سیاسەتی نوێی ئەمریکا..لە ژێر چیاکانی کوردستاندا

‌ ئاسۆ حاجی



    
دانانی بەردی بناغەی گەورەترین کۆنسلخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێری پایتەخی هەرێمی کوردستان لەو کات و دۆخ و قۆناغەدا مانا و ڕامانی هەمەلایەنەی هەیە،لە کاتێکدایە کە نزیکەی بیست رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمانی فیدڕالی عێڕاق،لە دۆخێکدایە کە ناوچەکە دەکوڵێ و خەریکە ئەو ڕێکەوتنانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان پێ دابەشکراوە بەسەر دەچن (ئێکسپایەر دەبن) کە دواین ڕێکەوتنیان تەنها پێنج ساڵ لە تەمەنیدا ماوە (ڕێکەوتنی لۆزان)کە مۆتەکەی سەر سنگی مێژووی سەت ساڵی ڕابردووی گەلی کوردستان بووە،کە لۆزانیش بەسەر چوو ئەوە ناوچەکە ئەگەری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی وەک هاوکێشەیەکی ماتماتیک دەبێ واتا هەر چۆنی کەم و کۆ بکەیەوە هەر ئەنجامەکەی گۆڕانکاری دەبێت،هەروەها لە قۆناغێکدایە کە ناو ماڵی کورد لە پەرتەوازیەکی بێ وێنەدایە بە تایبەتی ئەو هێزانەی کەوتونەتە بن کاریگەری گووتاری عێڕاقچیانەی هێزە شیعەکان کە جێبەجێکاری ئەجێندای ئیقلیمین،دووپاتکردنەوەی سیاسەتی ئەمریکایە بەوەی کە ئەوان پاڵپشتی هەرێمی کوردستانێکی بە‌هێز دەکەن لە چوارچێوەی عێڕاقێکی فیدڕالدا کە تێیدا هەموو مادە دەستوریەکان جێبەجێ بکرێ،ئەوەش دووبارە کردنەوەی هەمان ئەو پەیامەیە کە لە کاتێکدا هێزگەلێکی کوردی دەچوونە بەغدا کە هێشتا سەرگەرمی وەهمی سەرکەوتن بە سەر کورد بەری نەدابوو داوایان لێدەکردن کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکەن و موچە و شایستە دارایەکانیان بۆ نەنێرن تا ئەوان ئەو حکومەتە دەڕوخێنن و حکومەتێکی ئینقاز وەک چۆن ئەوان پێیان خۆش و پەسندە لە جێگایدا دروستی بکەن.

باڵیۆزی ئەمریکا لە گووتەکەیدا و لە بەردەم سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چەندی خاڵێکی هێنا زمان کە لە هەموویان گرنگتر دروست کردنی ئەو باڵەخانەیەی بەو شێوەیە وەک خۆی گووتی:"نوێنەرایەتی باشرینەکانی ئەمریکا دەکات لە ڕووی بیناسازی،تەلارسازی،ئەندازە،تەکنەلۆجیا،پاراستنی ژینگە،هونەری و بێگوومان دبلۆماسی" ئەو کارەی بە ئاماژەیەکی بەرجەستە بوو دانا لە پابەندی ئەمریکا بۆ پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هەرێمیکی کوردستانی بەهێز و گەشەسەندوو.

پەیامی ئەمریکا کە لە گووتەی باڵیۆزەکەی دۆگلاس سیلیمان هات جگە لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک خۆی گووتی شان بە شان وەستان لەگەڵی بۆ دروستکردنی ئایندەیەکی گەشاوەتر،پەیامێکی سیاسی و دڵنیایی گەورەشی تێدایە بۆ خەڵکی کوردستان کە لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی:"زۆر خۆشحاڵم کە لێرە ڕایدەگەیێنین بینایەی نوێی کۆنسلخانە کە سەر ئەم پارچە زەویە لە ژێر سێبەری چیاکاندا دروست دەکەین" ئەوەش وەک وەڵامێکە بۆ گەلی کوردستان کە لە دوای ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر بۆ ئەو باوەڕە گەڕانەوە کە "کورد جگە لە چیاکان دۆستی نیە" ئەو گوزارشتە لە پەیامی سەرۆکی هەرێمیش بەڕیز مەسعود بارزانی دووبارە کرایەوە، پەیامەکەی ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە بۆ گەلی کورد کە وەک چیاکان دۆستی ئێوەین و لەگەڵتان دەمێنینەوە.


PM:06:09:23/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 3456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی