لە عەفرین کێ دەدۆڕێ ؟

‌ ئاسۆ حاجی

لە شەڕی عەفرین کورد هێشتا رۆڵی شەڕکەرێکی ئازای تێنەپەڕاندووە و نەیتوانیوە ببیتە بەشێکی سەرەکی لە هاوکێشەکە بەڵکو تەنها توانای بزاڤی هەیە لە بازنەی بەرژەوەندی و کێبڕکێی نیوان هێزە ئیقلیمی و نیودەوڵەتیەکانە.

شەڕەکە چەند ڕەهەندێکی هەیە ڕەهەندە سەرەکیەکە شەڕی نفوزی ئەمەریکا و ڕوسیایە لە سەر زەوی و ڕەهەندێکی دیکەشی درێژکردنەوەی شەڕی رانەگەیەندراوی ئێران و تورکیایە کە لە ئیستادا روسیا هەردووکیان دەجولێنێ بە ئاراستەی نانەوەی کێشە و بەرتەسک کردنەوەی جێ پێی ئەمەریکا لە ئایندەی سوریادا.

ڕوسیا لە ڕێی زەمینەسازی بۆ سازش کردنێک لە نیوان حکومەتەکەی بەشاڕ ئەسەد و حکومەتی تورکیا بە ڕادەست کردنی عەفرین بە میلیشیاکانی سوری سەر بە تورکیا کە ناوی (سوپای ئازاد)یان لەخۆناوە لە بەرامبەریشدا تورکیا دەڤەرێکی گەورە و ستراتیژی لە ئەدلب کە دەکوێتە نیوان حەلەب و ئەدلب و فڕۆکەخانەیەکی سەربازی گەورەی تێدایە کە ناوی (ئەلزهوڕە)،ویستی تورکیا ئەمریکا لە مەبیج بخاتە سەر هێلی ڕوبەڕوبوونەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەر لە رووداوەکانی عەفرین روسیا شاندێکی (پەیەدە) بانگهێشتی مۆسکۆ کردبوو و بە ڕوون و ئاشکرایی پێی راگەیاند بوون کە پێویستە عەفرین چۆلبکەن تا ڕادەستی هێزەکانی سەر بە تورکیای بکەن.

ڕازی نەبوونی پەیەدە بەو داوایەی ڕوسیا بە دڵنیایەوە ئەمریکای لە پشتە چونکە ئەمەریکا تاکە هێزی هاوپەیمانی لە سوریا هێزەکانی سوریا دیموکراتە کە کورد زۆرینەی پێک دەهێنن،بۆیە ناکرێ و ڕێی تێناچێ مل بۆ داوای تورکیا بدا لە بەردانی پشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات و ڕادەست کردنی عەفرین و دەڤەری مەنبیج بە سوپای تورکیا یان میلیشیا سوریەکانی سەر بە تورکیا.

ئێران کە هەمان مەترسی لەگەڵ ئەمەریکا کۆی دەکاتەوە لە فراوان بوونی جێی نفوزی تورکیا لە سوریا ئەوە بەهەموو هێزێکەوە هاوکاری یەپەگە دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە هەموو ئەو یارمەتیە سەربازی و لۆجستیانەی ئەمریکا لە ڕێگای هێزەکانی سوریای دیموکرات بە یەپەگەی دەدات ئێران بە تڕومبێلەکانی خۆی و بە شوفێر و پاسەوانیکردنی پاسدارانی خۆی دەیانگەینێتە عەفرین.

ڕاکێشانی تورکیا بۆناو ئەو شەڕە بەرنامەیەکی زیرەکانەی ڕوسیایە بە ئامانجی بێهێزکردنی هەموو لایەنەکانی شەڕ بە کورد و ئۆپۆزسیۆنی سوری لە سەر حیسابی کوژرانی سەربازی تورک و زەڕبەلێدان لە ئابووری تورکیا هێزەکانی بەشاڕ ئەسەد کە ئێستا حەساوەترین هێزی شەڕکەرن لە سوریا ئەو ناوچانەی بە سوپاسەوە ڕادەست بکرێنەوە وەک ئەوەی بینیمان لە رۆژی شەشەمی شەر پەیەدە داوای لە سوپای سوریا کرد بگەڕێتەوە سەر سنوورەکان.

 لەوە دەچێ بەشار بە تەنها سنوور ڕازی نەبێت و دەیەوێ شارەکانیشی رادەست بکرێتەوە تا ئێستاش هەموو ڕووداوەکان بە ئاراستەی وەدیهاتنی ئامانجەکەی بەشاڕ دەڕوا بە تایبەتیش کە ئێران ڕۆڵی یەکلایی کردنەوەی ئەو هاوکێشەی هەیە و ڕوسیاش پیرۆزبایی لێدەکات چونکە گێڕانەوەی جوگرافیایەکی گەورە بۆ حکومەتی بەشاڕ و پاشەکشێ کردن بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و دۆڕانی تورکیا لە شەڕەکەدا ئامانجێکە ئێران و ڕوسیا وەک ستراتیژ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

رۆژئاوای کوردستان کە زیاتر لە حەفت ساڵە تاكڕەوانە پەیەدە بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریا و بە پاڵپشتی ئێران بەڕێوەی دەبا لەلای ئەمریکا جگە لە هێزە شەڕکەرەکەی کە ناوەکەی لە یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات گۆڕی و هەوڵدەدا لە پەکەکە دووریان بخاتەوە بۆ ئەوەی بەهانەی تورکیا نەهێڵێ و خۆشی دەست کراوانەتر هاوکاریان بکات تا ئێستا لەو پلانەی سەرکەوتوو نەبووە چونکە هێشتا سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل لە بن هەژموونی ئێران کارنامەی خۆی دادەڕێژێ و پەیەدەش کە لەلایەن کادیرانی قەندیل کە زۆرینەیان خەڵکی باکوری کوردستانن کۆنتڕۆل کراوە ناتوانێ لە بن سێبەری ئایدۆلۆژیای ئاپۆ و بڕیارەکانی قەندیل بێتە دەرێ ئەوەش ڕەنگە وا بکات بە ڕێکەوتنێک ئەمریکا ڕادەستی تورکیایان بکات چونکە بۆ ئەمریکا لەگەڵ هەموو ئاڵۆزی و ئەو گرفتانەی لەگەڵ تورکیای ئەردۆغانی هەیە باشترە لە ئێران و ڕوسیا.

کورد لە رۆژئاوا دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساوە لە هەبوونی پاڵپشتی و سۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەروەها هەبوونی هاوسۆزی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی ئەمریکا بەڵام چۆن دەتوانن وەبەرهێنانیان لە سەر بکەن و لەو شەڕە سەرکەوتوو بن دەبی دوو خاڵ لە بەرچاو بگرن، دوور نەکەوتنەوە لە ئەجێندای ئەمەریکی هەروەها ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی خۆیان بە دوور کەوتنەوە لە کاریگەری پەکەکە لەلایێک و هەرێمی کوردستانیش لەلایەکی دیکە لە سەریان و هەڵبژاردنی گووتارێکی نوێی سیاسی کە کوردانی ڕۆژئاوا بەهەموو پێکهاتەکانیانەوە خاوەنداریەتی لێ بکەن.
 


PM:06:24:16/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 1576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی