای لە قەندیل کرد کە خۆیان بۆ قۆناغی چەک دانان و دەستکردن بە خەباتی مەدەنی و زیاتر گواستنەوەی ئینسیاتیڤی خەبات و بڕیاردان لە قەندیلەوە بۆ ئامەد،بەڵام ئەو داوایەی ئۆجەلان لەلایەن جەمیل بایک و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی پەکەکە بە نەخێر وەڵام درایەوە کاتێک بایک لە لێدوانێک بۆ میدیای حیزبەکەی گووتی:"کەسێک لە زیندان بێت ناتوانێ بڕیاری سەربەخۆ بدات و ناتوانێ داوای چەکدانانمان لێ بکات".

لە شەش ساڵێ پڕۆسەی ئاشتی زۆر جار بەرپرسانی ئەکەپە لە نێویاندا ئەردۆغانیش کاتێک لە پەکەکە بێ هیوا دەبوون ڕایاندەگەیاند کە ژمارەی پەڕلەمانتارە کوردەکانی ئەکەپە لە ژمارەی پەڕلەمانتارانی هەدەپە زیاترە بۆیە ئەوان دەکرێ ببنە لایەنی موخاتب بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسانی ئەکادیمی،بۆ ئەو کات ڕەنگە بیرۆکەکە لەگوین نەبووبێت بەڵام بۆ ئێستا بە بۆچوونی من بیرۆکەیەکی زۆر باش و بەجێیە بەتایبەتی کە پەکەکە لە ڕێگای هەدەپە چیتر نوێنەرایەتی گەلی کورد ناکات لە کاتێکدا سی و نۆ پەڕلەمانتاری تورک و چوار پەڕلەمانتاری دیکەی عەرەب و ئاسوری و ئەرمەنی هەیە لە کۆی شەست و حەفت پەڕلەمانتار لە بەرامبەردا پەڕلەمانتارانی کورد لەناو ئەکەپە ژمارەیان نزیکەی سەت دەبێ.

ئەردۆغان دەتوانێ بەڕەی پرسی کورد لە ژێر پێی جەهەپە و پەکەکەش دەربێنێ ئەگەر خۆی لێبکاتە خاوەن و بتوانێ لە مەهەپە و کاریگەریەکانی دووربکەوێتەوە کە بەو کارەی جگە لە قازانج کردنی دەنگی کورد ئەوە هیوای لە گۆڕنانی بیر و کلتوری کەمالیستی دەبوژێتەوە کە ئامانجی گەورەی ئەو بزاڤە بووە کە ئەرۆدغان بە بیر و باوەڕەکانی پەروەردە کراوە.

-    پەکەکە دەتوانێ چ بکا؟
گەڕانەوەی سەرکردەکانی قەندیل بۆ ژێر فەرمان و ڕێنمایەکانی عەبدوللا ئۆجەلان باشترین کار دەبێت کە بیکەن،وەک هەنگاوی یەکەمیش بۆ دوورخستنەوەی ئەردۆغان لە باخچەلی و بێمنەتکردن لێی دەکرێ بەڵێنی پاڵپشتی دەنگدان بۆ کابینەکەی پێبدەن تا بتوانێ دەنگی تەواو وەدەست بێنێ بەبێ ئەوەی لەگەڵی بچنە هاوپەیمانێتی یان ڕێکەوتن.

لەوانەش گرنگتر بەڵام ناکرێ وەپێش ئەو دوو هەنگاوی سەرەوە بکەوێ،پەکەکە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ و چاڵاکی چەکداری بدا،بە تەواوی بەو بڕیارەی پابەند بێ،ناوەندی بڕیاری رۆژئاوای کوردستان بگوازێتەوە قامشلو و بیداتە دەست کوردانی رۆژئاوا بەبێ ئەوەی حاکمی عەسکەریان بۆ تەعین بکا یان فەرماندە سەربازیەکانیان لە باکوریەکان بۆ دابنێ،هەروەها لە باکور ڕێگا بە سەرکردەکانی ناوخۆ بدا ئیدارەی خۆیان بکەن و بەگوێرەی بەرژەوەندی و خوێندنەوەی خۆیان بڕیار بدەن واتا لە پاشکۆیەتی قەندیل ببنەوە.

ئەگەر پەکەکە ئەو بڕیارانە بدا بە بەڕای من زۆر زەحمەتە بتوانێ چونکە ڕەنگە بڕیاردان لە سەر ئەو پرسە گرنگ و کاریگەرانە لە سەر سیاسەتی ناوچەکە بە تەنیا لە دەستی قەندیل دانەبێ.
لە ئەگەری بڕیاری پەکەکە لە بەردەوامی دان بەو بارودۆخەی ئێستا کە بۆتە هۆکاری تێکدانی ڕەوشی هەرچوارپارچەی کوردستان و لاوازکردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، پێویستە لە باکور سەرکردە ناوخۆیەکان بەپیر بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆیان بچن و ئەوان هەوڵی پچڕاندنی ئەو کەناڵەیان لەگەڵ قەندیل بدەن کە تێیدا تەنها فەرمانیان پێدەکرێ و ئەوانیش تەنها جێبەجێکارێک بن.

دروست بوونی بزاڤێکی مەدەنی لە باکوری کوردستان وەڵامدەرەوەی ئەو قۆناغەی دوای ئەو شکستە گەورەیە کە پەکەکە توشی کوردانی کرد،چونکە هەبوونی ئەو بزاڤە جگە لە هێورکردنەوەی دەروون و بیری کوردانی باکور دەرفەتی کار و گەشەکردنی ئابورییش دروست دەکات،وەک چۆن لە شەش ساڵێ پڕۆسەی ئاشتی بینیمان هەستی نەتەوایەتی و کوردبوون رۆژ بەرۆژ خورتر دەبوو،ئەوانەی باوباپیرانیشیان شەرمیان دەکرد یان دەترسان بڵێن کوردین بە شانازیەوە بەدوای ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەڕان و هەوڵیان دەدا زمانی کوردی فێرببن.


AM:09:56:27/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 1730 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی