دیسان ئەنفال دەکرێینەوە !

‌ ئاسۆ حاجی



  ئەنفال نە لە زهنیەتی ئەنجامدەرانی کۆتایی هاتووە، نە لەلایەن قوربانیەکانی. ئەنجامدەرانی هێشتا دووبارەکردنەوەی ئەنفال بە گونجاوترین چارەسەر دادەنێن بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسەنەتەوەیەکانی کورد و بوونی،قوربانیەکانیش هەر بەو گوومانەوە لە ناو چوارچیوەی بەزۆر داکووتراوی دەوڵەت و دەستەواژەی برایەتی لە جەلادەکانیان دەڕوانن ئەگەر ناو و جل و بەرگ و مەزهەبیشیان گۆڕابێت،قوربانیەکان باوەڕیان وایە چۆن جیاوازی لە نێوان جەمەدانیەکی ڕەش و جەمەدانیەکی سۆر نەکرا،چۆن گریانی بارزانیێک و گەرمیانیێک لە مانایەک زیاتریان نەبوو،بەهەمان شێوە ئەو سەگانەی لە نوگرە سەلمان لە چاوەڕوانی مردنی ئەو منداڵانە بوون کە لە برسان و لە باوشی دایکانیان دەمردن کە بەکەڵبەکانیان ئێسکیان دەشکاندن و گۆشتیان دەخواردن،هەمان حەزی ئەنفالچیەکانیان هەبوو جا ڕەنگیان سپی یان ڕەش بووبێ.

پڕۆسەی ئەنفال لەگەڵ دابەشکردنی وڵات و لێک دابڕاندنی میللەت دەست پێدەکات کاتێک زمان و کەلتور و ناسنامەی نەتەوەیی قەدەغەکران،جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی و بێ سەروشوێن کردنی بارزانیەکان و قۆناغەکانی دیکەی ئەنفالی گەرمیان تا بە بادینان دەگات تەنها درێژکردنەوەی پڕۆسەکە بوو کە لەگەڵ پاکتاوی ڕەگەزی خاکیش تەعریب دەکرا و گوندەکان خاپور دەکران و میللەتیان لە ئۆدوگا زۆرەملێیەکان کۆدەکردەوە بە ئامانجی ئامادەکردنیان بۆ قۆناغی کۆتایی لەناوبردن وەک ئەوەی نازیەکانی ئەلمانیا بەرامبەر بە جولەکەکان کردیان.

ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ دادگایی کردنی سەرانی پێشووی ڕژێمی ڕەفتاری فاشی عێراق کۆتایی نەهاتووە،چونکە ئەنفال و خواستی لەناوبردنی گەلی کوردستان ئەوەندە گرێدرایی کەسەکان نیە بەڵکو گرێدرایی عەقلیەتی زاڵی عەرەبیە کە لەو ناوچەیە خۆی پێ خاوەنە و غەیرە عەرەبیشی پێ داگیرکەر و لە باشترین حالەتیشدا پێی مێوانن،ئسولی ژیانیش وایە بۆ مێوان رۆژێک هەر دێ ماڵئاوایی بکات.

ئەوەی لە شنگال  لە سەر دەستی داعش ڕوویدا و ئەوەش لە خورماتو لە سەر دەستی حەشدی شەعبی ڕویدا هەمان عەقلیەت ڕابەرایەتی دەکردن،ئەو عەقلیەتەی کە پێی وایە کورد کوشتن بە دەستوری خودایە و لە پێناو خودایە،چونکە وەک چۆن هاواری جەلادەکان یەک بوو هەردووکیان بە ( اللە اکبر ) سەری قوربانیەکانیان لە لاشە جیادەکردەوە،بەهەمان شێوە هاواری قوربانیەکانیش یەک بوو کە هاواریان دەکرد (لە راهی خودا مەمانکوژن).ئەوەی ئێستاش زۆرینەی لیستەکانی بەغدا بە ئامانجیان گرتووە گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێڕاق لە تەوافوقی (سازان) نێوان هەر سێ پێکهاتەی سەرەکی کورد و شیعە و سوننە بگۆڕن بۆ زۆرینەی سیاسی کە تەنها مانایەکی هەیە ئەویش باڵادەست بوونی شیعەیە و حاکمیەتی حەشدی شەعبی لە بن سێبەری موقەدەسی مەرجەعیەتی نەجەف.

کورد ئیستا وەک هەموو کاتەکانی دیکە لە بەردەم مەترسی دووبارە بوونەوەی ئەنفالدایە لە سەر دەستی حکومەتی بەغدا وەک چۆن بە درێژایی میژووی دەوڵەتی بەزۆر پێکەوە لێکندراوی عێڕاق لە ژێر ئەو هەڕەشەیەدا بووە،ئەو مێژووە ئەوەمان پێدەڵێت کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێڕاقدا تەنها چاوڕوانیەکی هەیە کە جارێکی دیکە لە ژێر چ ئایەت و بە چ بەهانەیێکەوە جینۆساید بکرێتەوە.


PM:12:42:14/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی